سەڵاحەدین دەمیرتاش لەبارەى دەستپێشخەرییەکەى عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ ئاشتی پەیامێکى بڵاوکردوەتەوە و رایگەیاندووە، هەموو هەوڵێک دەدات بۆ دەستەبەرکردنى سەرکەوتنى دەستپێشخەریی عەبدولا ئۆجەلان و دەوڵەت باخچەلى و رەجەب تەیب ئەردۆغان، کە دەستپێشخەرییان بۆ ئاشتی کردووە.
دەمیرتاش دەڵێت، ئەو سێ سەرکردەیە هەرکەسە و بەهێزترینى ناو پارت و ئەو گرووپانەن، کە نوێنەرایەتییان دەکەن و ئەمەش کاریگەریی لەسەر دەستپێشخەرییەکە دەبێت.
سەڵاحەدین دەمیرتاش جەختدەکاتەوە ئاشتییەکى بەردەوام تەنها لە رێگەى پرۆسەیەکەوە دەبێت، کە زۆرینەى کۆمەڵگە متمانەى پێى هەبێت و پشتگیریی بکات، ئەوەشى دەبێتە لەمپەر لەبەردەم پرۆسەکە ئەو گرووپە بەرژەوەندیخوازانەى ناوخۆ و دەرەوەن، کە بەرژەوەندییان لە درێژەدان بەشەڕ هەبووە، بۆیە زاڵبوون بەسەر سەختییەکاندا ئاسان نییە و لەگەڵ ئەوەشدا مەحاڵ نییە.
سەڵاحەدین دەمیرتاش جەختدەکاتەوە، کە لە پەرلەمانەوە زەمینەى سیاسی و یاسایی بۆ پرۆسەى ئاشتى فەراهەم بکرێت و دەشڵێت، ئەوانەى نیگەرانن ئەوانەن، کە بەپشتبەستن بە پەکەکە، یان سەربازى دەوڵەت سیاسەت دەکەن.
دەمیرتاش ئەوەش دەڵێت، ئەگەر دەپرسیت من کوردم و چۆن مافەکانم بەدەست بهێنم دەبێت متمانەت بەخۆت بە زانستت بەو رێکخراوە سیاسییە هەبێت، کە کارى تێدا دەکەیت، رێگاى خەباتى سیاسیی رێگاى تەسلیم بوون و شکست نییە.
بە تورکەکانیش دەڵێت، ئەگەر وەک تورکێک دەترسیت و پێتوایە سازش بۆ تیرۆرکراوە ئەوە دەبێت متمانەت بەخۆت و پاشان بەو برایەتییە هەبێت، کە هەزار ساڵە لەنێوان کورد و تورک هەیە.
سەڵاحەدین دەمیرتاش لەپەیامەکەیدا هێما بۆئەوەدەکات، پرۆسەى ئاشتی کارى جدیی و کۆشش و پلانى پێویستە و جەختدەکاتەوە، کە وەک بەشێک لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست تاوەکو ئێستا دەستەکان لەسەر تفەنگەکانن و بەردەوام خوێن دەڕژێت، بۆیە دەڵێت، مردن جدییە بەڵام لەمردن جدیتر ژیانە.
دەمیرتاش روو لە کورد و تورک دەکات و پێیان دەڵێت، لە ئاشتی مەترسن پشتیوانیی بکەن، دەبێت تفەنگ بێدەنگ بکرێت و سیاسەت قسەبکات، دەبێت ئەو ملیارەها دۆلارەى بۆ جەنگ خەرجدەکرێت بخرێتە خزمەتى خەڵکەوە.
دەمیرتاش پشتیوانیی تەواوى خۆى بۆ هەرسێ سەرکردەکەى ناو پرۆسەى ئاشتیی و سەرکەوتنى پرۆسەکە دووپاتدەکاتەوە، بەگەلانى تورکیاش دەڵێت: ئەمڕۆ هەڵبژاردنى پارتە سیاسییەکان نییە، بەڵکو هەڵبژاردنى ئاشتییە.
هەروەها دەشڵێت، نامەوێت نەبرا سەربازەکەم لە گابار و نەبراکەى خۆم لە قەندیل بمرێت، سەرەتا هەردوو ئەمانە یەکتر لەباوەش بگرن و خەباتیش بۆ سیاسییەکان جێبهێڵن.
قەندیل پرێس