قەندیل پرێس – هەولێر
شێروان شێروانی ئەو ڕۆژنامەنووسەی لە زیندانەکانی پارتی دیموکراتی کوردستاندا دەستبەسەرە دوای یازدە ڕۆژ لە مانگرتن لە خواردن پەیامێکی پڕ لە ئازار و داواکاری ئاراستەی خەڵکی کوردستان دەکات ئەو پێی وایە بێدەنگبوونی کۆمەڵگە لە ئاست دۆخی ئەودا وەک لێدانی خەنجەرێک وایە کە ڕاستەوخۆ بەر ڕۆحی دەکەوێت.
لە پەیامە دەنگییەکەیدا شێروانی داوا لە هاوڵاتییان دەکات کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ببنە دەنگی و پشتیوانی لێ بکەن ئەو جەخت لەوە دەکاتەوە کە تەنانەت نووسینی پۆستێکی سادەش کاریگەری خۆی هەیە و وەک داگیرساندنی مۆمێک وایە لەناو تاریکیدا ئەو دەڵێت کە لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا فشار و کاردانەوەکانی خەڵک لە سۆشیاڵ میدیا ببووە هۆی نیگەرانی و سەرئێشە بۆ دەسەڵاتداران بۆیە نابێت ئەو جۆرە پشتیوانییانە بە کەم سەیر بکرێن.
شێروانی ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو لەپێناو بەرژەوەندی شەخسی و ئیمتیازاتدا تێناکۆشێت بەڵکو قوربانی بۆ دەنگی ئازاد و مافەکانی کۆمەڵگە دەدات ئەو ڕوو لە خەڵک دەڵێت کە ئەگەر بێدەنگ بن ئەوا لای ئەو قەرزدار دەبن چونکە ئەو لە ناو زیندانەوە باجی ئازادی دەدات و ئەوانیش لە دەرەوە دەتوانن لانیکەم بە قسە و هەڵوێست پشتیوانی بن.
جێگەی ئاماژەیە کە شێروان شێروانی لە ڕۆژی بیست و دووی نیسان کە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە بارودۆخی دەستی بە مانگرتن لە خواردن کرد و تا ئێستاش لەسەر ئەو هەڵوێستەی بەردەوامە.
قەندیل پرێس