سوپای ئیسرائیل دەڵێت، 20 بارمتە گەیێندراونەتە لایان، دوای ئەوەی لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە لە کەرتی غەززە رادەستی خاچی سوور کران.
سوپاکە دەڵێت، بارمتەکان لەلایەن لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوورەوە رادەستکراون. لە کاژێر 10:52ی بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 13ی ئۆکتۆبەری 2025 هیچ بارمتەیەکی ئیسرائیلی لە غەززە نەماوە.
بارمتەکان بە دوو گرووپ رادەستکران، گرووپێکیان 7 و گرووپێکیان 13 بارمتە بوون. 20 بارمتەکە دەگوازرێنەوە بۆ ئیسرائیل و دەبرێنە بنکەی ریعیم لە باشووری ئەو وڵاتە، بۆئەوەی لەوێوە بە کەسوکاریان شاد ببنەوە.
پاشان ئەو کەسانە بە هێلیکۆپتەر دەگوازرێنەوە بۆ سێ نەخۆشخانەی ئیسرائیل، بۆئەوەی پشکنینیان بۆ بکرێت و هەر چارەسەرێکیان پێویست بوو، پێشکێشیان بکرێت.
پێشتر حەماس رایگەیاندبوو، وەک بەشێک لەو ئاگربەستەی لە جەنگی دوو ساڵەی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا بەدەستهاتووە، 20 بارمتە لە کەرتی غەززە ئازاد دەکات، لە بەرامبەر ئازادکردنی زیاتر لە هەزار و 900 زیندانیی فەلەستینی.
قەندیل پرێس