فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) لەگەڵ مەزڵوم عەبدی کۆبوەوەو بەردەوامی پاڵپشتییەکانی وڵاتەکەی بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕاگەیاند.
میدیاکانی نزیک لە هەسەدە بڵاویانکردەوە، ڕۆژی پێنجشەممە، 4ـی ئەیلولی 2025، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ چارڵز براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) کۆبوەوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، لەمیانەی کۆبونەوەکەدا، کوپەر جەختی لە بەردەوامیی پاڵپشتیی ئەمەریکا بۆ هێزەکانی هەسەدە کردەوە و ڕایگەیاند، بەردەوام دەبن لە کارکردنی پێکەوەیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، هەروەها بۆ پاراستنی کەمپەکانی داعش و پاراستنی ئەو زیندانانەی دەستگیرکراوانی داعشیان تێدایە.
لەبارەی دۆخی سوریاشەوە، مەزڵوم عەبدی ئاماژەی بەوەدا، پابەندن بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 10ـی ئادار و درێژەدان بە پرۆسەی دانوستان لەگەڵ دیمەشق، هەروەها جەختی لەسەر گرنگیی گرتنەبەری هەنگاوی دیاریکراوی حکومەتی سوریا کردەوە بۆ دروستکردنی متمانە.
قەندیل پرێس