عەبدوڵا ئۆجەلان، دەڵێت، هیچ هێزێک بەبێ پارتی دەم ناتوانێت بگاتە دەسەڵات و داواش دەکات هەمووان دەست لە توندوتیژیی هەڵبگرن.
ئاژانسی وڵات بەشێک لە وردەکاریی دوایین دیداری شاندی ئیمراڵی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەر و دامەزرێنەری پەکەکە بڵاوکردەوە، کە دووی ئەم مانگە ئەنجامدرا.
“پارتی دەم دیارییدەکات کێ دەسەڵاتداری تورکیا دەبێت”
بەگوێرەی ئاژانسەکە، ئۆجەلان لە دیدارەکەدا گوتوویەتی، پارتی دەم توانای هەیە 20%ی دەنگی خەڵکی تورکیا بەدەستبهێنێت، هەربۆیە هیچ کام لە هاوپەیمانی جمهور کە لە ئاکپارتی و مەهەپە پێکهاتووە و هاوپەیمانێتی جەهەپە و لایەنەکانی دیکە، ناتوانن بێ پارتی دەم هەڵبژاردن ببەنەوە و ببنە دەسەڵاتدار.
“پێویستە پارتی دەم زیاتر خۆیات رێکبخنەوە”
ئۆجەلان داوای کردووە، پارتی دەم بڕوای بە خۆی هەبێت، چونکە بڕوای وایە پارتەکە توانایەکی گەورەی هەیە و پارتی یەکلاکەرەوەی تورکیایە، بە پێویستیشی زانیوە زیاتر خۆیان ڕێکبخەنەوە.
توندوتیژییەکان لە باکووری کوردستان بوونەتە کێشەی کۆمەڵایەتی
ڕێبەرە زیندانییکراوەکەی پەکەکە لە دیدارەکەدا زۆرترین قسەی دەربارەی ئەو توندوتیژییانە کردووە کە لە کۆمەڵگەی کوردی لە باکووری کوردستان، بەتایبەت لە پارێزگاکانی دیاربەکر، وان و ئێلهـ هەیە و گوتوویەتی: “توندوتیژییەکان لەنێوان عەشیرەت و خێزانەکان لە کوردستان، بووەتە کێشەیەکی کۆمەڵایەتی”.
“توندوتیژی دژی ژنان زیادیکردووە”
هەروەها ڕایگەیاندووە: “هەستیپێدەکەم کە توندوتیژیی دۆخێکی نائاسایی وەرگرتووە. بەتایبەت توندوتیژیی دژی ژنان زۆر زیادیکردووە و ئەمە مایەی نیگەرانیمە”.
دووەم قۆناغی پرۆسەکە کارکردن دەبێت لەسەر توندوتیژییەکان
عەبدوڵا ئۆجەلان باسی لەوەشکردووە، کاتێک قۆناغی یەکەمی پرۆسەی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیی تەواودەبێت، نۆرەی چارەسەرکردنی ئەو پرسانە دێت و گوتوویەتی: “بەڵێنی ئەوە دەدەم کە لە ماوەیەکی کەمدا زیاتر لە 10 وەزارەتی حکومی کاربکەم و یەکەم بابەت کە لەسەری دەوەستم، توندوتیژیی نێو کۆمەڵگەیە و من ئەوە وەک کارێکی نائەخلاقی دەبینم”.
قەندیل پرێس