به‌په‌له

سه‌لاح عه‌باسی: پزیشکیان مورەیەکی متمانەپێکراوی دەسەڵاتە و جگە لەمە تەنانەت ئەگەر مەیلی ئاڵوگۆڕ پێکهێنانیشی هەبێت سنوورەکانی بۆ دانراون و ناتوانێت هێڵە سوورەکان ببەزێنێت

سه‌لاح عه‌باسی ده‌ڵێت: “من پێموایە حزبە سیاسییەکانی دەرەوەی وڵات هەر لە سەڵتەنەتخوازەکان را بگرە تا دەگاتە کۆماریخوازەکان و تا دەگاتە هێزە کوردەکان خاوەنی قورساییەکی ئەوتۆ نین، بە زمانیکی تر ئەم قسەیە دووپات دەکەمەوە حزبە فەرمییەکان بزووتنەوەی کۆمەڵایەتییان لە پشت نییە.
پێچەوانەکەشی ئەوەیە کە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان وەکوو دوو بزووتنەوەی سەرکووتکراوی گەنجان و ژنان خاوەنی قورساییەکی کۆمەڵایەتی گەورەن بەڵام خاوەنی حزبی سیاسی نین و خۆیان هەم لەدەنگدان و هەم لە ئەحزابی کلاسیک دوور خستۆتەوە یا زۆربەیان هەر قەت تێکەڵاوی ئەحزابی کلاسیک نەبوون چ رێفۆرمخواز و چ بەرئەندازیخواز.”

قه‌ندیل پرێس: سڵاو و ڕێز کاک سەلاح، سپاستان دەکەین ئەم وتووێژەتان لەگەڵ قەندیل پرێس قەبووڵ فەرموو، وەکوو پرسیاری یەکەم، هەروا کە ئاگادارن مەسعوود پزشکیان بوو بە سەرۆککۆماری ڕژێمی ئیسلامی ئێران، شرۆڤەی بەڕێزتان لەبارەی ئەوەیکە جارێکیتر ڕێفۆرمخوازەکانی ناو ڕژێم ئیزنیان پێ درا کە بگەڕێنەوە ناو کایەی سیاسی کۆماری ئیسلامی چییە؟ و چ کاریگەریەکی لەسەر شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دەبێت؟

سه‌لاح عه‌باسی: گەرانەوەی رێفۆرمخوازەکان بو ناو دەسەڵات گەرانەوەیەکی سنووردارە کە هەڵبەت سنوورەکان دەسەڵات بۆی دیاریکردوون واتە وا وانییە کە رێفۆرمخوازەکان بەمەرج و شەرتەوە گەرابنەوە و سنووریان بو دەسەڵات دانابێت بەڵکوو پیچەوانەکەی روویداوە.

واتە دەسەڵات بەمەرجی پاراستنی سنوورەکان و هێڵە سوورەکان وەریگرتوونەوە و سەرۆک کۆماری بۆ دیاریکردوون.

لایەنگرانی رێفۆرمخوازەکان لەپروپاگەندەکانیاندا دەڵێن سەرۆک کۆماری تازە (پزیشکیان) بەسەر دەسەڵاتدا سەپاوە و دەسەڵات ناچارکراوە قەبووڵی بکات. ئەمە راست نییە. ئەوە رێفۆرمخوازە حکومەتییەکان بوون کە خوازیاری گەرانەوە بو ناو دەسەڵات بوون. واتە لایەنی سەر بە خاتەمی خوازیاری گەرانەوە بوون بەڵام دەسەڵات وەرینەدەگرتنەوە، دەیانووت رێگا بدەن بو خزمەت بە وڵات بینەوە ناو دەسەڵات.

دوای هەڵبژاردنی رەئیسی بە قەولی خۆیان شەهید رەئیسی دەسەڵات زۆر لە بەشداری نەکردنی خەڵک دڵگران بوو و رێفۆرمخوازەکان ئەمەیان بە دەسەڵات فرۆشت کە هەڵبژاردنەکانی چەند ساڵی دوایی بە هۆکاری بەشدارنەبوونی ئەمانەوە کەم رەونق و کەم شەوق بوون.

بە مەبەستی بووژاندنەوە و زیندووکردنەوەی هەڵبژاردن دەسەڵات وەریگرتنەوە. دەسەڵات بەو ئاکامە گەیشتبوو کە بۆ بەره‌نگاربوونەوەی مەترسییەکانی ئەمریکا و رۆژئاوا پێویستە هەڵبژاردنێکی گەورە و بەگۆڕ و تین لە ئێران بکرێت و بەمجۆرە چاوی دووژمنان کوێر بێت و ئەمە بوو بە هۆی ئەوەیکە رێفۆرمخوازەکان ئەرکدار بکرێن.

دەسەڵات یەکەم مەرجی ئەوە بوو کە خۆی کاندید یا بەربژێریان بۆ دیاری بکات بۆیە کەسانی وەکوو ئیسحاقی جیهانگیری کە بەربژێری رێفۆرمخوازەکان بوو رەت کراوە و لەلایەن شورای چاودێرانەوە پەسند نەکرا. واتە پزیشکیانیان بەسەرداسەپاندن. مەرجی دەسەڵات ئەمەش بوو کە رێفۆرمخوازەکان توانایی خۆیان بۆ بەرپاکردنی هەڵبژاردنێکی گەورە ئیسپات بکەن. ئاوا ئامێزی دەسەڵات ئاواڵایە.

رێفۆرمخوازەکان په‌یامەکەیان وەرگرت و وەخۆکەوتن بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی دەسەڵات. سەرەڕای هەموو حەولەکان رێفۆرمخوازەکان ئەم ئەرکەیان پێ رانەپەڕا و نەیانتوانی هەڵبژاردنێکی گەورە بخۆلقێنن.
لەگەڵ ئەوەشدا کە دەزگاکانیان وەکار خست و دەیان رۆشنبیری وەکوو عەباسی عەبدییان ناردە مەیدان دیسانیش نەیانتوانی قۆرسایی خۆیان بەدەسەڵات بسەلمێنن. هۆکاری سەرەکی ئەوە بوو کە بەشی گەورەی خەڵک متمانەی بە دەسەڵات ،بەهەموو باڵەکانی دەسەڵات لەدەستدابوو.

جگە لەمە کورت بوونی مەودای نێوان مەرگی رەئیسی و هەڵبژاردنی تازە رێگای پروپاگەندای جدی پێ نەدان و نەیانتوانی مەوج یا شەپۆل بخۆلقێنن و بە گوێرەی پێویست دەنگدەر پێشکەش بەدەسەڵات بکەن.
دەسەڵاتیش یارمەتی کردن و هێنانی جەلیلی بۆ ئەم مەبەستە بوو کە چینی مامناوەندی بترسێنن و بیانکێشنە مەیدان. واتە بۆ جاریکیتر کایەی خراپ لە بەرانبەر خراپتردا وەکوو کارتیکی گرنگ بۆ ترساندنی خەڵک بە کار بێنن. دەسەڵات پێشبینی چەند شتی نەکردبوو یەکەم ئەوەی کە دەنگی ئووسووڵگەرایان وەکوو جاران یەکپارچە نەماوە و ناچێتە پشت کاندید یا بەربژێری مەرجەعی ئایینی وڵاتەوە و جگە لەمە کاندیدە ئووسووڵگەراکان وەکوو جاران مەیدان بۆ یەکتر چوڵ ناکەن ئاکامەکەی ئەوە بوو کە دەنگەکانیان بەشکرا لە نێوان قالیباف و جەلیلی دا. پێموایە لەم هەڵبژاردنەدا هەردووک بەرە هەم رێفۆرمخواز و هەم بەرەی دژبەر شکستیانخوارد و ئەوانەی کە بەشدار نەبوون سەرکەوتن واتە مورکی خۆیان بەسەر هەڵبژاردنەکەدا وەشاند. هەڵبەت هەردووک بەرە لەرووی دیسکۆرسی سیاسییەوە پێشتر شکستیانخواردبوو و هیچی تازەیان پێ نەبوو بەڵام ئەمجارە ئەم شکستە لە پراتیکدا خۆی دەرخست.
رێفۆرمخوازەکان ئەگەر توانیبایان هەڵبژاردنێکی پڕئەژمار یا گەورە و زۆرحەشیمەت پێشکەش بکەن هەم لەلایەن دەسەڵاتەوە باشتر وەردەگیران و پاداش دەدران و هەم هندێک مەرج و شەرت لەوانەبوو بەسەر دەسەڵاتدا بسەپێنن و دڵنیا بن لە پشتیوانی جەماوەری و ببن بەنوێنەری هندێک لە داواکارییەکانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی و جەماوەر رابکێشن واتە ژنان و گەنجان و چینی مامناوەندی و باقی وەلانراوەکان لە پشت خۆیان کۆ کەنەوە. بەڵام ئەوەی لە کردەوەدا روویدا ئەوە بوو: رێفۆرمخوازەکان هەم دارکاری کران و هەم پیوازەکەیان خوارد و هەم پارەکەیان لێ ئەستاندن.

هەروەک وتم ئێستا بەشێوەیەکی سنووربۆدانراو بەشدارن لەدەسەڵاتدا، مەبەستم لە پیوازخواردن ئەوەیە کە گرینگترین کەسایەتییەکانی خۆیان لەدەستدا کەسانی وەکوو تاجزادە یا مووسەوی هەرچەند داوایان لێکرا حازر نەبوون دەنگ بدەن و بەشداری بکەن کەسانی وەکوو کەرووبی دەنگیاندا و هتد.

پارەکەشیاندا بەم مانایە کە خەڵکێکی زۆریان لەدەستدا واتە هەم لەئاستی کادیره‌کان و کەسایەتییەکاندا و هەم لە ئاستی لایەنگر و جەماوەردا زەبرێکی قوورسیان بەرکەوت کە هەڵبەت ئەم پرۆسەیە واتە پرۆسەی شکست لە دوای شکستی حەسەنی روحانییەوە دەستی پێکردبوو و لەم هەڵبژاردنەدا گەییشتە لووتکە وایە دەستیان بۆ کاریک برد بەو ئومێدە کە قوورسایی لە کیس چوو دیسان بەدەست بێننەوە بەڵام پێچەوانەکەی دەرچوو. بۆیە ئێستا کەسانی وەکوو تاجزادە و مووسەوی بە هۆی بەشدارینەکردن قوورسایی سیاسی یان زیاتر بووە. گرووپی دووهەم پێیانوایە رێفۆرمخوازی دەبێت لەدەرەوەی دەسەڵاتدا چالاک بێت و گوێ لە شەقام و کۆمەڵگا بگرێت و واز لەدەسەڵات بێنێت.
شکستی پزیشکیان هەر لە ئێستاوە دیارە واتە تا چوار ساڵی دیکە ئەگەر شتی چاوەرواننەکراو روونەدات پزیشکیان لەچوارچێوەی سنوورەکان و هێڵەسوورەکانی دەسەڵاتدا دەجوولێتەوە. هەڵبەت تا چوارساڵی دیکە ئەگەر ئەگەری هاتنە سەر کاری ترامپ و گەمارۆی ئابووری ترامپ و هێرشی نیزامی ئیسرائیل لەبەرچاونەگرین. پێموایە دەسەڵات هێڵە سوورەکانی خۆی نابەزێنێت و ئەم بریارە نەدراوە بەڵام ئەگەری مردنی رێبەر و مەرجەعی وڵات خامنەیی بێگۆمان دەرفەتێک دەخوولقێنێت بە قازانجی رێفۆرمخوازەکان ئەگەر لەم کاتەدا پزیشکیان سەرۆک کۆمار بێت و بتوانێت یا بخوازێت قوورسایی یان پێ ببەخشێت.

ئەگەر هیچ روونەدات و پزیشکیان هەروەک پێشبینی دەکرێت هێڵە سوورەکانی دەسەڵات بپارێزێت ئەمە دەبێتە کۆتایی رێفۆرمخوازە دەوڵەتییەکان و هەیمەنەیان زۆر زیاتر دەشکێت. مەبەستی خامنەیی ئێستاش وەکوو رابردوو ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ رۆژئاوا و ئەمریکا نییە بەڵکوو درێژەپێدان بە دۆخی نە شەر نە ئاشتییە و ئەم سیاسەتە دەبێتە هۆکاری قووڵتربوونەوەی قەیرانی ئابووری و هەڵکشانی نرخی دۆلار و ئاوسانی ئابووری. رێفۆرمخوازەکان پێویستیان بە سەرکەوتن لەدوو بواری گرینگی ئابووری و فەرهەنگیدا هەیە و پێدەچێت لە هەردوو بارەوە بارەکەیان بەمەنزڵ نەگات. ئەگەر ئابووری ئێران بەرەو باشتر نەچێت و دۆخی ژنان و گەنجان باشتر نەبێت شکستی پزیشکیان هەر لە ئێستاوە مسۆگەرە یا چاوەروانکراوە. لایەنێکی دیکە ئەوەیە کە دەسەڵات ناخوازێت داواکارییەکانی چینی مامناوەندی و ژنان و گەنجان قەبووڵ بکات. ئێستاش تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئینترنێت بەگشتی لەکەنار حیجابی زۆرەملیدا هیڵی سووری دەسەڵاتە. پێ ناچێت پزیشکیان بتوانێت لەم بوارانەدا هەنگاوی جدی بنێت.

جگە لەمە مەیدانی سیاسی هیلالی شیعە هەروەکوو خۆی دەمێنێتەوە و لەم بوارەشدا پزیشکیان ناتوانێت هەنگاو هەڵێنێت و دیتمان یەکەم هەنگاوی ناوبراو ناردنی پەیامی پشتیوانی بوو بو حیماس و حزبۆڵای لوبنان. ئەمە لەحالێکدایە کە چاودێران و زانایان و شارەزایان دەڵێن بووژانەوەی ئابووری ئێران پەیوەستە بەرێفۆرمی جدی لە سیاسەتی هیلالی شیعە و ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان واتە کۆماری ئیسلامی لە ئایدئۆلۆژی و شۆڕشەوە یا لە دەسەڵاتێکی شۆڕشگێڕەوە ببێتە دەسەڵاتێکی ئاسایی و دەستبەرداری ئایدئۆلۆژی شۆڕشگێڕانەی خۆی ببێت. هەڵبەت دامەزراندنی ئەنجوومەنی باڵای مەسڵەحەتی نیزام هەر لە بنەرەتدا بۆ ئەوە بوو کە شۆڕش و ئایدئۆلۆژی کەمتر رێگا لە بەرژەوه‌ندی دەوڵەت بگرێت بەڵام بەشێکی گەورە لە ئابووری تا ئیستا فیدای سیاسەتی شۆڕشگێڕانە کراوە و ئەم رەوتە هەر بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی سیستەم دەستبەرداری ناسنامە و پێناسەی ئایدئۆلۆژیکی خۆی نەبێت.
دیارە تا مەرجەعی ئایینی خامنەیی زیندوویە ئەم ئاڵوگۆڕە بنەرەتییە روونادات.جگە لەمە بەشێکی گەورە لە سوپای پاسداران و ئووسووڵگەرایان دژی ئەم وەرچەرخانەن و ناخوازن ئەم پێناسەیە بگۆڕێت.

بۆیە پێموایە تا سیاسەتی حیجاب و دژی ئیمپریالیزم و ئیسرائیل نەگۆڕێت ئاشتی ناوخۆیی لە نێوان میللەت و دەسەڵاتدا نایەتە ئارا. هەروەک باسکرا پزیشکیان و رێفۆرمخوازەکان دەبێت لە چوارچێوەی ئەم هێڵەسوورانەدا بجووڵێنەوە.

قه‌ندیل پرێس: بە ڕای بەڕێزتان مەسعوود پزشکیان چ کاریگەریەکی لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێت؟

سه‌لاح عه‌باسی: سەرۆک کۆماری تازە هیچ کاریگەریەکی گرینگی نابێت لەسەر رۆژهەڵات و سیاسەتە کۆنەکان ئاڵوگۆڕی ئەوتۆیان تێدا پێک نایەت لانیکەم لە کوورتخایەندا. نابێت لە بیرمان بچێت کە پزیشکیان مورەیەکی متمانەپێکراوی دەسەڵاتە و جگە لەمە تەنانەت ئەگەر مەیلی ئاڵوگۆڕ پێکهێنانیشی هەبێت سنوورەکانی بۆ دانراون و ناتوانێت هێڵە سوورەکان ببەزێنێت.

قه‌ندیل پرێس: بەڕێز خالید عەزیزی وتەبێژی حدکا لە وتووێژ لەگەڵ کاناڵی ئێران ئینتێرنەشناڵ دەڵێت، هێنانی پزشکیان و ڕێفۆرمخوازەکان بەرهەمی شکستی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەت بۆ درووستکردنی ئاڵتەرناتیڤ بوو، ڕای بەڕێزتان لەم بارەوە چیە؟

سه‌لاح عه‌باسی: مەبەست لە ئۆپۆزیسیون ئەگەر حزب و کەسایەتییەکانی دەرەوەی وڵات بن ئەمە ڕاستە کە نه‌یانتوانیوە بەرەیەکی سیاسی پێک بێنن و هەنگاو بنێن بەرەو درووستکردنی ئاڵترناتیڤ.
بە بڕوای من ئەو ئۆپۆزیسیۆنەی کە قورسایی هەیە لە ناوخۆی ئێرانە. لێرەدا مەبەستم حزبی سیاسی ئاشکرا نییە کە دیارە ئەمە لە کۆماری ئیسلامیدا رێگاپێدراو نییە. مەبەستم بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانن وەکوو ژنان و گەنجان و ئەتنیکەکان. هندێک بزووتنەوە دەچنە خانەی داواکاری ئابووری یا کولتوری یا سیاسییەوە. کاتێک دوای شۆڕشی ساڵی دووهەزار و نوزدە کە دوای گرانکردنی نەرخی بەنزین روویدا دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی زیاتر لە هەزار و پێنسەد کەسی کووشت دەرکەوت کە ناره‌زایەتییە ئابوورییەکانیش سیاسین یا ئەم هەموو کووژراوە لەسەر حیجابی زۆرە ملی پێماندەڵێت کە داواکارییە کولتورییەکانیش سیاسین یا ئەم هەموو کووژراو و بەندیکراوانە لە زیندانەکانی کوردستان و بەلووچستان و خوزستان پێماندەڵێت کە داواکاری ئەتنیکی داواکارییەکی سیاسییە. لە بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادیدا زۆربەی ئەم بزووتنەوانە یەکیان گرت و سەرانسەری ئێرانیان گرتەوە. ئەگەر بڵێین ئەم بزووتنەوە بەهێزانە ئوپۆزیسیۆن نین چوونکە خاوەنی حزبی سیاسی نین و لەلایەن رێکخراوی سیاسییەوە نوێنەرایەتی ناکرێن تووشی هەڵە دەبین. پێچەوانەکەی ئەوەیە کە بڵێین ئەحزابی سیاسی دەرەوەی وڵات ئۆپۆزیسیۆنن چوونکە میدیا و تەلفزیون و ئەندامیان هەیە و راشکاوانە راگەیندراو دەردەکەن و چەند سەد کەس لە پەنابەرانی دانیشتووی وڵاتانی کەنەدا یا ئەمریکا و ئەوروپا لە کۆبونەوەکانیاندا کۆدەکەنەوە. کاتێک بانگەوازی حامیدی ئیسماعیلیون بوو بە هۆی کۆبوونەوەی پەنجا هەزار کەس لەکەنەدا و نیزیک سەد هەزار کەس لە بەرلین نووسیم کە ئەمە دەستپێکی درووستبوونی ئاڵترناتیڤە چوونکە ئاڵتەرناتیڤ وەکوو چەتریکی گەورەیە و هێزی جۆراجۆر کۆدەکاتەوە ئەمە یانی هێزێک بە تەنیا یا چەند حزبێک ناتوانن ببن بە ئاڵترناتیڤ بۆ نموونە لە خۆپیشاندانی بەرلین دەیان حزب و گرووپ لەکەنار خەڵکی بێ حزب بەشدار بوون ئاڵای سەلتەنەت خواز و کورد لە پاڵ یەکتر دەبیننرا. ئەگەر توانیبایان ئەمە دووپات کەنەوە واتە کۆمیتەیەکی کارگێڕ کە جێگای متمانەی زۆرینە بوایە هەموو جارێک دەیان هەزارکەسی کۆکردباوە ئەمە دەبوو بە دەستپێک بۆ درووستکردنی ئاڵترناتیڤ لە دەرەوەی وڵات چوونکە توانای جوڵاندنی شەقامی تاراوگە مەرجێکی گرینگە لە کەناری توانای دیپلۆماتیکی دیاریکردنی نوێنەر و قسەکەر بۆ چەتر یا بەرەیەکی گەورە.

ئەمە رووینه‌دا و دیسان بووینەوە بە خاوەنی سەدان قسەکەر و کاناڵی حزبی و میدیایی و راگەیاندن کەوابێت نوێنەرێکمان نییە بەناوی بەرەیەکی سیاسییەوە قسە بکات. سەدان نوێنەرمان هەیە کە بەرژەوەندی بەرتەسک نوێنەرایەتی دەکەن. مەبەستم ئەوەیە کە لە ناوخۆی ئێران ئێستا کۆمەڵێک بزوتنەوەی سەرکووتکراومان هەیە کە هەموویان سیاسین جیا لەوەی کە خاوەنی کام داواکاری سیاسی یا ئابووری یا کولتوری بن. بۆ نموونە دیاردەی نەسڵی زد لەبەرچاوبگرین ئەمانە لە رووی حەشیمەتەوە ئێجگار زۆرن بەڵام خاوەنی هیچ حزبێکی سیاسی نین. دیتمان لەکەنار بزووتنەوەی ژناندا کە ئەوانیش خاوەنی حزب نین ئەم نەسڵە چۆن لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادیدا کۆمەڵگای ئێرانی هەژاند. ئەمە بەم مانایە نییە و مەبەستی منیش ئەمە نییە کە دەبێت ئەمانە حزبی تایبەت بە ژنان یا گەنجان دابمەزرێنن بەڵکوو مەبەستم ئەوەیە کە بەشی هەرە زۆری ئەم حەشیمەتە خۆی لە ناو رێفۆرمخوازەکاندا نادۆزێتەوە و نوێنەرایەتی سیاسی خۆی نابەخشێت بە رێفۆرمخوازەکان یا بە حزبە سیاسییە کلاسیکەکانی سەردەمی شۆڕشی ئێران یا بە ئەحزابی ئۆپۆزیسیونی دەرەوەی ئێران. واتە ئەو هێزە گەورەیە کە خاوەنی قوورساییە خاوەنی حزب و رێکخراوی سیاسی نییە.

ئەگەر بیر بکەینەوە کە ژماره‌ی دەنگی رێفۆرمخوازەکان بۆ تا ئەم رادەیە داکشاوە کە هەڵبژاردنی پزیشکیان جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ هەڵبژاردنی رەئیسی نەبوو لەرووی ژمارەی بەشداربوانەوە ئەوکات بیر لەوەش دەبێت بکەینەوە کە ئەوانەی ماڵئاواییان لە دەنگدان کردووە بەشێکی بەرچاوی خەڵکی ئێرانن.

تەنانەت بەشێکی بەرچاو لە خودی رێفۆرمخوازەکانیش هەم لە رێفۆرمخوازی دەوڵەتی و هەم لە دەنگدان کشاونەتەوە. ئەمە بەرهەمی شورشی ژن ژیان ئازادییە. کەواتە ئێستا بزووتنەوەکانی ناوخۆی ئێران تا رادەیەکی زۆر لە ژێر کارتیکەری ڕاپەڕینی ژن ژیان ئازادی دان و بۆیە رێفۆرمخوازی حکومەتی رەت دەکەنەوە. ئەمە بۆتە هۆی ئەوەی کە گەنجان و ژنان ئێستا خاوەنی گەورەترین قورسایی لە ئەمرۆی ئێراندا بە بێ ئەوەی خاوەنی حزب بن یا هێزێکی سیاسی نوێنەرایەتییان بکات. من پێموایە حزبە سیاسییەکانی دەرەوەی وڵات هەر لە سەڵتەنەتخوازەکان را بگرە تا دەگاتە کۆماریخوازەکان و تا دەگاتە هێزە کوردەکان خاوەنی قورساییەکی ئەوتۆ نین، بە زمانیکی تر ئەم قسەیە دووپات دەکەمەوە حزبە فەرمییەکان بزووتنەوەی کۆمەڵایەتییان لە پشت نییە. پێچەوانەکەشی ئەوەیە کە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان وەکوو دوو بزووتنەوەی سەرکووتکراوی گەنجان و ژنان خاوەنی قورساییەکی کۆمەڵایەتی گەورەن بەڵام خاوەنی حزبی سیاسی نین و خۆیان هەم لەدەنگدان و هەم لە ئەحزابی کلاسیک دوور خستوتەوە یا زۆربەیان هەر قەت تێکەڵاوی ئەحزابی کلاسیک نەبوون چ رێفۆرمخواز و چ بەرئەندازیخواز.

قه‌ندیل پرێس: بەڕێز ئەمیر کەریمی، هاوسەرۆکی پەژاک لە وتووێژ لەگەڵ فۆرات نیوز شرۆڤەی هەڵبژاردن و دۆخی ئێستای ئێران و کۆماری ئیسلامی دەکات و بە گشتی ئیمکانی گۆڕانکاری لە ناو کۆماری ئیسلامی ئێران ڕەد دەکاتەوە بەڵام لە دێرێکدا دەڵێت: “لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمارێکی نوێ، ئەگەری ئەوە هەیە کە هەندێک دەرفەت و ئیمکان بکرێتەوە. بێ‌گۆمان ئێمەش پێشوازی لێدەکەین، ئەڵبەت ئەوەش لە سایەی سیستەم و سەرۆکەکەیەوە نییە بەڵکو دەرئەنجامی تێکۆشانی گەلانی ئێران و بەتایبەتی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادییە.”، ئەم دێڕەی بەرێز کەریمی لە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگدانەوەو کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتەوە، ڕای ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟

سه‌لاح عه‌باسی: قسەکەی بەریز ئەمیری بە درووست دەزانم. دیتمان کە لە مشتومڕەکانی هەڵبژاردنی ئەمجارەدا هیچکام لە بەربژێرەکان داکۆکییان نە لە حیجاب کرد نە لە فیلتەر خستنە سەر ئینتێرنێت. ئەمە لە کاتێکدا کە ئوسووڵگەراکان داکۆکی لەم سیاسەتانە دەکەن و پێیانوایە دەبێت داکۆکی لە حیجاب و عیفاف بکرێت. بوچی نەیانوێرا دیفاع لە بیروڕای خۆیان بکەن؟

ئەمە بەرهەمی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بوو کە تەنانەت لەناو گفتگۆی بەربژێرەکانیشدا ڕەنگی داوە هەر وەک وتم کاندیدەکان یا دژی گەشتی ئیرشاد و فیلتێەرینگی ئینتێرنێت قسەیانکرد یا بێدەنگ بوون.
ئێستا کەمتر ئوسوڵگەرایەک دەبینیەوە کە ڕاشکاوانە داکۆکی لە حیجابی زۆرە ملی بکات. هەڵبەت هەر وەکوو پێشتر باسم کرد دەسەڵات هێڵە سوورەکانی خۆی نەگۆڕیوە و هەر لەسەر ئەم سیاسەتانە بەردەوام دەبێت. بەڵام ئەمە بەم مانایە نییە کە دەسەڵات بە قوولی نیگەرانی ئەم دۆخە نییە، دەسەڵات خوازیاری خەڵکانی باوەرمەندە بە ئیسلامی شیعە و پشتی خۆی بە چین و توێژە باوەرمەندەکان بەستووە. کودە فکری و فەرهەنگییەکانی کۆمەڵگا لە چل و پێنج ساڵی ڕابردوودا گۆڕاوە. سێکۆلاریزم پێش چووە و فێمێنیسم هاتۆتە ناو بیروباوەڕی بەشێکی بەرچاو لە ژنان و تەنانەت پیاوانیشەوە. ئەگەر تۆزێک قووڵتر بینەوە دەبینین کە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی لە بنەڕه‌تدا شۆڕشێک بوو لە دژی باوک سالاری نەریتی یا ئایینی و هەر بۆیە دەسەڵات چیتر ناتوانێت بە سانایی دەوری باوکێکی سەختگیر بگێڕێت و وەکوو جاران داوای پاراستنی بایەخە نەریتی یا ئایینییەکان بکات و وەکوو نوێنەری ئایین و داب و نەریت ڕەوایی بە خۆی بدات.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

د. عادڵ ئەلیاسی: زۆرینەیەکی لاوازی ناو سەرکردایەتی پێیان وایه کە ناوەندی هاوپەیمانی حیزبەکانی کوردستان لە ڕاستیدا بەشێکه لە پڕۆژەی جەنگی دەوڵەتانی ئەمریکا و ئیسرائیل

وتووێژیی تایبەتی “قەندیل پرێس” لەگەڵ بەڕێز “دوکتور عادڵ ئەلیاسی” ئەندامی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *