بەیاننامەی پارتی ئازادیی کوردستان سەبارەت بە قەیرانخوڵقێنیی پژاک
دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ڕێوڕەسمی سێهەمین ساڵوەگەڕی درۆن و هاژەکبارانی بنکە و بارەگاکانی سپای میللیی کوردستان و چەند بۆنەیەکی دیکە کە میدیاکانی ئێران بە «دەمەلاسکە و بەهێند نەگرتنی ڕێککەوتننامەی ئەمنییەتیی نێوان ئێران و عێراقیان»وەسپ کردووە؛ داوودەزگا ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی، چەخماخەی پەلامارێکی سیستەماتیکیان دژی پارتی ئازادیی کوردستان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێدا.
لەگەڵ دەستپێکی ئەو پەلامارانە، ڕێکخراوی پژاک بەبێ دواکەوتن خۆی تێهاویشت و بووە بەشدار و هاودەنگیان و ماوەی پێنج حەوتوویە هەموو توانای میدیایی خۆی بە دژی پارتی ئازادیی کوردستان تەرخان کردووە. خۆراک و ماتریاڵی پژاک دژی پارتی ئازادیی کوردستان، هەر هەمان درۆ و دەلەسە و سیناریۆکانی ماڵپەڕ و میدیاکانی کۆماری ئیسلامیی و داوودەزگا ئەمنییەتییەکانیین.
راستیی سیستەماتیک بوون و ئۆرگانیزە کران و ئامانجداربوونی ئەو پەلامارانە، کاتێ گومان و دوودڵیی نەهێشتەوە کە هەر لەو کاتەدا فایلیکی دەنگیی هاوسەرۆکی پژاک، خرایە ناو پلاتفۆرمەکانی سۆسیالمیدیا و بڵاو دەکرایەوە.
ناوەرۆکی ئەو فایلە دەنگییە ڕاست لەسەر هەمان ریتم و لۆژیک و تەواوکەری ئەو پەلامارەیە کە دژی پارتی ئازادیی کوردستان لە گۆڕێدایە. ئەو فایلە دەنگییە، پەلاماردانی مێژوو، تێکۆشان و ڕێبەرانی شەهید و زیندووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران و کۆمەڵە و هێندێک لە هێما و بەها گشتییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بگرە هەموو کوردە.کەرەستەکانی ئەو بە ناو«پەروەردە»یەش قسە و قسەڵۆکی نزم، چەواشەکاریی، درۆ و شێواندنی ڕاستییەکان و وتنەوەی تۆمەتە هەڵبەستراوە ناسراوەکانی کۆماری ئیسلامیین.
هاوکات لەگەڵ هێرشەکانی سەر پارتی ئازادیی کوردستان و فایلە دەنگییەکە، ئاشکرابوونی نامەیەکی پژاک بۆ لایەن و کەسایەتییە ئێرانییەکان، تێگەیشتن لە رەفتارەکانی ئەو ڕێکخراوەیەی ساناترکردووە. بەو نامەیە دەرکەوت کە پژاک داری هەڕاجی ماف و ویستەکانی خەڵکی کوردستانی بۆ لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن هەڵبڕیوە و ئاڵای دەروەستیی و پاراستنی دەوڵەت-نەتەوەی ئێرانی بۆ هەڵکردوون. لە کاتێکدا یەکێ لەو خاڵانەی لە ناوەندی دیالۆگ گفتوگۆی لەسەر دەکرا، داڕشتنی سیاسەتی هاوبەش لە حاست لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیی بوو. دیمانەکەی هاوسەرۆکی پژاک لە گەڵ تەلەڤزیۆنەکەیان و هێرشکردنە سەر دەوڵەتخوازیی کورد و خەباتگیڕانی ئەو رێبازە لە ژێر ناوی «نەتەوەپەرستیی» دا، تەواوکەری ئەو هێرشە سیستەماتیکانە بوون.
بۆیە بە لێکدانەوەی کۆی ئەو چوار حاڵەتە، واتە هاودەنگیی و ڕێکخستنی پەلامار بۆسەر پارتی ئازادیی کوردستان، بڵاوکردنەوەی فایلە دەنگییەکە، ناردنی نامە بۆ لایەنە ئێرانییەکان و دیمانەکەی هاوسەرۆک، ڕاست لە کاتی دیالۆگ لەگەڵ پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بێجگە لە قەڵسەگێڕان، پلانی خۆسەپێنیی، تێکدانی دیالۆگی لایەنە سیاسییەکان بۆ هاوپەیمانیی و زیان گەیاندن بە متمانەی گشتیی خەڵکی کوردستان و ئاوکردنە ئاشی تارانەوە، لێکدانەوەیەکی دیکە هەڵناگرێ.
لە کاتێکدا چاوەڕوانییەکان و مافی حیزب و لایەنە بەرپەلامار کەوتووەکانی پژاک، ئەوە بوو کە ئەو ڕێکخراوە بەرپرسیارانە ئەو هێرشانە رابگرێت و داوای لێبوردن بکات؛ کەچی “عوزری قەباحەتتر لە گوناح”ی هێنایەوە و لە لێدوانەکەیدا، دەمارەکانی هەمان چەواشەکارییەکانی«پەروەردە»کەیانی تێدابوو. لێدوانی پژاک لە حاڵێکدا بە هێندێک دەستەواژەی وەک: «ئامانجی تێکدەرانە و ئاڵۆزینانەوە»و«کۆدەنگی و یەکڕیزیی و یەکگرتوویی و هاوهەڵوێستی و یەکێتیی نەتەوەیی» ڕازاوەتەوە؛کەچی ناوەرۆکی لێدوانەکە و تەفسیر و لێکدانەوەکانی لیدێرە ناسراوەکانی سۆشیالمیدیایان، تێکدەرانە و ئاڵۆزیی خوڵقێنن و هیچ نیشانەیەک لە هەڵوێست و هەڵسوکەوتی یەکڕیزیی و یەکێتیی و کۆدەنگیی خوازییان تێدا بەدی ناکرێت.
وەنەبێ پارتە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاگایان لە هۆکار و چۆنییەتی و ئامانجەکانی دامەزران و ناسەربەخۆیی سیاسیی و ڕێکخراوەیی پژاک وەک لقێک لە قەوارەیەکی دیکە و ڕەفتارەکانی ٢٠ ساڵی پێشووی نەبووبێت. بەڵام لە پێناو بیانووبڕین و یەکڕیزیی و تەبایی و گێڕانەوەی ئەو ڕێکخراوە لە ڕێگا و ڕێبازی خەسارەتخولقینی وەک دژایەتیی لەگەڵ خەباتی نەتەوایەتیی و پێداگریی لەسەر مانەوەی قەوارەی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان و دژایەتیی لەگەڵ خەباتی کورد بۆ هەمان قەوارە؛ چاوپۆشییان لە هەموو ئەوانە کرد.
بەڵام دەرکەوت کە پژاک خراپ حاڵیی بووە و ڕەنگە لە خەیاڵی خۆیدا بەو پێوەندیی و دەرفەتەی کۆماری ئیسلامیی بۆی خولقاندووە کە لە ناو شار و دیهاتەکانی رۆژهەلاتی کوردستان ئازادانە ڕێکخستن بکات و بنکە و بارەگاکانی لە سێبەری پێگە و قەڵاکانی هێزەکانی ئێران لەسەر سنوور ئەوەندە نزیک بێت کە گوێیان لە چرپەی یەکتر ببێت و لە هاژەک و درۆنی سپای پاسداران پارێزراو بن و لە ئەگەری ئاڵوگۆڕ لە ئێران؛ یان ببێتە سوغرەکێشی ئێران یان لەشکری “تەڤگەر” بکێشێتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
پارتی ئازادیی کوردستان هاودەنگیی پژاک لەتەک پەلامار و پلانی دەزگا ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی بۆ سەر PAK و چەواشەکارییەکان و بێڕێزییەکانی لەو فایلە دەنگییەدا بە حیزبەکان و ڕێبەرانی شەهید و هێما و سیمبولەکانی بزاڤی ڕزگارییخوازیی کوردستان و هەروەها هەڕەشە هەنووکەییەکانیان لە جیابیرانی ڕەخنەگر و بێڕێزی بە ژنانی تێکۆشەر، مەحکووم دەکات و لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ئەگەر ئەو ڕێکخراوە گەرەکی بێت دەوری ئەرێنی بگێڕێ، دەبێ بە خۆیدا پچێتەوە و ئەو خەیاڵە و خەیاڵاتێک کە گوتار و سیاسەت و پڕاکتیکی نەگونجاو لە گەڵ پرسی کوردستان و ناتەبا لە گەڵ ژینگەیەکی پلۆڕاڵی لێدەکەوێتەوە، وەلا بنێ و بە هەناسەیەکی خاوێنەوە بگەڕێتەوە بۆ دیالۆگی بنیاتنەر لە گەڵ حیزبەکان کە ڕێکخستنی پێوەندیی دامەزراوەیی و دانانی میکانیزمی کۆنتڕۆڵ و چارەسەری قەیران و ناکۆکیی نێوان لایەنەکان، دەتوانێ لە بەرهەمەکانی بێ.
پارتی ئازادیی کوردستانPAK
٢٢ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥ کوردی
١٣ی نۆڤامبەری ٢٠٢٥ زایینی
قەندیل پرێس