به‌په‌له

پەکەکە و خەیاڵی جیهانی بێدەوڵەت

✍️ د. کەمال سولەیمانی

لە وەڵامی بەڕێز ڕەحیم هاشمی ئەمجەدا ( Rahim Hashmi Amjad)دا:

بەڕێز هاشمی نووسیویەتی کە: ”دەربارەی ئەویە پێیان وایە هێڵی سێیەم رێگەچارەی گۆڕانکاری دیموکراتیکە، هێڵی سێیەم چییە ؟ بە کورتی؛ هێڵی سێیەم هێڵێکە کە نە هیوای بە چاکسازی رژێمە توتالیتەرەکانی ئێستا هەیە و نە چاوەڕوانییەکی لە هێزە دەرەکیەکان هەیە. هێڵی سێیەم تێکۆشان و بەڕێوەبەریی گەلە کە هەوڵ دەدات بە نادەوڵەتی بمێنێتەوە. چونکە بە هۆی پاشخانی فەلسەفی هێڵی سێیەمەوە، خودی دەوڵەت و دەسەڵات کێشە و قەیرانن، بۆیە لەبەرامبەریدا هەوڵ دەدەن سیستمێک لە سەر بنەمای بەشداری خەڵک و دیموکراسی راستەقینە بونیاد بنێن کە ئیرادەی سەرجەم چین و توێژەکان و سەرجەم رەنگەکان کە بەڕێوەبەریی کۆمەڵگادا رەنگبداتەوە. ئەمە ئەزمون وتاقیکردنەوەیەکە بۆ رزگاری لە چەمکی “دەوڵەت” و “دەسەڵاتە”. تاقیکردنەوە و ئەزمونێک کە جێبەجێکردنی دژوارە بەڵام بە دڵنیاییەوە دەرمانی ئەو کێشانەیە کە سوڵتە و دەسەڵات سەرچاوەیانە و بوونەتە مایەی نادادپەروەری، نایەکسانی و هەڵاواردن.”

وەڵامی من:
کاک ڕەحیم گیان! ڕێگەی سێیەم چییە؟ لە پێش مارکسەوە تا ئێستا، باس لە نەمانی دەوڵەت دەکرێت. بەڵام جگە لە بەهێزتر بوونی ڕۆژانەی دەوڵەت، شتێکی دیکە نابینرێت. بەڕاستی جیاوازی ئەو بیرۆکەیە لەگەڵ باوەڕ بە هاتنی مەهدی چییە؟ چ هەلومەرجێکی عەینی و زەینی لەگۆردایە کە مرۆڤ بتوانێ ئەو غەیب کوتنە لە غەیب کوتنی مرۆڤێکی مەزهەبی جیا بکاتەوە؟ مارکسیزم کە لە تیۆریدا وادەی نەمانی دەوڵەتی دا. لە کردەوەشدا، یەکێک لە خرابترین جۆرەکانی دەوڵەتی بەرهەمهێنا; خراپترین جۆری دەوڵەت یانی دەوڵەتی توتالیتاری تەحویلی مرۆڤ دا.

منیش کێشەم لەگەڵ دەوڵەت هەیە. ئەگەر ئەمرۆ دەوڵەتی کوردی دابمەزرێت، بۆ ئازاد مانەوەم لە سپەی ڕا کێشەم لەگەڵ سیاسەتەکانی دەبێت؛ نەک لەگەڵ بوونی دەوڵەت. دەوڵەت ئیدەئاڵ نییە، هەر وەکوو مرۆڤی خۆڵقێنەری دەوڵەتیش ئیدەئال نییە. بەڵام، بێ دەوڵەتی بۆ نەتەوەیەک کۆیلەیییە، توانەوەیە، کۆلۆنیالیزمە و ژنۆساید. لە بەرامبەردا، نموونەی مەوجودی دەوڵەتی باشیش هەیە: دەوڵەتانی ئیسکاندیناویی سەرەڕای زۆر کێشە، لە ژێر دەسەڵاتییاندا مرۆڤ ئازادە، خاوەن مافە، خاوەن کەرامەتە و زۆر شتی پارێزراوە. ئەگەر چاوەڕوانی دەوڵەتی باشتر لەو نموونانەش بین، خەیاڵی نییە. هەر لە کاتی دەوڵەتی وێلفێردا و پێش بوونە باوی نیولیبرالیزم، ئەو دەوڵەتانە نموونەی ئیمکانی دەوڵەتی باشتر لەوانە بوون کە ئێستا لە ئیسکاندیناندویش هەن.

بەڵام وەکوو ئیمپریکاڵ داتا، زانیاری مەیدانی، قەراین، شەواهید، بەڵگەی بەرچاوی ڕۆژانە و نموونەی عەینی و مێژوویی، تەنیا یەک نموونەی دەوڵەتێکی باشی مارکسیستیم نیشان بدە. بشڵێ کە کێهە وڵاتە ئازادە و بێ دەوڵەت، جگە لە بەشێکی سۆمالی کە نموونەی وێرانییە لەبەر بێ دەوڵەتی. هیچ لایەنگرێکی ڕێگای سێیەم و بێدەولەتیش قەت ئامادە نییە بەسەفەریش بە سۆمالیدا بچێت. چونکە دەزانین ئەو بەشەی سۆمالی کە دەوڵەتی نییە چەندە ئاوەدانە. وەکوو ڕۆژئاوای کوردستان گرووپێکی چەکدار بەسەریدا زاڵە.

لەوە گرینگتر ئەوەیە ئێوە کە دژی دەولەتن بۆ لە ڕۆژئاوا دەوڵەتۆکەیەکتان گرتووەتە دەست، ئیزن نادەن کە تاقە هێزێک، تەنانەت ڕۆشنبیرێکی جیافکریش لەوێ بوونی هەبێت؟ بەڕاستی ئێوە دەوڵەت بە چی دەزانن؟ دەوڵەتی یانی ئەو هێزەی کە تووندوتیژی فیزیکی (وەکوو ماکس وەیبەر دەڵێت) و توندووتیژی هێما(یشی وەکوو پیێر بوردوو دەڵێت) ئینحسار و قۆرخ کردووە، ڕات وەکوو ئەوەی ئێوە لە ڕۆژئاوای کوردستان کردووتانە. بەڵام، ئێوە لە سایەی هەلبژاردن و دەنگی خەڵک نەتان کردووە. تەنیا ڕەسمیەتی نێونەتەوەییشتان نییە. دەوڵەت چییە لە لای ئێوە؟ ئەگەر دژی دەسەڵاتی ئینحسار و قۆرخکراون، ئەو هێزە نیزامییەی ڕۆژئاوا هەڵبوەشێننەوە. چیدی بە نێوی ”گەڵ” بەکاری مەهێنن. چونکە زۆربەی سیستەمە توتالیتارەکانی مارکسیستی، وشەی گەل بە پاشکۆی دەوڵەتەکەیانەوە بووە. تەنانەت، ئێستاش ناوی تەواوی دەوڵەتی چین، ”کۆماری گەلی چینە(The People’s Republic of China).”

مارکسیستەکان دەڵێن کە ئەو نموونەی هەبووی سۆسیالیزمیی دەوڵەتی نە سۆسیالیست بوو و نە گونجاو لەگەڵ مارکسیزمی ڕاستەقینە. منیش دەڵێم وایە. بەڵام، ١) ئەوە دەیسەلمێنێت کە لە سەرەتای مودێرنیتەوە تا ئەمڕۆ، مرۆڤ توانای سازکردنی سیستەمێکی ئیدارەی لە دەرەوەی دەوڵەت-نەتەوە نەبووە. ٢) تا ئێستاش هیچ قەرینە و بەڵگەیەک بۆ سازی کردنی نییە. ٣) ئەو ئیدیعایەی مارکسیستەکانیش هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ ئیدیعای ئیسلامیستەکان نییە کە دەڵێن سەعودی نموونەی دەولەتی ئیسلامی نییە، ئێران نییە، تالیبان نییە، پاکستان نییە یان دەڵێن هیچ دەوڵەتێکی مەوجوود هێمای دەوڵەتی ئیدەئاڵی ئیسلامی نییە.
فەرقی ئیدیعای ئەو دوو گرووپە چییە؟ یان هیچیان ڕاست ناکەن و خوێندنەوەکەیان هەڵەیە، یان ئەوەیکە ئەوان بە سیستەمی ڕاستقینەی دەزانن تەنیا خەونە. ئەو شتە، دەقیقەن لە بارەی ئیدیعای خەیاڵی پەکەکەشدا ڕاستە. وادەی ئێوە، جیاوازی لەگەڵ وادەی ئەو ئەستێرەناسە نییە کە باسی دەکرد کە لە ئاسمان و لە فڵان ئەستێرە خەریکە چ ڕوو دەدا، بەڵام نەیدەزانی لە بنانگوێی خۆی، ماڵەکەی ئاوری گرتووە.کاکە ئێوە ئاگاتان لە حاڵی کورد هەیە؟ ئاگان لە ڕۆژئاوا هەیە؟ ئاگادارن کە هەموو ڕۆژێ لە سلێمانی دیاردەیەک بە نێوی دەوڵەتی تورک دێت و بە درۆن ڵێتان دەدات؟ ئاگادارن کە ئەو دەولەتەی کە پەکەکە ساڵی ١٩٧٨ دژ بەوی خەباتی دەست پێکرد، ئێستا سەد قات بەهێزترە لەو کات؟ ئەدی ئێوەی کە غەیب دەزانن پێش بینی دەکەن کە دەوڵەت نەمێنی، چی؟ ئاگادارن کە چەند لاوازترن؟ ئاگادارن کە خەریکە لە کێوەکانیش کورد جێی نامێنێ؟ ئاگادارن کە ئەو خۆ تەقاندنەوە چەند لە سەر ئێوەی بێ دەولەت کەتووە؟ لە بەرامبەردا ئاگادارن کە تورکیا ساڵێک پێش، ئێوەی کیمیا باران کرد بەڵام عەبەدەلبەشەر خۆی لێ وەدەنگ نەهێنا؟ دەزانن کە ئەگەر دەوڵەتێکی وەکوو ئەمریکا نەبێت بە ڕۆژێک کورد لە ڕۆژئاوا، ئاوای قیامەت دەکرێت.

کاکە لە ٢٠٠٥ وە پەکەکە، ئەو غەیب کوتنەی دەست پێکردووە و بە بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێک ئیدیعای ڕێبەرێکی ئەسیر. لە ٢٠٠٥وە تا ئێستا چ شتێک عەمەلی ڕوویداوە بیسەلمێنیت کە بێدەوڵەتی و ڕێگای سێیەم جێی دڵ پێ بەستنە؟ بەڕاستی لە تورکیا، کورد چی دەستکەوتووە بێسەلمێنێ کە دەوڵەتی تورک نامێنێ، بەڵام کورد بە کۆنفیدرالیزم دەگات و لە سایەی ئەو کۆنفیدرالیزمە وەک زەمانی محەمەدی مەهدی گورگ و مەڕ پێکەوە ئاو دەخواتەوە.

لە ٢٠١٥ دا پەکەکە داوای لە خەڵک کرد کە بێن بەڕێوەبەری خۆسەر ڕابگەیەنن. کە سایەی ئەو ڕاگەیاندنە کورد نە خۆی ما و نە سەری. دەوڵەتی تورک زۆربەی شارەکانی کوردستانی باکووری وێران کرد. لە جزیرە نیزیک ١٧٠ کوردی بە زیندووی سوتاند. بەڵام، کاتێک کە لە فیلسوفی کۆنفیدرالیزمی دێموکراتی یان جەنابی دوران کاڵکانیان پرسی کە ئێوە بۆ داواتان لە خەڵک کرد ئەو کارە بکات؟ کارێک کە بوو بە هۆی وێرانی کوردستان و ئەوەی جزیرەی لێکەوتەوە؟ کاڵکان لەوپەڕی نابەرپرسیارەتی فەرموویی: کە ئێمە نەمان دەزانی دەوڵەتی تورک هێندە دڕندەیە.

جەنابیان پێشبینی دەکات کە یەک تاقە دەوڵەت لەو جیهانە پان و برینەدا نەمێنێت و بەهەشتی کۆنفیدرالیزمی دێموکراسی باوەش بۆ مرۆڤایەتی بکاتەوە. بەڵام، دوای ٤٠ ساڵ بەناو خەبات دژ بە دەوڵەتی تورک، جەنابییان دەفەرمێ کە ئەو تاقە دەوڵەتەش ناناسێت و نەدیدەزانێ کە دەوڵەتی تورک چۆنە. ئەوە هەمووی تێگەیشتنەکەیەتی لەدەوڵەت.

لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە ئێوە لە حالێکدا ئەو ڕێگا سێیەمە و نەمانی دەوڵەت بە خەڵک دەفرۆشن کە ئۆجەلان لە کتێبی دێموکراتیک ئولوسدا بەڕاشکاوی دەڵێ کە هاتنەدی کۆنفیدراڵیزمی دێموکراتی بە مانای نەمانی دەوڵەت-نەتەوە، نییە. دەڵێ کۆنفیدالیزم و دەوڵەت-نەتەوە لە بن یەک سەقفدا جێیان دەبێتەوە. تەنانەت، دەشڵێت کە سیستەمی کۆماری [وەک ئەوەی تورکیا] باشترین سیستەمە. ئەوەش زیاد دەکات کە هەموو دامەزراوە، یاسا و سنوورەکانی دەوڵەتی تورکیای قبووڵە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە زۆر خەڵکی تورکیش کێشەی لەگەڵ دامەزراوەکان و سیستەمی تورکیا هەیە.

دیسانیش لە ٢٠٠٥ وە بە ئەمری ئۆجەلانی ئەسیری دەوڵەتی تورک، کەجەکە دامەزراوە. لە ٢٠٠٥وە، کەجەکە بڕیاری جێبەجێ کردنی یاسای چوار دەوڵەتی دژە کوردی داوە. نەک، لەبەر ئەوەیکە دەوڵەت نامێنێ. بەڵکوو، بە گوتەی خودی ئۆجەلان، لەبەر ئەوەیکە ئۆجەلان لە ڕێی ئیمرە تانەرەوە (موستەشاری ئەو کاتی میت) پێی کوترا بوو کە ئەگەر کەجەکە یانی ڕێکخراوێک کوردی بۆ چوار بەشی کوردستان دابمەزرێنێ، ئاکەپەش پرۆسەی دێموکراتیزاسیۆن لە تورکیا دەست پێ دەکات. (بۆ تورکیا مامڵەیەکی ئاوا لەگەڵ ئۆجەلان دەکات بۆ دامەزراندی ڕێکخراوێک بۆ چوار بەشی کوردستان، وڵامەکەی دەبێ لای پەکەکە بێت). ئەوە ڕاستیەکە لە ساڵی ٢٠١٤ دا ئۆجەلان بۆ خۆی بە سەڵاحەدین دەمیرتاش و پەروین بوڵدانی دەڵێت و لە کتێبی دێموکراتیک کورتولوشدا، باسی کردەوە. دامەزرانی کەجەکە هیچ پەیوەندیەکی بە نەمانی دەوڵەتەوە نییە.

بەپێچەوانە و بە قسەی ئۆجەلان، ئاکامی تەفاهومی ڕێبەری زیندانی پەکەکە و موستەشاری میتی تورک یانی ئیمرە تانەرە. تکایە، پێش ئەوەیکە ئەو خەیاڵە بە خەڵک بفرۆشن تۆزێک لەگەڵ وێژدانی خۆتان حیساب و کیتاب بکەن.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

هاوڕێیان تکایە بیر لەو بابەتە بکەنەوە! ئەوە پەیوەندی بە چارەنووسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە داهاتوویەکی نزیکدا هەیە

هاوڕێیان تکایە بیر لەو بابەتە بکەنەوە! ئەوە پەیوەندی بە چارەنووسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە داهاتوویەکی نزیکدا …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *