قەندیل پرێس – هەولێر
تۆڕی هاوپەیمانی ڕێکخراوە نیشتمانییەکانی (تۆڕی شەمس) بۆ چاودێریی هەڵبژاردنەکان لە کۆنگرەتەکی رۆژنەوانیدا ژە چاوکی قەندیل پرێس ئامادەبوو، ئەمڕۆ چوارشەممە، 12ـی تشرینی دووەمی 2025، وردەکاریی چاودێریی خۆی لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراقی خستەڕوو.
هۆگر چەتۆ سەرۆکی ڕێکخراوی تۆڕی شەمس، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، تۆڕەکەیان لە ڕێگەی 5 هەزار و 89 چاودێرەوە لە سەرانسەری 18 پارێزگای عێراق، چاودێریی پرۆسەکەیان کردووە و لەو چوارچێوەیەشدا 18 هەزار و 168 ڕاپۆرتی جیاوازیان ئامادە کردووە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی تۆڕەکە، ڕێژەی دەنگدەرانی تەمەن 18 ساڵ لەم هەڵبژاردنەدا گەیشتووەتە سەدا41ـی کۆی دەنگدەران. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە بەپێی پسوڵەی بایۆمەتری، سەدا 56ـی دەنگدەرانی عێراق بەشدارییان لە پرۆسەکەدا کردووە.
تۆڕی شەمس ژمارەیەک حاڵەتی نەخوازراو و پێشێلکاریی تۆمار کردووە، لەوانەش: 501 حاڵەتی ئەنجامدانی پروپاگەندەی هەڵبژاردن لەبەردەم بنکە و وێستگەکانی دەنگدان. هەروەها 415 حاڵەتی ڕوون نەکردنەوەی شێوازی دەستپێکردنی پرۆسەکە و نەدانی زانیاریی پێویست بە کارمەندان. لەگەل 382 حاڵەتی بردنە ژوورەوەی مۆبایل بۆ ناوەندەکانی دەنگدان، کە بەپێی ڕێکارەکان قەدەغە بوو. لەگەڵ 359 حاڵەتی ڕێگە نەدان یان دوورخستنەوەی چاودێران، کە بەشێکی هەرە زۆری لە کاتی ژماردنی دەنگەکاندا بووە.
بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2025، لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان پرۆسەی دەنگدانی گشتیی بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، بە گوێرەی ئامار و تۆمارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق زیاتر لە 20 ملیۆن دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەبوو، کە زیاتر لە دوو ملیۆن و 800 هەزار دەنگدەر لە هەرێمی کوردستانن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق راگەیاند : دوای گەیشتنی ئەنجامی 99.7٪ی وێستگەکانی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ژمارەی دەنگدەران لە دەنگدانی گشتیدا گەیشتووەتە 10,898,327 دەنگدەر، لە کۆی 20,063,773 دەنگدەر، بەمەش ڕێژەی دەنگدان زیاتر لە 54٪ دەبێت.
ئەوەشی خستەڕوو لە ژمارەی دەنگدەران لە دەنگدانی تایبەت کە ڕۆژی 9ـی مانگ بەڕێوەچوو، گەیشتووەتە 1,084,289 دەنگدەر، لە کۆی 1,313,980 دەنگدەر، بەمەش ڕێژەی دەنگدان 82.5% بووە بۆ سەرجەم وێستگەکانی دەنگدانی تایبەت.
ڕاشیگەیاند، ژمارەی دەنگدەران لە دەنگدانی ئاوارەکان گەیشتووەتە 20,527 دەنگدەر، لە کۆی 26,538 دەنگدەر، بەمەش ڕێژەی دەنگدان 77% بووە بۆ سەرجەم وێستگەکانی دەنگدانی ئاوارەکان.
کۆمسیۆن جەختی لەوە کردووەتەوە کە کۆی گشتی ژمارەی دەنگدەران لە ڕۆژانی دەنگدانی گشتی و تایبەت گەیشتووەتە نزیکەی 12,003,143 دەنگدەر، لە کۆی 21,404,291 دەنگدەر، بەم پێیەش ڕێژەی دەنگدان لە 55٪ تێپەڕ دەبێت.
قەندیل پرێس