قهندیل پرێس – ڕاپۆرتی بەدواداچوون
سەرچاوە نزیکەکان لە حکومەتی سووریا ئاشکرایان کردووە کە لە ڕۆژانی داهاتوودا گۆڕانکارییەکی وەزاری لە حکومەتی سووریادا ئەنجام دەدرێت، ئەمەش هاوشانی سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی چەندین وەزارەت دەبێت کە وەزارەتە سیادییەکانیش دەگرێتەوە، جگە لە گۆڕانکاری و گواستنەوەی چەندین پارێزگار.
ئەم باسە لەسەر گۆڕانکارییە وەزارییەکان دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ساڵێک دێت بەسەر پێکهێنانی حکومەتی سووریا لە ئاداری ٢٠٢٥، کە دوای کۆتاییهاتنی ئەرکی حکومەتی کاربەڕێکەر هاتە کایەوە. سەرچاوەکان پێشبینی دەکەن گۆڕانکارییەکان چەندین وەزارەتی خزمەتگوزاری بگرێتەوە، لەوانە: کارگێڕی خۆجێی و ژینگە، تەندروستی، وەرزش و لاوان، کشتوکاڵ، گواستنەوە، پەروەردە و خوێندنی باڵا.
کاوە ئەدهەم، ڕۆژنامەنووسی ڕۆژئاوای کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ قەندیل پرێس ڕایگەیاند کە بەشێک لەم گۆڕانکارییانە وەک ئامادەکارییەک بۆ قۆناغی داهاتوو و خێراکردنی میکانیزمی تێکەڵبوونی هێزەکانی سووریای دیموکرات (قسد) دێت. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە هەندێک لە گۆڕانکارییەکان پەیوەستن بە بارودۆخی تەندروستی وەزیرەکان یان گواستنەوەیان بۆ پۆستی باڵاتر، بەڵام هەندێکی تریان بۆ باشترکردنی ئەدای حکومەتە.
لەلایەکی تریشەوە، سەرچاوەیەک لە بەڕێوبەرایەتیی خۆسەر بۆ قەندیل پرێس ئاشکرای کرد کە پرسی وەرگرتنی پۆستی جێگری وەزیری دەرەوەی سووریا لەلایەن ئیلهام ئەحمەدەوە لەسەر مێزی گفتوگۆیە. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە پێشنیار کراوە وەزارەتی کشتوکاڵ بە کورد بدرێت، چونکە ناوچە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بە ناوچەی سەرەکیی کشتوکاڵی لە سووریا دادەنرێن و کورد دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ لە بوژاندنەوەی ئەو کەرتەدا بگێڕێت.
سەبارەت بە وەزارەتە سیادییەکان، سەرچاوە حکومییەکان جەختیان کردووەتەوە کە گۆڕانکاری لە وەزیرەکانی ناوخۆ و بەرگری و داد و دارایی ناکرێت، چونکە سەرۆکایەتی کۆمار دەیەوێت پارێزگاری لە سەقامگیری ئەو دامەزراوانە بکات، بەتایبەت ئەو وەزارەتانەی کە پەیوەستن بە پڕۆژەی تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (قسد) لەناو پێکهاتەی دەوڵەتدا، وەک وەزارەتی بەرگری کە کار لەسەر ڕێکخستنەوەی دامەزراوەی سەربازی دەکات، و وەزارەتی داد کە ئەرکی لکاندنی باڵەخانە دادوەرییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی پێ سپێردراوە.
ئەم گۆڕانکارییانە وەک هەنگاوێک بۆ کەمکردنەوەی ناڕەزایەتییەکانی شەقامیش دەبینرێت، بەتایبەت لە بەرامبەر بەرزبوونەوەی نرخی کارەبا و خزمەتگوزارییەکان. چاوەڕوان دەکرێت گۆڕانکارییەکان تەنها وەزیرەکان نەگرێتەوە، بەڵکو بەڕێوەبەرە گشتییەکان و پلە باڵاکانی ناو وەزارەتەکانی گەشتوگوزار، پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنیش بگرێتەوە، لەگەڵ گۆڕینی پارێزگارەکانی حەلەب و حومس.
قەندیل پرێس