به‌په‌له

جوامێر مارابی: ئێمە پێویستمان بە هەنگاوێک رادیکاڵتر لە مانگرتن هەیە و دەبێ قۆناخی مانگرتن تێپەڕێنین

جوامێر مارابی، چالاکی سیاسی، دەڵێت: “ئۆباڵی ئەو ناهاوئاهەنگییە لە نێوان پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە بووە هۆی ئەوە کە بەشێک لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەو مانگرتنەدا بەشدار نەبن، لە ئەستۆی شەخسی کاک عەبدوڵا موهتەدییە. پژاک و حزبی دێمۆکراتی کوردستانیش کارێکی زۆر باشیان کرد کە نەیانهێشت ئەو ملهۆڕییە و فورسەت تەڵەبییە بۆ کاک عەبدوڵا بچێتە سەر و ببێتە هۆی جێکەوتنی رێچکەیەکی خراپ و ئەویش بچێتە سەر هەنگاوە هەڵەکانی بەڕێز موهتەدی.”

قەندیل‌پرێس: سڵاو و ڕێز کاک جوامێر، سپاستان دەکەین ئەم وتووێژەتان لەگەڵ قەندیل‌پرێس قەبووڵ فەرموو، وەکوو پرسیاری یەکەم، هەروا کە ئاگادارن ڕۆژی ۹ی ڕێبەندان چوار ڕۆڵەی نیشتمان و ئەندامی کۆمەڵە بە ناوەکانی وەفا ئازەربار، موحسین مەزڵووم، محەممەد فەرامەرزی و پژمان فاتیحی لە لایەن ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە سێدارەدران، بە ڕای بەڕێزتان بۆ لەم کاتەدا کۆماری ئیسلامی ئەم چوار لاوە تێکۆشەرەی کوردستانی لەسێدارەدا؟

جوامێر مارابی: سەرەتا سڵاو و رێز بۆ ئێوە و خوێنەرانی بەڕێزی قەندیل پرێس. بەر لە وەڵامی پرسیارەکانتان، پێم باشە لێرەشەوە جارێکی دیکە بە بۆنەی لە سێدارەدانی ئەو چوار ئازیزە بە توندی کۆماری ئیسلامی شەرەمەزار بکەم و سەرەخۆشی بڵێم بە بنەماڵە و کەس و کاریان و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم. بەراستی بە بۆنەی لە سێدارەدانی ئەو ئازیزانە زۆر زۆر ئازارم چێشت. ئەوەش بڵێم کە پێویستە لە خاڵێکەوە دەست بکەین بە خەسارناسی ئەوجۆرە چالاکیانە، چونکە لە چەند ساڵی رابردوودا بەردەوام روویانداوە.
ئێعدام و کوشتن و زەبر و زەنگ، پیشەی هەموو رژیمە دیکتاتۆر و مرۆڤ کوژەکانە کە دەیانەوێ لە رێگەی ترس و تۆقاندنەوە درێژە بە دەسەڵاتی نگریسی خۆیان بدەن. ئەوان بە خەیاڵی خۆیان دەیانەوێ ئیقتداری خۆیان نیشان بدەن، غافڵ لەوە کە ئەمە نیشانەی ئەوپەڕی ترسنۆکییە و ترسیان لە ئیرادەی گەلان هەیە. کۆماری ئیسلامیش بەدەر نییە لەوانەی کە باسم کرد. پرسیار ئەوەیە کە بۆچی لە ئێستادا ئەو ئازیزانەی لە سێدارەدا؟ بە رای من هۆکاری جۆراوجۆری هەیە کە من چەند هۆکاری بە گرنگ دەزانم.
– شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، رووبەڕووبوونەوەی گەلان و کۆماری ئیسلامی بردۆتە قۆناخێکی بێ گەڕانەوە. کۆماری ئیسلامی لە رێگەی خولقاندنی تاوان و زەبر و زەنگی هەرچی زیاترەوە، دەیەوێ کۆمەڵگا بگەڕێنێتەوە بۆ قۆناخی پێش دەستپێکردنی ئەو شۆڕشە، بەڵام بۆی مەیسەر نەبووە و نابێت. گەلانیش بە هیچ جۆرێک نایانەوێ بگەڕێنەوە پێش دەستپێکردنی ئەو شۆڕشە. ئەو شۆڕشە بە فورمات و شێوازی جۆراوجۆر بەردەوامە و ژنان پێشەنگایەتی دەکەن. رژیم سێدارەدان و چاوترساندن بە رێکارێک دەزانێ کە جارێکی دیکە ئەتمسفۆری ترس و بێ هیوایی لە کۆمەڵگادا زاڵ بکاتەوە، بۆیە پەنا دەباتە بەر خولقاندنی ئەو جۆرە تاوانانە.
– هەروەک خۆشتان دەزانن لە دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل و بەرلەوەش، ئیسرائیل بە دەیان فەرماندەی پلەبەرزی سپای پاسدارانی لە سوریە و شوێنەکانی دیکە کوشتوە و کۆماری ئیسلامیش سەرەڕای هەڕەشە و گوڕەشەکانی، نەیتوانیوە تۆڵەیان بکاتەوە. بۆیە بە هێرش کردنە سەر هەندێ شوێنی وەک هەولێر و … لە درەوەی سنوورەکانی خۆی و هەروەها  بە خولقاندنی تاوان لە ناوخۆی، دەیەوێ وای نیشان بدات کە بەهێزە و دەتوانێ ڕووبەڕووی مەترسییەکان بێتەوە.
– خۆتان دەزانن کە لە ئێران هەڵبژاردن لە رێدایە. ئەو هەڵبژاردنە ڕێڕەوی رێبەری دوای خامنەییش دیاری دەکات. بۆیە بەیتی رێبەری لە ژێر چەتری سپای پاسداراندا ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوە کە موجتەبا خامنەیی ببێتە رێبەری دوای خامنەیی. باوەڕم وایە کە دەیانەوێ لە پاڵ وەلاوەنانی هەر دەنگێکی ناڕازی لە ناو خۆیاندا، فەزایەک لە کۆمەڵگادا حاکم بکەن بۆ ئەوە ئاسانتر ئەوەی دەیانەوێ جێبەجێی بکەن.

قەندیل‌پرێس: هەروا کە ئاگادارن لە بەشێک لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەکوو کاردانەوە بە سێدارەدانی ئەم چوار لاوەی نیشتمان، مانگرتن بەڕێوەچوو، بەڵام لە بەشێک لە شارەکانی‌تر مانگرتن بەڕێوەنەچوو، تەنانەت لە بانگەوازی مانگرتنەکەدا لەلایەن حیزبەکانەوە هاوئاهەنگیەک بوونی نەبوو، بۆ نموونە حیزبەکانی پژاک و دیموکرات بە فەرمی داوای مانگرتنیان نەکرد، شرۆڤەی بەڕێزتان لەم بارەوە چییە؟

جوامێر مارابی: سەبارەت بە مانگرتن و کاتەکەی، ئێستا من بۆچوونی خۆم هەیە و پێم وایە لێرە جێگەی نییە کە باسی بکەم. تەنیا ئەوە دەڵێم کە ئێمە پێویستمان بە هەنگاوێک رادیکاڵتر لە مانگرتن هەیە و دەبێ قۆناخی مانگرتن تێپەڕێنین.

لە وەڵامی پرسیارەکەی ئێوەدا دەتوانم بڵێم کە ئۆباڵی ئەو ناهاوئاهەنگییە لە نێوان پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە بووە هۆی ئەوە کە بەشێک لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەو مانگرتنەدا بەشدار نەبن، لە ئەستۆی شەخسی کاک عەبدوڵا موهتەدییە. پژاک و حزبی دێمۆکراتی کوردستانیش کارێکی زۆر باشیان کرد کە نەیانهێشت ئەو ملهۆڕییە و فورسەت تەڵەبییە بۆ کاک عەبدوڵا بچێتە سەر و ببێتە هۆی جێکەوتنی رێچکەیەکی خراپ و ئەویش بچێتە سەر هەنگاوە هەڵەکانی بەڕێز موهتەدی. کاک عەبدوڵا باش دەیزانی کە کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی کوردستان دوای لە سێدارەدانی ئەو ئازیزانە، زۆر تووڕەیە و تەنیا بانگەوازی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بەس بوو بۆ ئەوە کە مانگرتن بەڕێوە بچێت.
ئەو ویستی ئەو هەلە بقۆزێتەوە و وای نیشان بدات کە گەلی رۆژهەڵات بەدەم بانگەوازەکەی ئەوەوە هاتوون!! کاک عەبدوڵا باشی لە بیرە لە جەرایان شەهید بوونی شوانەی سەید قادر لە ساڵی ١٣٨٤ی هەتاوی، حزبەکەی ئەو لە راگەیاندنی ژمارە ١٤ی سکرتاریەتیدا داوای لە خەڵک کرد کە بەدەم بانگەوازی کۆمەڵە-رێکخراوی حکاوە نەچن و مان نەگرن، کەچی بینیمان خەڵک مانیان گرت و بازاڕ و دوکانیان داخست! جگە لەوەی کە باسم کرد، کاک عەبدوڵا دەیویست شەهید بوونی ئەو ئازیزانە وەکوو دەرفەتێک بە کار بهێنێت بۆ سڕینەوەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لەو هاوپەیمانیانە کە ئەگەر لە داهاتوودا پێک بێن. بەڕێز موهتەدی لە رێگەی پەیمانە شوومەکەی جۆرج تاونەوە، کەلێین و برینێکی قۆڵی خستە ناو جەستە بزاڤی رزگاریخوازی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لەو مانگرتنەشدا برینێکی دیکەی خستە ناو ئەو جەستە و مانگرتنەکەش لاواز بەڕێوە چوو لە چاو ئەوانەی پێشوو.

قەندیل‌پرێس: چەند مانگ پێش ئێستا لە ساڵوەگەری شەهیدبوونی ژینا ئەمینی و دەستپێکی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا، حیزبەکانی ڕۆژهەڵات زۆر بەیەکەو هاوئاهەنگ دیار بوون، بەڵام ئێستا نیشانەکان دەرخەری ئەوەن نە تەنیا ئەو هاوئاهەنگیە زیاتر بەرەو پێش نەچووە بەڵکوو لاوازیش بووە، هۆکاری ئەمە چییەو ڕای جەنابتان لەم بارەوە چییە؟

جوامێر مارابی: بەرای من هەڵدەگەڕێتەوە بۆ پاوانخوازی و دەسەڵاتخوازی کاک عەبدوڵا موهتەدی. لاوازترین پارتی رۆژهەڵاتی کوردستانە، کەچی دەیەوێ خەت و نیشان بۆ پارتەکانی دیکە بکێشێت!!! و لە رێگەی هاوپەیمانی چەند سلێبریتییەکی ئێرانییەوە خۆی لە لێ ببووە رێبەری بێ رکابەر و خۆی لە سەر کورسی دەسەڵات دەبینیەوە!!! ئەو کەلێن و برینە لەوێوەوە پێکهات. ئێستاش جگە لە حزبەکەی کاک عەبدوڵا، هاوئاهەنگی لە نێوان پارتەکانی دیکەدا هەیە و بەخۆشییەوە ئێمە قۆناخی بارگرژی و شەڕی راگەیاندنمان ناوەتە پشت سەر (هیودارم قەت ئەو قۆناخە دووپات نەبێتەوە)، ئەوەی لە دەرەوەی ئەم هاوئاهەنگییەدا راوەستاوە، پارتەکەی کاک عەبدوڵایە. ناوبراو هەرجارە و بە حزبێکەوە دیگرێت و مەرج بۆ لایەنەکانی دیکەش دادەنێت!!! کە ئەگەر فڵانە حزب هەبێ، ئێمە نین و …هتد.

قەندیل‌پرێس: هەڵسەنگاندنی بەڕێزتان لە کاردانەوەی کۆمەڵگای فارس و بە گشتی ئۆپۆزسیۆنی ناوەندگەرا، بەرامبەر بە لە سێدارەدانی ئەم چوار لاوە کوردە چییە؟

جوامێر مارابی: بەرای من ئەو کۆمەڵگا کە ئێوە پێی دەڵێن فارس و هەروەها ئۆپۆزیسیۆنی ناوەندگەراش یەک دەس نین. لە ناو ئەواندا لایەنی دێمۆکرات، چەپ و پێشکەوتنخواز هەیە تا رادەیەکی زۆر لە بەرامبەر دۆخی رۆژهەڵاتی کوردستاندا بێدەنگ و بێ تەفاوت نەبووە. لە کاتی شۆڕشی ژن ژیان ئازادیدا ئێمە دەنگی راستەقینەی گەلانی ئێرانمان بە تارانیشەوە بیست کە چۆن کوردستان بە پێشەنگ دەبینن. بینیشمان کە چۆن لایەنی راست و پاوانخواز لە سەروویانەوە رەوتی بەسەرچووی شاخوازەکان چۆن هەوڵی گۆڕینی راستییەکانیان دەدا. پێم وایە لە جەریان لە سێدارەدانی ئەو ئازیزانەشدا تا رادەیەک ئەو جیاوازییە دەبیندرا. ئەو بێ تەفاوت و لاقەیدانە لە ئاست لە سێدارەدانی ئەو کەسانە، هاوپەیمانەکانی کاک عەبدوڵان. لە بەرامبەر ئەو دەنگانەدا ئێمە مانگرتنی زیاتر لە ٦٠ ژنی ئازادیخوازمان بینی کە زۆربەیان فارسن. ئەوەشمان لە بیر نەچێت کە بە هەر رادە گەلی کورد بە پارتەکانیشەوە یەکگرتووتر بێت، لە لای دۆست، نەیار و دوژمنیش حیسابی زیاتری بۆ دەکرێت و ئەگەر بە رێبازی بەڕێز موهتەدیش هەنگاو هەڵگرین، دەمانخەنە گۆشەی رینگەکە و ئەوەمان بە سەر دێت کە بە سەر کاک عەبدوڵایان هێنا و بێ رێزی دنیا نەما پێی نەکەن. بەجۆرێک ئاستی خۆی دابەزاند کە هەر کەس ئیجازەی بە خۆی دەدا سوکایەتی پێ بکات. بەداخەوە زۆر جار  لایەنە ئێرانییە ناوەندگەراکان هەوڵیان دەدا کەسایەتی لاوازی کاک عەبدوڵا بە نوێنەری کورد پێناسە بکەن تا لەو رێگایەوە بەستەر بۆ سوکایەتی بە کورد فەراهەم بکەن.

قەندیل‌پرێس: وەکوو پرسیاری کۆتایی، ساڵانێکە لاوانی کوردستان بە دەست ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسێدارە دەدرن، بە ڕای ئێوە چ دەتوانێت بکرێت کە پێش بەمە بگیردرێت؟

جوامێر مارابی: تا ئەو کاتە کە کوردستان داگیرکراو بێت و خەبات و تێکۆشان بۆ رزگاری و ئازاد لە ئارادا بێت، بەداخەوە ئەم ئازارانەش دەبن. کاتێک ئەو تاوانە کۆتایی دێت کە ئێمە وڵاتەکەمان لە داگیرکاری رزگار بکەین و خۆمان ببین بە خاوەن چارەنووسی خۆمان و دەسەڵاتێکی دێمۆکراتیک و دادپەروەر بۆنیات بنێین، بەڵام ئێمە دەتوانین بە رێگاگەلێک بەر بە تاوانی زیاتری کۆماری ئیسلامی بگرین. یەکێک لەو رێکارانە، یەکگرتووی و هاوئاهەنگی نێوان پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە و لەو رێگەشەوە هاوپشتییەکی لە ناوبەری گەلدا پێک بهێنین. هەروەها، بەرای من پێویستە ئێمە قۆناخی مانگرتن تێپەڕێنین. هەنگاوی رادیکاڵتر پێویستە. دەبێ تێچووی لە سێدارەدانی شۆڕشگێڕانی گەلەکەمان لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە ببەینە سەرەوە. بەجۆرێک کە رژیم نەوێرێت ئاوا بە ئاسانی خەباتکارانمان لە سێدارە بدات.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

عومەر ئیلخانیزادە: هەموو حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات هەڵوێستیان هەیە دژ بەو سیاسەت و ئاواتانەی کە ڕەزا پەهلەوی و دەوروبەری و ناوەندگەراکان هەیانە

وتووێژیی تایبەتی “قەندیل پرێس” لەگەڵ ڕێزدار “عومەر ئیلخانیزادە”، جێگری سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *