تورکیا چەکی قورس و دژە درۆن دەداتە سوپای سووریا و هاکان فیدانیش هەڕەشەی هێرشی یەکلاکەرەوە دەکات، ئەگەر هەسەدە نەچێتە ژێر رکێفی دیمەشقەوە.
ئەوەی پێویستە بیزانیت
کەمتر لە مانگێک ماوە بۆ کۆتاییهاتنی وادەی جێبەجێکردنی “ڕێککەوتننامەی 10ـی ئازار”. کشانەوەی هەسەدە لە دانوستانەکان دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە و جووڵەی سەربازیی لێکەوتووتەوە. سەلچوک بایراکتارئۆغڵو، سەرۆکی ئەرکانی سوپای تورکیا سەردانی دیمەشقی کردووە و ئەمەش وەک “چاوسوورکردنەوە” لە هەسەدە لێکدەدرێتەوە.
ناوەڕۆکی ناکۆکییەکە
ئەنقەرە و دیمەشق دەیانەوێت هەسەدە هێزەکانی پەرت بکات، چەکەکانی ڕادەست بکات و بەشێوەی تاک بچنە ناو سوپای سووریاوە. بەڵام هەسەدە ئەمەی بە “هێڵی سوور” ناوبردووە و داوا دەکات وەک یەکەیەکی پارێزراو بچێتە سەر وەزارەتی بەرگری، کە ئەمەش لەلایەن تورکیاوە بە “مەحاڵ” وەسف کراوە.
هەڕەشەکانی فیدان
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕاشکاوانە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی گوتووە: “ئەگەر هەسەدە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ مەرجەکان جێبەجێ نەکات، هێرشی سەربازی دەکەنە سەریان”. مەرجەکانیش بریتین لە دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە ڕیزەکانیان و هەڵوەشاندنەوەی ئەو یەکانەی دژی تورکیا شەڕیان کردووە.
پلانە سەربازییە هاوبەشەکە
بەگوێرەی زانیارییەکان، سیناریۆیەک لە ئارادایە بۆ ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش:
سەرەتا: هێزی ئاسمانیی تورکیا بۆردومانی بارەگا و کۆگاکانی هەسەدە دەکات.
دواتر: سوپای سووریا هێرشی وشکانی دەستپێدەکات.
ئامادەکاری
سوپای سووریا بە چەک و تەکنەلۆژیای تورکی (بە تایبەت دژە درۆن) و بە سەرپەرشتیی پسپۆڕانی تورک مەشق دەکەن.
هەڵوێستی ئەمریکا
تۆم باراک، نێردەی ترەمپ پەیامی داوە کە “ئەمریکا پشتیوانیی دیمەشقە” و دەبێت سووریا ڕێبازی خۆی دیاری بکات، بەڵام لەسەر زەوی هێزەکانی هەسەدە و ئەمریکا مانۆڕی هاوبەش ئەنجام دەدەن، چونکە هێشتا بەشێک لە ئیدارەی ئەمریکا هەسەدە بە هاوبەشی دژی داعش دەزانن.
سیناریۆکان
دۆخەکە لەبەردەم دوو ئەگەردایە; یاخود پێکدادانی سەربازیی خوێناوی بە پاڵپشتیی تورکیا، یان درێژکردنەوەی وادەی ڕێککەوتنەکە بۆ چەند مانگێکی دیکە و دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان.
قەندیل پرێس