باخچەلی بۆ چەکدانانی هەسەدە و یەپەگە داوای بانگەوازێکی نوێ لە ئۆجەلان دەکات

سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی- مەهەپە، جارێکی دیکە بانگەوازێکی ئاراستەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە کرد سەبارەت بە پرۆسەی نوێی چارەسەری و داوای لێکرد بانگەوازەکەی رۆژی 27ی شوباتی بۆ ‘دانانی چەک و هەڵوەشاندنەوەی رێکخراو’ فراوانتر بکات.

دەوڵەت باخچەلی ئەمڕۆ سێشەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2025 لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا گوتارێکی پێشکەش کرد.

باخچەلی گوتی، “چاوەڕوانیم ئەمەیە: دامەزرێنەری رێبەریی پەکەکە دەبێت بانگەوازێکی راستەوخۆ بە هەمانشێوە و ناوەڕۆک ئاراستەی هەسەدە/یەپەگە بکات و داوای پابەندبوونیان بکات بەو رێککەوتننامەیەی کە لە 10ی ئادار لەگەڵ ئیدارەی شام واژۆ کراوە”.

باخچەلی ئاماژەی بەوەدا، گرووپێک پەرلەمانتار لە کۆمیسیۆنی پرۆسەی چارەسەری دەتوانن بچنە ئیمراڵی و چاویان بە ئۆجەلان بکەوێت و گوتی: “پەیامەکان دەبێت لە زاری خۆیەوە وەربگیرێن و لەگەڵ رای گشتیدا هاوبەش بکرێن. هیچ شتێک نابینم کە جێگەی دوودڵی بێت لەم بابەتەدا”.

سەبارەت بەو مشتومڕانەی لە پرۆسەکەدا روویانداوە باخچەلی گوتی: “تورکیا لە لێواری لەدایکبوونێکی پیرۆزدایە. رەنگە ئەم لەدایکبوونە ژان و ئازاری هەبێت، رەنگە لێکتێنەگەیشتن رووبدات، رەنگە تووڕەیی دروست بێت، پەیوەندییەکان لاواز ببن و دووری بکەوێتە نێوانمانەوە. بە ئارامگرتن، خۆڕاگری و هێمنی لە چوارچێوەی خۆشەویستیی نیشتمان و گەلدا کۆببینەوە، ئەمە بەسە بۆ ئەوەی بەسەر هەموو کێشەیەکدا زاڵ بین”.

سەرۆکی مەهەپە دەڵێ: “تورکیای بێ تیرۆر، ئامانجێکی نیشتمانی و مێژووییە. خاڵی سەرەکیی بریتییە لە دابینکردنی ئاشتیی ناوخۆیی و ژینگەیەکی ئارام و بنیاتنانی لەسەر بنەمایەکی تەندروست. سەدەی تورک و سەدەی تورکیا، سەدەی ئاشتی، ئارامی و برایەتییە. گەلەکەمان پشتگیریی هەنگاوەکانی تورکیای بێ تیرۆر دەکات. براوە گەلی تورک دەبێت”.

سەرۆکی مەهەپە باسی کارەکانی ئەو کۆمیسیۆنەی پەرلەمانی تورکیای کرد، کە لەسەر پێشنیازی ئەو پێکهێندرا و گوتی: “14یەمین کۆبوونەوەی کۆمیسیۆن سبەی دەکرێت. پێویستە زەمینەیەکی فراوان و واقعیی دانوستاندن بۆ رێکخستنە سیاسی و یاساییەکان دروست بکرێت. هەموو کەسێک بیرۆکە و بۆچوونێکی هەیە کە بیڵێت. دەبێت گوێ لەمانە بگیرێت و سەلامەتترین نەخشەڕێگا دیاری بکرێت. خۆشحاڵین کە دەبینین بەم شێوەیە کار دەکرێت”.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

سزای سێدارەی دوو بەندکراوی سیاسیی دیکە لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ، سزای سێدارەی دوو بەندکراوی سیاسی بە ناوەکانی ئەبولحەسەن مۆنتەزێر و وەحید بەنی‌عامەریان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *