گوتەبێژی حکومەتی ئیسرائیل هەڕەشەى توند لە گرووپە چەکدارە عێراقییەکان و دەکات کە ئەو بە “میلیشیا و نزیک لە ئێران” ناویان دەبات و دەڵێت “حەماس، حیزبوڵا، حوسییەکان و میلیشیا عێراقییەکان بریکاری ئێرانن و وەکو ئەڵقەیەکی ئاگر بە دەوروبەرماندا دانراون و یەک بە یەک لەناویاندەبەین”.
دەیڤید مێنسەر، گوتەبێژی حکومەتی ئیسرائیل لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەى بەوەشکرد، ئۆپراسیۆنەکانیان لە ئێران ئامانجەکەی بەدەستهێناوە و گوتیشى “هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا توانای ئێرانی بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی چەندین ساڵ دواخستووە”.
ئاماژەی بەوەکرد، بۆردوومانی وێستگەی فۆردۆ لە لایەن ئەمریکاوە، ژێرخانی وێستگەکەی لەناوبردووە و دەزگاکانی پیتاندنی یۆرانیۆمی لەکارخستووە.
دەیڤید مێنسەر، گوتەبێژی حکومەتی ئیسرائیل لەو بارەیەوە گوتی ” هەرکاتێک ئیسرائیل شەڕێکی بردبێتەوە، دۆڕاوەکان یان هێزە تیرۆریستییە شکستخواردووەکان خۆیان بە سەرکەوتوو زانیوە، جا ئەوە لە ساڵی 1967، 1948 یان 1973دا بووبێت، ئێران هەمیشە بانگەشەی سەرکەوتنێکی شکۆمەندانەی کردووە، ئەوە بۆ ئێمە ئاسایی بووەتەوە، راستییە سادەکان خۆیان دەدوێن، ئێمە لە ئۆپراسیۆنەکەی ئێراندا دوو ئامانجمان هەبوو و بەدیمان هێناون”.
گوتەبێژی حکومەتی ئیسرائیل جەختیکردەوە، هێرشە وێرانکەرەکەی ئەمریکا بۆ سەر فۆردۆ ژێرخانی گرنگی وێستگەکەی لەناوبرد و دەزگاکانی پیتاندنی یۆرانیۆمی لەکارخست، هەڵسەنگاندنەکە ئەوەیە، کە هێرشەکانی ئێمە و ئەمریکا توانای ئێرانی بۆ پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی بۆ چەندین ساڵ دواخستووە.
لە کۆتایی گوتەکانیدا دەیڤید مێنسەر گوتیشی ” ئێران لە پشت حەوتی ئۆکتۆبەرەوە بوو، حەماس بریکاری ئێرانە، حیزبوڵا و حوسییەکان و میلیشیا عێراقییەکانیش بەهەمانشێوە، ئێران هەموو ئەمانەی وەکو ئەڵقەیەکی ئاگر بە دەوروبەرماندا داناوە و ئێمە یەک لەدوای یەک لەناویاندەبەین”.
قەندیل پرێس