قەندیل پرێس
یاسر سلێمان وتەبێژی وەفدی دانوستاندکاری بەڕێوبەرایەتی خۆسەر لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ دیمەشق بە قەندیل پرێسی ڕاگەیاند؛ “کێشەی کورد لە سوریا بە مەرسۆمی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سوریا چارەسەرناکرێت“.
یاسر سلێمان وتیشی: پێویستە لە دەستوردا مافی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی سوریا دیاری بکرێن نەک بە مەرسۆمێک و دواتر بە مەرسۆمێکی دیکە هەڵۆەشێنن، هاوکات بەڕێوبەرایەتی خۆسەر لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پرسێکی ئیداری سیاسی یە و پێویستی بە چارەسەری سیاسی و یاسایی هەیە نەک پێدانی چەند مافێکی کلتۆری کە نێزیکەی 14 ساڵە لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر خەڵک ئەو مافانەیان هەیە“.
وتەبێژی وەفدی دانوستاندکاری بەڕێوبەرایەتی خۆسەر لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئاماژەی بەوەش کرد کە پرسە سەرەکیەکانیان بریتین لە؛ دەستور، مافی پێکهاتەکانی دیکەی سوریا، جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ـی ئازار، دەستپێکردنی کۆبوونەوەکان لەگەڵ وەفدی سیاسی کورد و وەفدی ئیدارەی خۆسەر کە لە نیسانی 2025ـی پێکهێنرا و تا ئیستا دیمەشق ئامادە نیە پێشوازی بکات، هەروەها دانپێدانان بە دیفاکتۆی سیاسی بەڕێوەبەرایەتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.
ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا، رۆژی هەینی، 16ـ 1ـی 2026 ، فەرمانی ژمارە (13)ـی ساڵی 2026ـدا، کە لەسەر بنەمای “بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی” دەرچووە و تێیدا دانی بەوەدا نا کە کورد “بەشێکی بنەڕەتی و رەسەنی گەلی سووریان.” هەروەها زمانی کوردیشی وەک “زمانێکی نیشتمانی” ناساند و رۆژی نەورۆزیشی لە سەرتاسەری وڵاتەکەدا کردە پشووی فەرمی.
لە بەرامبەردا بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا مەرسومە نوێیەکەی ئەحمەد شەرع سەبارەت بە کورد بە “ناتەواو” وەسف دەکات و جەخت دەکاتەوە کە مافە نەتەوەییەکان پێویستیان بە گرەنتی دەستووری هەیە نەک بڕیاری کاتی.
قەندیل پرێس