دەم پارتی لە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵێک، سەبارەت بە هەوڵی تیرۆرکردنی سری سورەیا ئۆندەر ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، هەوڵی تیرۆرکردن لە دژی ئەندامی شاندی ئیمرالی و جێگری سەرۆکی پەرلەمان، سری سورەیا ئۆندەر دراوە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان- دەم پارتی، لە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵێک سەبارەت بە “هەوڵەکان بۆ تیرۆرکردنی سری سورەیا ئۆندەر” ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد، لە هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندندا هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە و تیاییدا ئاماژەیان بەوە کردووە، کە هەوڵی تیرۆرکردنی ئەندامی شاندی ئیمرالی و جێگری سەرۆکی پەرلەمان، سری سورەیا ئۆندەر دراوە، بۆیە بە پێویستمان زانی ڕاگەیاندراویک بڵاوبکەینەوە.
دەشڵێن، ڕۆژی ٢ـی نیسان، شۆفێری ئۆتۆمبێلکەی سری سورەیا لەکاتی شۆفێریدا، گومانی لە دەنگی تایەی ئۆتۆمبێلەکە کردووە و بۆیە ئۆتۆمبیلەکەی بردووە بۆ پشکنین، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا، لە پشت تایەی چەپی ئۆتۆمبێلەکەوە ئاسنێکی تیژ دۆزراوەتەوە، کە دەکرا تایەی ئۆتۆمبێلەکە بتەقێنێت.
باس لەوەشكراوە، ئۆندەر ڕووداوەکەی بە دەستەی بەڕێوەبەری دەم پارتی ڕاگەیاندووە و بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنی پێویست ئەنجامدرا.
ئەوەش خراوەتەڕوو: ڕووداوەکە و بەڵگەی پەیوەندیدار بە لایەنە فەرمییەکان گەیەندراوە، هەم پارتەکامان و هەمیش بەڕێز ئۆندەر لە نزیکەوە بەدواداچوومان بۆ بابەتەکە کردووە، بەهۆی هەستیاریی لێکۆڵینەوەکە ڕووداوەکە بۆ ڕای گشتی ڕانەگەیەندراوە، سەبارەت بە لێکۆڵینەوە و لیپرسینەوەکان هێشتا هیچ ئەنجامێکمان پێنەگەیشتووە.
قەندیل پرێس