سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئەنقەرە لەگەڵ سەرۆککۆماریی تورکیا و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆبووەوە و باسیان لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراقدا کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەردانی ئەنقەرەی کرد و لە کۆشکی کۆماریی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە.
نێچیرڤان بارزانی: باسمان لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانمان کرد
نێچیرڤان بارزانی لە پۆستێکیدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی ئێکس رایگەیاند، کۆبوونەوەکەیان دەرفەتێک بووە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بۆچوونەکانیان، دەربارەی پرسە ناوچەییەکان و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ تورکیا، کە نێچیرڤان بارزانی بە “نزیک و ستراتیجی” ناویبردووە.
گفتوگۆ کراوە دەربارەی قوڵکردنەوەی هاوکارییەکان و بەدیهێنانی ئاشتی
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەشکردووە، گفتوگۆیان دەربارەی رێگاکانی قوڵکردنەوەی هاوکارییەکان و بەدیهێنانی ئاشتی، سەقامگیری و خۆشگوزەرانیی ناوچەکە کردووە.
سەرۆکی میت ئامادەی کۆبوونەوەکە بووە
لە کۆبوونەوەکەدا، ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا “میت”، بورهانەدین دوران، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار و عاکیف چاغاتای، گەورەڕاوێژکاری ئەردۆغان بۆ ئاسایش و سیاسەتی دەرەوە ئامادەبوون.
شاندی یاوەری سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش پێکهاتبوون لە فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و فەلاح موستەفا، یاریدەدەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە.
نێچیرڤان بارزانی چەند کاتژمێرێک پێشتر لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەی نێچیرڤان بارزانی و هاکان فیدان، جهختیان له خواستى هەردوولا بۆ برهودان به پهيوهندييهكانى توركيا لهگهڵ عێراق و ههرێمى كوردستاندا كردووەتەوە و باس لە چۆنيهتيى فراوانكردنى بوارهكانى هاريكاريى هاوبهش کراوە.
فوئاد حسێن سەردانی ئەنقەرە دەکات و لەگەڵ فیدان کۆدەبێتەوە
لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، پرسی ئاو لە کێشە گەورەکانی نێوان تورکیا و عێراق بووە و بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە كۆبوونهوهكهدا باس لهو پرسە کراوە و نێچيرڤان بارزانى داكۆكیى له پێويستيى ههماههنگيى نێوان عێراق و توركيا كردووه، بەو جۆرەی بهڕێوهبردنى ئاو بەشێوەیەک بێت، پێداويستييهكانى ههردوولا دابين بكات.
سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی لە کاتێکدایە، بڕیارە رۆژی هەینی، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و جێگری سەرۆکوەزیران، سەردانی ئەنقەرە بکات و لەگەڵ هاکان فیدان، هاوتا تورکییەکەیدا کۆببێتەوە.
قەندیل پرێس