قەندیل پرێس – وتووێژی تایبەت
وتووێژی “قەندیل پرێس” دامەزراوەی میدیایی سەربەخۆ لەگەڵ بەرێز کاک جوان سۆز کۆبانی رۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی دۆخی سوریا.
قەندیل پرێس: لە سەردەمی دوای ئەسەد و لەگەڵ سەرهەڵدانی گروپی توندڕەوی تەحریر شام (به سەرۆکایەتی جولانی)، ئایندەی سیاسی و کۆمەڵایەتی کەمینەکانی وەک کورد و دروز و عەلەوی لە سوریا چی دەبێت و ئایا هەڕەشەی نوێ جێگەی سەرکوتی ڕابردووی گرتەوە؟
جوان سۆز کۆبانی: بارودۆخی ئێستای پێکهاتەو کەمە نەتەوەکانی لەو شار و دەڤەرانەی سوریا کە دەستەڵاتی دەستەی تەحریر- شام بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع تێیدا باڵا دەستە وەکو کورد، دروزی، عەلەوی، کریستیان و پێکهاتەکان زۆر خراپە، بە ئاشکەرا لە ئاداری ئەمساڵدا لە کەناروەکانی سوریا عەلەویەکان لە لایەن گرووپە چەکدارە تۆندڕەوەکان کۆمەڵکوژ کران، و دوای ئەوان لەمانگی ڕەزبەری 2025 دا هەمان سیاسەتی پاکتاوکردن و کۆمەڵکوژی بەرامبەر دروزییەکانی جەبەرەبا لە دیمەشق هەروەها لە سوەیدا لە باشوری سوریا ئەنجامدڕاوە، هەروەها هێرشی زۆر کڕاوەتە سەر کریستیانەکان لەحەلەب و شام، بە بەردەوامی هەڕەشەو هێرش بۆسەر پێکهاتهی کورد هەیە، کە پێش هەفتەیەکیش دووبارە هێرش کرایە سەر هەردوو گەڕەکی کوردی ئەشرەفیەو شێخ مەقسۆد لە حەلەب.
لە سوریای نوێ بەردەوام مەترسی ئەنجامدانی هێرشکردنە سەر خەڵکی مەدەنی و کۆمەڵکوژی هەیە، دوای هەڵوەشانەوەی رژێمی بەشار ئەسەد دۆخی پێکهاتەو کەمە نەتەوەییەکان خراپتر بووە.
قەندیل پرێس: تورکیا چ ئامانجێکی ستراتیجی لە ڕۆژئاوا و باکوری سوریا پەیڕەو دەکات؟ ئایا ئامانج تەنها ڕووبەڕووبوونەوەی پهیهدهیه یان پەیڕەوکردنی پڕۆژەیەکی درێژخایەنە بۆ ئەندازیاری دیمۆگرافی و کاریگەری سەربازی و پچڕاندنی پەیوەندییە جیۆپۆلیتیکییەکانی کورد لە ناوچەکەدا؟
جوان سۆز کۆبانی: تورکیا لەمڕۆدا بە فەرمی داوا دەکات رێککەوتنی 10ـی ئادار کە لەنێوان فەرمانداری گشتی هەسەدە جەنەڕاڵ مەزلۆم عەبدی و سەرۆک کۆماری کاتی سوریا هاتیە ئیمزاکرن، دەیەوێت ئەم پەیامە بە پراکتیکی جێبەجێ بکرێت. بەڵام دەزانین ئەمڕۆ تورکیا لە سوریا بوونی هەیە بە تایبەتی لەباکور و ڕۆژئاوای سوریا، هەروەها باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، و لە دەوروبەری دیمەشق و ناوەندی سوریا و گوندەکانی حەما بنکەو بارەگای سوپای تورکیا و هێزەکانی نێزیکیان هەن، تورکیا پلانی هەیە لەو ناوچانە بمێنن.
بەڵام سەرباری هەموو ناکۆکی و هەڕەشەکانی تورکیا لەسەر کورد لە سوریا، ئەگەر پەیماننامەی 10ـی ئاداری نێوان هەسەدە و حکومەتی دیمەشق جێبەجێبکرێت کە گرێدراوی ئەو دانوستاندنانەی نێوان دەوڵەتی تورکیا و ئیمڕالی و پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە یە، ئەگەر پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا سەربگرێت دۆخی سوریا باشتر دەبێت و ئەمە بۆ پێکهاتەی کوردیش باشە بۆ بەدەسخستنی مافەکانیان.
قەندیل پرێس: ئەگەر ڕێککەوتنی 10ی ئادار شکستی هێنا و پێکهاتە سەربازییە کوردییەکان نەخرێنە ناو سوپای فەرمی سوریاوە، چ مەترسییەکی ئەمنی و سیاسی هەڕەشەیان لێدەکات؟ ئایا ئەم بابەتە دەبێتە بیانوو بۆ لەشکرکێشی نوێی تورکیا یان پاکتاوی نەتەوەیی؟
جوان سۆز کۆبانی: لە ئێستادا بەگوێرەی پەیماننامەی 10ـی ئادار کە هەموو خاڵەکانی روون و ئاشکەرایە، تەنانەت یەک چەکداری سەر بە حکومەتی کاتی سوریا لە رۆژئاوای کوردستان و باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا نیە کە لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیمۆکراتیک هەسەدە دان.
لەو باوەڕهدا نیم هێز و لایەنەکان خوازیاری ئەنجامدانی شەڕی گەورە بن لە سوریادا، چونکە ئەگەر شەڕ و پێکدادان لە نێوان چەکدارەکانی حکومەتی سوریا و هەسەدە دا دروست ببێت بە مانای ڕووبەڕووبوونەوەی هێزی چەندین وڵاتان دێت، چونکە دەیان هێز لە هەردوو لا هەیه. کە لە باکور و رۆژهەلاتی سوریا هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی دژی داعش و تەنانەت هێزەکانی رووسیاش بوونیان هەیە، لەو ناوچانهی لەژێر کۆنترۆلی حکومەتی سوریادان هێزەکانی تورکیا هەن و و لە باشوری سوریاش هێزەکانی ئیسرائیل هەن.
هەروەها پەیماننامەی 10 ئادار زۆرێک لە هێزە گەورەکان وەکو ئەمریکا و فەرەنسا و یەکێتی ئەوروپا تێیدا بەشداربوونە و پشتگیری دەکەن، تەنانەت ئەنجومەنی هاوکاری خەلیجی پشتگیری ئەم پەیماننامەیە دەکەن کە وڵاتە عەرەبیەکان وەکو سعودیە و ئیمارات و تێدا بەشدارن.
لە ئەگەر وگریمانەی دروستبوونی شەڕ و پێکدادانی گەورە دژی باکور و رۆژهەلاتی سوریا، هێزەکانی سوریای دیمۆکراتیک هەسەدە لە حاڵەتی بەهێز و ئامادەباشیدان و ژمارەیان لە سوپای حکومەتی کاتی سوریا زیاترن، و بە شێوەیەکی باش ئۆرگانیزە بوونە و هەسەدە بەرامبەر هەڕەشەو هێرشەکانی حکومەتی کاتی سوریا هۆشیار و ئامادەیە.
قەندیل پرێس: بە سەرنجدان بەوەی کە ڕۆژئاوا لەلایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە بە “هێڵێکی سووری مێژوویی” دادەنرێت، ئەگەر هێرشەکان چڕتر ببنەوە یان ئۆتۆنۆمی کورد بڕووخێت، پرۆژەی ئاشتی نێوان تورکیا و پەکەکە چی بەسەر دێت؟ ئایا گەڕانەوە بۆ قۆناغی چەکداری حەتمی دەبێت؟
جوان سۆز کۆبانی: ئەگەر پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگای دیمۆکراتیک (پرۆسەی ئاشتی) لەباکوری کوردستان – تورکیا سەرنەگرێت و هەلۆەشێتەوە و پەیماننامەی 10 ئادار نێوان هەسەدە و حکومەتی دیمەشق جێبەجێنەکرێت، ئەنقەرە و دیمەشق بەنیازی هێرشکردن بن بۆ سەر هێزەکانی هەسەدە و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان، ئەوا بە پراکتیکی سوریا پارچە پارچە دەبێت چونکە ئێستا لە سوریا سێ حکومەت هەن کە هەسەدە و حکومەتی شام و دروزییەکان، هەروەها بارودۆخ لە شارە عەلەویەکان لەروی ئەمنییەوە خرابە و سوریا پارچە پارچەیە.
ئەگەر دۆخی سوریا بەم شێوەیە بمێنێت و پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا جێبەجێنەکرێت، لە سوریا شەڕی گەورە ڕوودەدات و بەرد لەسەر بەرد نامێنێت و دووبارە سوریا بەرەو نەمان دەچێت، ئەوکات شەڕ تەنیا شەڕی رۆژئاوای کوردستان نابێت بەڵکو شەڕی هەموو کورد دەبێت چونکه هێزە کوردیەکان پێشمەرگەو یەپەگە لەشەری کۆبانێدا دژی داعش یەکگرتوو بوون، دووبارە یەکدەگرن و شەڕ دژی گروپە چەکدارەکانی سوریا دەکەن.
قەندیل پرێس: ڕۆڵی ئەکتەرە جیهانی و ناوچەییەکان، لەوانەش ئەمریکا، ڕووسیا و ئێران، لە ئایندەی سوریای دوای ئەسەددا چییە و چۆن دەتوانن هاوسەنگی لە نێوان تەماحەکانی تورکیا و مافەکانی کورد و هەڕەشەی توندڕەوەکان لە بەرزاییەکانی جۆلاندا دروست بکەن؟
جوان سۆز کۆبانی: ئەکتۆرە جیهانی و هەرێمییە بەهێزەکان لە سوریادا سێ لایەنن کە تورکیا، ئەمریکا و ئیسرائیلن و هەرسێکیان پرۆژە و ئەجێندا و ئامانجی تایبەتی خۆیان هەیە بۆ سوریا. هەماهەنگی نێوان ئەمریکا و هێزەکانی سوریای دیمۆکراتیک هەسەدە لە رێگای وەزارەتی بەرگری ئەمریکا پنتاگۆنە، هەروەها پەیوەندیان لەگەڵ حکومەتی دیمەشق لە رێگای وەزارەتی کاروباری دەرەوەیە، هەروەها تورکیا لەگەڵ حکومەتی کاتی سوریا کاردەکات و ئیسرائیلیش لەگەل دروزیەکان کار دەکات و پشتگیریان دەکات، هەر یەکێک لەمانە پرۆژە و پلانی خۆیان هەیە.
دوای زیاتر ساڵێک لە کەوتنی رژێمی بەشار ئەسەد و هاتنە پێشەوەی تورکیا لە سوریادا و دەستبەسەرداگرتنی بەشێک لە ناوچەکانی سوریا، لە دۆخی ئێستادا ڕۆڵی تورکیا لە هاوکێشەکانی سوریا لە پاشەکشەدایە و لاواز بوویە، چونکە ئەمریکا و ئیسرائیل لە سوریادا هەن و رێگرن بەرامبەر پلان و بەڕنامەکانی تورکیا.
لەم هاوکێشە سیاسیانە و بوونی هەرسێ ئەکتۆرەکان لە سوریادا دەتوانین بە دڵنیاییەوە بڵێین؛ مافی کوردەکان لە دەستوری هەمیشەیی سوریادا دەمێنن، دەکرێت گوڕانکاری لەناوی هەسەدە بکرێت یان ناوی بەرێوەبەرایەتی خۆسەری لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ ڕۆژئاوای کوردستان یان هەر ناوێکی دیکە بگۆڕێت، بەڵام هێزەکانی سوریای دیمۆکراتیک هەسەدە و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لەژێر هەر ناوێکدا بن بە بههێزی دەمێنن.
قەندیل پرێس