باخچەلی: کەرکووک لە بیر ناکەین و چیدی نابێتە بابەتی دانوستاندن

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لەبارەی دۆخی کەرکووکەوە پەیامێکی تووند دەدات و رایدەگەیێنێت، کەرکووک بۆ ئەوان هێڵی سوورە و “نە کەرکووک و نە مووسڵ لە یادەوەرییاندا ناسڕێنەوە.”

رۆژی سێشەممە، لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا، دەوڵەت باخچەلی تیشکی خستە سەر پێشهاتەکانی کەرکووک و جەختی لەوە کردەوە، ناسیۆنالیزمی تورکی تەنیا سنوورەکانی ئێستای تورکیا ناگرێتەوە، بەڵکو “لە هەر کوێ تورکێک بژی و بە تورکی قسە بکات، ئەو شوێنە بەشێکە لە یادەوەریی جوگرافی و نەخشەی دڵی ئێمە.”

سەرۆکی مەهەپە کەرکووکی بە میراتی باپیرانیان وەسف کرد و گوتی، “کاتێک باس لە جوگرافیای میساقی میللی دەکەین، پەرۆشییەک دڵمان داگیر دەکات، لە پێشترینی ئەو پەرۆشییانەشدا کەرکووک هەیە.” ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان لە ئەنقەرەوە “بڵێسەی ئاگری کەرکووک و شیوەنی تورکمانەکان” دەبینن و دەبیستن.

دەوڵەت باخچەلی دەستبەکاربوونی محەممەد سەمعان ئاغا، سەرۆکی بەرەی تورکمانیی عێراقی وەک پارێزگار بە “خاڵێکی وەرچەرخانی مێژوویی” ناوزەد کرد و گوتی، “ئەمە هێورکەرەوەیەک بوو بۆ سکاڵا مێژووییەکان و دەرکەوتنی ئیرادەی تورکمان بوو لە شارەکەدا.”

باخچەلی جارێکی دیکە هەڕەشە کۆنەکانی دووپاتکردەوە و رایگەیاند، “ئەگەر پێویست بکات، لانی کەم 5000 گەنجی خۆبەخشی ئێمە ئامادەن بۆ پاراستنی یەکڕیزی و ئاشتی لە شارە تورکماننشینەکان، بەتایبەتی کەرکووک. ئەمە تەنیا قسەی بێ بنەما نییە، بەڵکو سوێندێکی شەرەفە.”

لە کۆتایی گوتارەکەیدا باخچەلی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم سەدەیە “سەدەی تورکە” و کەرکووک چیدی نابێتە بابەتی دانوستاندن. گوتیشی، “نە کەرکووک لەبیر دەکەین و نە مووسڵ لە مێشکمان لادەبەین. ئێمە لە هێڵی خۆمان لانادەین و خزمەکانمان بە بێ کەسی جێناهێڵین.”

ئەم لێدوانانەی باخچەلی لە کاتێکدایە، دۆخی کارگێڕی و سیاسی کەرکووک هەمیشە جێگەی مشتومڕی لایەنە ناوخۆیی و هەرێمییەکان بووە و تورکیاش بەردەوام چاوی لە پێگەی تورکمانەکانە لەو پارێزگایەدا.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

لەسێدارەدانی گەنجێکی بەلووچ لە لایەن ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی ئێران

بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە، ٦ی بانەمەڕی ١٤٠٥، دەزگای دادی ڕێژیمی ئێران حوکمی لەسێدارەدانی “عامر ڕامش”ی بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *