بەپێی زانیارییە تایبەتەکان کە لە سێ سەرچاوەی باوەڕپێکراو بەدەست قەندیل پرێس گەییشتووە، سێ مانگ پێش ئێستا کەجەکە و فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لەبارەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە پێکەوە کۆبوونەتەوە.
سەرچاوە تایبەتەکانی قەندیل پرێس باسیان لەوە کرد، چەند مانگ پێش ئێستا ڕێزدار عەبدوڵڵا ئۆجالان لە ئیمراڵیەوە لە ڕێگەی دەم پارتیەوە نامەیەک بۆ کەجەکە دەنێرێت، لەبەشێک لە نامەکەدا داوا لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) دەکات کە هاوشێوەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، پرۆسەی ئاشتیش لەگەڵ ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستپێبکات.
لەسەر داواکەی ڕێزدار ئۆجالان، شاندێکی کەجەکە بە رێبەریی سەبری ئووک ئەندامی کۆنسەی ڕێبەریی کەجەکە لەگەڵ نوێنەرانی فەیلەقی قودس لە شاری سلێمانی پێکەوە کۆدەبنەوە.
لەم دانیشتنەدا سەبری ئووک داوا لە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات کە پڕۆسەیەکی ئاشتی هاوشێوەی باکوور لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لەگەڵ پەژاک دەستپێبکات، بەڵام نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی بە کەجەکە ڕادەگەیێنن کە ئەوان پەژاک بە فەرمی ناناسن و ئامادە نین لەگەڵیا کۆببنەوە.
لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا، کۆماری ئیسلامی هیچ یەک لە داخوازیەکانی کەجەکە قەبووڵ ناکات، بەڵام هەر دوولا لەسەر ئەوە ڕێکدەکەون کە پێوەندی و کۆبوونەوەکانیان بەردەوام بێت.
قەندیل پرێس زانیویەتی، کەجەکە لەو باوڕەدایە کە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی بەم زووانە ناڕۆخێت بەڵام لەوانەیە لە ئاکامی هێرشە بەردەوامەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لاواز ببێت و ئەوکات ئامادە بێت هاوشێوەی ڕۆژئاوای کوردستان لە سەردەمی بەشار ئەسەد، لە بەشێک لە شارەکانی ڕۆژهەڵات بکشێتەوەو ڕاستەوخۆ ڕادەستی کەجەکەیان بکات.
هەروەها سەرچاوەکان پشتڕاستیان کردەوە، دوای ئەوەیکە ڕێزدار ئۆجالان داوای کشاندنەوەی هێزەکانی پەکەکەی لە باکوور و سنووری نێوان باکوور و باشووری کوردستان کرد، بەشێکی زۆری هێزەکانی پەکەکە لە ناوچە شاخاویەکانی ورمێ تا پێنجوێن جێگیرکراون و ئامادەی هەر ئۆپراسیۆنێکن کە کەجەکە داوایان لێبکات.
قەندیل پرێس