بانگەوازی مەجلیسی پژاک بۆ خەڵکی نیشتمانپەروەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان

گەلی نیشتیمانپەروەری کورد و هەموو گەلانی زاگرۆس

ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بووە بە مەیدانی شەڕێکی دژوار کە  دەرەنجامی سیاسەتە چەوت و دزێوەکانی کۆماری ئیسلامییە. ئەم ڕژیمە لە لایەکەوە، ماوەی ٤٧ ساڵە مافی ژیانی ئازاد و دیموکراتیکی لە گەلانی نێوخۆی ئێران زەوت کردووە، لە لایەکی دیکەشەوە بووەتە سەرچاوەی پشێوی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها مەترسیی بۆ سەر ئاسایشی جیهان. لە ئاکامی ئەم جۆرە سیاسەتانەدا، ئەمڕۆ شەڕێک بەرۆکی حکومەتی ئێرانی گرتووە، کە  لە سەرژیان و هەروەها چارەنووسی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە. بەپێچەوانەی چاوەڕوانیەکان پێدەچێت کە ئەو شەڕە مەودایەکی درێژتر بخایەنێت هەربۆیەش نرخاندنی کاریگەریەکانی شەڕ و بەپێی ئەوەش ئامادەکاری چڕوپڕ پێویستە.دۆخێک لە ئارادیە کە هەڵگری کۆمەڵێک هەڕەشەی جیدی و لەهەمان کاتیشدا، دەرفەتی مێژووییە. لەو باوەڕەداین بە خۆ بەرپرسیار دیتن و پێکهێنانی ئەرکەکانمان دەتوانین دەرفەتەکان بقۆزینەوە، هەڕشەکان پووچەڵ بکەینەوە و هەروەها کاریگەری شەڕ لە سەر ژیانی کۆمەلگەکەمان کەمتر بکەینەوە.  بۆ ئەمەش ئەم خاڵانە دیار دەکەین:

یەکەم: داوا لە سەرجەم گەلی خۆڕاگرمان دەکەین ، ڕۆحی یەکڕێزی و تەبایی بکەنە هەوێنی هێز بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە و هەنگاونان بەرەو سەرکەوتنی کۆتایی. پێویستە بە چاوێکی کراوە و وشیارییەکی سیاسیی قووڵەوە هەنگاو بنێین، تا بتوانین بە کەمترین تێچوو، گەورەترین دەستکەوتی نەتەوەیی مسۆگەر بکەین. یەکگرتنی پتەوی کۆمەڵایەتی، بەهانای یەکترەوە چوون و ڕوحی هەرەوەزی و دەستەوایی کە هەڵقوڵاوی فەرهەنگی کۆمەڵگای ڕەسەن و ئەخلاقی کوردە ڕەمزی خۆپاراستن و سەرکەتنمان دەبێت لەو قۆناخەدا. لە هەموو گووند و گەڕەکەکانی شارەکان دا بە ساز کردنی کۆمیتەکانی ڕێوەبەری خۆجێی، دابەشکردنی ئەرک لە ناو هاونیشتیمان دا و ڕێکخستنی کۆمیتەگەلێک بۆ باتەکانی پاراستن، تەندرووستی وخزمەتگوزاری وهەروەها لۆجیستیک کۆمەلگەی خۆمان لە بەرانبەر هەڕەشەکان و هەروەها کاریگەری شەڕ بپارێزین. کۆماری ئیسلامی هەوڵدەدات لە هیندێک شوێن گەلەکەمان ناچاری کۆچبەری و ئاوارەبوون بکات. ئەو بەشێکە لە سیاستی قڕکردن و پێویستە بە یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی بەرەنگاری ئەو سیاسەتە ببینەوە و خۆڕاگری بکەین. بە نەمانی دەزگاکانی خزمەتگوزاری گشتی پێویست دەکات ئەلتەرناتیڤی ئەو دەزگایانە بە شێوازی هەرێمی لە لایەن گەلەوە ساز بکرێن. دەتوانین نیشان بدەین کە پێویستیمان بە هەبوونی دەوڵەت و دەزگاکانی نیە و کۆمەڵگەی ئێمە توانای خۆبەڕێوەبردنی هەیە. لەبەرانبەر هەر جۆرە هەڕەشەیەک کۆمەلگەی ئێمە بە چەمکی پاراستنی ڕەوا مافی خۆپاراستنی هەیە و سازکردنی کۆمیتەکانی تایبەت بە پاراستن پێویستیەکی ژیانییە . هەروەها بە وریایی تەواوەوە ڕێگر بین لە دزەکردنی بەکرێگیراوانی ڕژیم  بۆ ناو کۆمەڵگە و سازمانی کۆمەڵایەتیمان و ئەو بەکرێگیراوانەی کە ناسراون هانیان بدەین پشت لە ڕژێم بکەن و خۆیان بسپێرنە  دەست، لێبوردەیی گەل. بێگومان ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی، گەورەترین وزەی ئێمە دەبێت بۆ سەرکەوتن وپێویستە لە جاران زیاتر هەوڵەکانمان لەم پێناوەدا چڕ بکەینەوە. دروشممان ئەوەیە: چەندە کۆمەڵگەی یەکگرتوو ئەوەندە بەرخۆدان، چەندە بەرخۆدان ئەوەندە ئازادی.

دووەم: داوا لە تەواوی جەوانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین، ڕۆڵی پێشەنگایەتیی کۆمەڵگە بە باشترین شێوە بەڕێوە ببەن و ببنە قەڵغانی پاراستنی گەلەکەمان لە بەرانبەر ئەوهێرشانەی کە پاکتاو کردنی گەل و لەناوبردنی ئازادی نەتەوەکەمان دەکەن بە ئامانج. جەوانانی نیشتیمانپەروەر بە کوڕ و کچەوە بەرپرسیارانی سەرەکی بەڕێکخستن کردن، بەرز ڕاگرتنی ئاستی ورە، بە سیاسی کردن و پاراستنی کۆمەڵگەی ئێمەنە. هەربۆیەش هەموو جەوانان لە ئاستی ئامادەکاری و خۆ پەروەردە کردن دا خاوەن بەرپرسیاریەتین. جەوانان دەتوانن لە گرووپی بچووک دا خۆیان ڕێکبخەن و پەروەدە بکەن. هەروەها ئەو جەوانانەی کە دەیانەوێ لە ئاستی پسپۆری (حیرفەیی) دا لە بوارەکانی پاراستن و سیاسی دا پەروەدەی پێشکەوتووانە ببینن و وەکوو شۆڕشگێڕی پسپۆڕ خزمەت بە وڵاتەکەمان بکەن با پەیوەست بن بە ڕێزەکانی گەریلای ئازادی کوردستان.  پەیوەستبوون بە ڕیزەکانی گەریلا، بەرزترین ئاستی هەڵوێستی نیشتمانپەروەری و نیشانەی ئەمەکناسییە بۆ نەتەوە و کۆمەڵگە.

سێیەم: بەهۆی ئەوەی کە هەموو ناوەندەکانی نیزامی و ئەمنی و سیخووڕی رژێم لە لایەن ئەرتەشی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دەکرێن بە ئامانجی بۆمباردمان، داوا لە گەلەکەمان دەکەین خۆیان و بنەماڵەکانیان لەو ناوەندانە بە دوور بگرن. هەروەها هێزەکانی رژێم لە ترسی هێرشی ئاسمانی خۆیان لە مزگەوتەکان و مەدرسەکان دا حەشار داوە.
بەکارهێنانی قووتابخانە و مزگەوت بۆ مەبەستی نیزامی تاوانی دژە مرۆڤیە و پێویستە گەلەکەمان نەڕازی بوونی خۆی لە داگیرکردنی ئەو شوێنانە دەرببڕێ. هەروەها خۆ بە دوور گرتن لە هەموو شوێنەکانی خۆحەشاردانی هێزەکانی رژێم بۆ پاراستنی گیانی هاونیشتیمانان بە پێویست دەزانین.
چوارەم: بانگ لە هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە خاوەن ڕەنج و ئەمەگن لە تێکۆشانی پارتیمان دا و بە هەر هۆکارێک، لە ڕیزەکانی تەڤگەرەکەمان  دابڕاون،  یان پەیوەندیی رێکخستنیان نەماوە؛ لەم دۆخە هەستیارەدا، بۆ دووبارە جێگرتنەوەیان لە کار و خەباتدا، پەیوەندی بە ڕیزەکانی پارتییمانەوە بکەن. باوەشی پژاک وەک هەمیشە بە ڕووی هەموو تێکۆشەراندا کراوەیە.

لە کۆتاییدا، جەخت دەکەینەوە تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە بۆ کەنارەکانی ئارامی و ئازادی، لە گرەوی تەبایی و یەکڕیزیی هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەدایە.

مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – پژاک

دووبارە هەوڵبدەرەوە

Featured Video Play Icon

هێرشی دڕۆنیی نوێی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات لە کۆیە

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە ١٥ی خاکەلێوە، کاتژمێر ٧، کەمپە مەدەنییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نزیک …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *