دەستگیرکردنی سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ ئۆپۆزسیۆنی خستووە بەردەم لێکترازان

قەندیل پرێس – راپۆرتی بەدواداچوون

پرسی ده‌ستگیركردنى شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ کە ماوەی هەفتەیەکە دەستگیراوە و بووە بە رۆژەڤی سیاسی باشوری کوردستان و ئۆپۆزسیۆنی خستووە بەردەم لێکترازان و پارچەبوون، ئەو پارتەش هەڕەشەی خۆپێشاندانی سەرتاسەری دەکات و سەرچاوەیەکیش بۆ قەندیل پرێس هۆکاری دەستگیرکردنەکەی بۆ نێزیکبوونەوەی لە تورکیا دەزانێت.

شاسوار عەبدولواحید تا 24ـی ئەم مانگە لە زینداندا دەمێنێتەوە.

بەپێ زانیاریەکانی قەندیل پرێس بڕیاری ڕاگرتنی شاسوار عەبدولواحید تا 24ـی ئەم مانگە لە زیندانی گرتن و گواستنەوەی سلێمانی ڕاگیراوە و ئەو لە ژوورێكی سەربەخۆ و تایبەتدایە و لە هۆڵەكانی زیندانیەكان نیە و جێگاكەی تایبەتە و فەرمان كراوە بەشێوەیەكی تایبەت مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت و هەموو پێداویستیەكی بۆ دابین بكرێت.

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جۆڵانەوەی نەوەی نوێ سەرۆکی گەورەترین هێزی ئۆپۆزسیۆنە کە خاوەنی 25 کۆرسییە لە پەرلەمانی کوردستان و ئێراق بێجگە لە کایەی سیادی ئەو وەک بازرگانێکی گەورەو ناسراو خاوەنی چەندین پڕۆژەکانی خانوبەرەیە و پرۆژەی گەشتیاری “چاڤی لاند” ە.

شادی نەوزاد، پەرلەمانتاری خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كە لەسەر لیستی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ بوویە پەرلەمانتار بە قەندیل پرێسی راگەیاند؛ لەسەر سكاڵایەكی من كە لە ساڵی 2019 لەسەر شاسوار عەبدواحیدم تۆماركردووە دەستگیركراوە كە ئەو كاتە هەڕەشی لێكردبووم، بەلام دوێنێ‌ دادگا بەكاری خۆی هەستا و ناوبراوی دەستگیركرد.

کوپیەکی سکاڵاکە بەدەست قەندیل پرێس کەوتووە کە، ئەو سكاڵایەی لەسەر شاسوار عەبدولواحید تۆمارکراوە مێژووەکەی بۆ 30ـی 5ـی 2019 وە دەگەڕێتەوە و لە لایەن پەرلەمانتار شادی نەوزادەوە تۆمارکراوە و ساڵی 2021 براوەتە دادگا و لە رۆژەوە تاوەکو رۆژی 3ـی ئەم مانگە دا دادگا بەردەوام بووە لە بەدواداچوون بۆ کەیسەکە. بەڵام لەبەر ئامادەنەبوونی شاسوار عەبدولواحید دادوەر بە غیابی حکومی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە بۆ شەش مانگ.

چوارشەممە 13ـی ئابی 2025، هەردوو فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان و عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا چەند نهێنییەکیان لەسەر دۆسیەی دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئاشکرایان کرد و راگەیاند؛ دەستگیرکردنی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەسەر ئەوەیە کە پێشتر رایگەیاندبوو، ئەگەر هەرێم گرفتی مووچە چارەسەر نەکات، هەڵوێستی جددیان دەبێت؛ بەم رەفتارە چەتەگەرییەش ئاشکرایە کە پارتی و یەکێتی باش دەزانن نەوەی نوێ چۆن ناچاریان دەکات پابەندبن بە رێککەوتنەکانیانەوە.
باسیان لەوەشکرد، کە تا ئێستا نازانن لە كوێ دەستبەسەرە و نەشیان هێناوە بۆ دادگا، هەروەها لەرووی یاساییەوە بە غیابی حوكمدراوە و پارێزەكەی پەڵپی گرتووە لەو بڕیارە؛ هەروەها “سەلامەتی سەرۆکی جوڵانەوەکە دەکەوێتە ئەستۆی هەردوو بنەماڵەی یەکێتی و پارتی بەتایبەت بافڵ تاڵەبانی”، وتیشیان دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید بەمانای ترسی یەکێتی دێت لەم هەڵبژاردنە.

پۆلیسی سلێمانی؛ دەستگیرکردنی شاسوار یاسایی بووە.

رائید سەرکەوت وتەبێژ و بەرپرسی پەیوەندییەکانی پۆلیسی سلێمانی بە قەندیل پرێسی راگەیاند؛ “پرسی دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ تەواو یاسایی یە و لە لایەن پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکراوە و شوێنی ئاشکەرایە و مافی پەیوەندی لەگەڵ خێزانی و دیداری پارێزەرەکانی پێ دراوە“.

پارێزەرێک؛ شاسوار نزیکەی 69 دۆسیەی یاسایی لە دادگا هەیە.

پارێزەر ئازاد تەها بە قەندیل پرێسی راگەیاند؛ سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەسەر چوار دۆسیە، کە دیارترینیان دۆسیەی هەڕەشەکردن بوو لە شادی نەوزادی پەرلەمانتاری پێشووی جوڵانەوەکەی، دەستگیرکرا. بەڵام نزیکەی 69 دۆسیەی یاسایی لە دادگا هەیە کە بەشی زۆریان پەیوەندی بە مولکداری و قەرزی خەڵک و حکومەتەوە هەیە.

یەکێتی؛ ئەو بانگەشەی نەوەی نوێ دەیکات دورە لەراستی.

سەرچاوەیەکی باڵا لەنێو سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە قەندیل پرێسی راگەیاند: ئەو بانگەشەی نەوەی نوێ دەیکات دورە لەراستی کە پەیوەندی بە رێکخستنی خۆپێشاندانەوە هەبێت، ئەو خۆی پەیوەندی نەوەی نوێ لەگەڵ پارتی دیمۆکراتی کوردستان بۆ لاوازکردنی رۆڵی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە پرسی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها نزیکبوونەوەی نەوەی نوێ لە هێزە ئیقلیمییەکان و بەدیاریکراوی سەرەدانی شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەکە بۆ تورکیا و کۆبوونەوە لەگەل جێگری وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە نیگەرانی لای هێزە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دروست کردووە.

ئێرانییەکان لەبەغدا پەیوەندی بەنەوەی نوێوە کردووە

رۆژی پێنجشەممە لەبەغدا ئێرانیەكان پەیوەندیان بەنەوەی نوێوە كردووەو نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بەدەستگیرکردنی شاسوار عەبدوالواحیدی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و وتویانە “هەموو هەوڵی خۆیان دەخەنەگەڕ بۆ ئازادكردنی”.

پارتی نیگەرانە لە دەستگیرکردنی شاسوار

هەرچەندە شاسوار عەبدولواحید لەهەولێریش فەرمانی دەستگیركردنی هەیە، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان سەبارەت بەدەستگیرکردنی لە رووی میدیاییەوە بێدەنگەو توشی ئیحراجی بووە، بەڵام دور لە چاوی میدیاکان پارتی پەیوەندی كردووە بەیەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان‌و نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە.

ئه‌گه‌رچی زۆربەی لایەنەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی له‌و به‌ره‌یه‌ هه‌ژمار ده‌كرێن كه‌ به‌ “دژى ده‌سه‌ڵات” ناسراوه‌، به‌ڵام زۆرینه‌ى لایه‌نه‌كانى ئۆپۆزیسیۆنى هه‌رێم هیچ قسه‌یه‌كیان له‌باره‌ى ده‌ستگیركردنى سه‌رۆكى جووڵانه‌وه‌ى نه‌وه‌ى نوێ- شاسوار عه‌بدولواحیده‌وه‌ نه‌كرد.

سەرباری کۆمەڵی دادگەری هیچ لێدوانێکی فەرمی لەسەر ئەم مژارە نەبووە، تەنیا پێشتر لە په‌نجه‌ره‌ ڕاگەیاندبوو: “کاتێک شاسوار عەبدولواحید قسەی دەکرد، بێ سڵەمینەوە تۆمەتی بۆ دروست دەکردین، ئەمە جگە لەوەی دۆسیەی یاسایی دیکەی لەسەرە وەک قەرزی حکومەت، بۆیە ئێمە ناتوانین ببینە پارێزەری.”

نەوەی نوێ، کۆمەڵی دادگەری بە “نزیکبوونەوە لە دەسەڵات” تۆمەتبار دەکرد، لە بەرامبەریشدا کۆمەڵ بە شێوەی نافەرمی نەوەی نوێی بە “حزبەکەی چاڤیلاند” و سەرۆکەکەشی بە بازرگانێکی سیاسی ناودەبرد.

پەیوەندیی ئاڵۆز لەگەڵ لایەنەکانی تر: بێدەنگیی ڕەوتی هەڵوێست چاوەڕوانکراو بوو، چونکە ئەم ڕەوتە بەردەوام ڕەخنەی توندی لە شێوازی کارکردنی سیاسی و میدیایی نەوەی نوێ گرتووە.

هاوکات، بەرەی گەل کە هێزێکی نوێی سیاسییە، هەر لە سەرەتاوە نەیتوانی لەگەڵ نەوەی نوێ بگاتە هیچ جۆرە هەماهەنگییەک، ئەمەش وایکردووە لەم دۆسیەیەدا خۆی بەدوور بگرێت.

نزیکبوونەوەی یەکگرتوو: پێچەوانەی ئەوانی تر، هەڵوێستی نیگەرانیی یەکگرتووی ئیسلامی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو لێکنزیکبوونەوە سیاسییەی کە لەم دواییانەدا لەنێوان هەردوولادا دروست بووە.

نەوەی نوێ داوای خۆپێشاندانی سەرتاسەری دەکەن

کوردەوان جەمال سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان بە قەندیل پرێسی راگەیاند؛” دەستگیرکردنی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ سیاسییە و حکومەتی ماوە بەسەرچووی هەرێمی کوردستان لە ترسی جوڵاندنی جاددە لە لایەن گەورەترین هێزی ئۆپۆزسیۆنەوە بە نایاسایی شاسوار عەبدولواحدی ڕفاندووە“.

هاوکات دوێنێ یەکشەممە 17ـی ئابی 2025، فراکسیۆنەکانی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان و عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا وتیان، تا رۆژی شەممە چاوەڕوانی لایەنەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتین، بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانی سەرتاسەری دژی دواکەوتنی مووچە.
وتیشیان،” ئەگەر لایەنەکانی دەرەوەی ئەو دوو حزبە وەڵامیان نەدایەوە، ئێمە وەک نەوەی نوێ هەڵوێستی خۆمان رادەگەیەنین”.

لە درەنگانی شەوی سێشەممەی 13ـی 8ـی 2025 بە وتەی نەوەی نوێ هێزێکی یەکێتی بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە  بە وتەی پۆلیسی سلێمانی هێزێکی فەرمی ئەوانبووە؛ هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و دەستگیریانکرد و تا ئیستا چارەنووسی لەبەردەم دادگاییکردن و ئازادکردنیدا دیار نیە.

شاسوار عەبدولواحید قادر ئیبراھیم لەدایکبووی 2ـی کانوونی یەکەمی 1978ە لە تووی مەلیک، سلێمانی، عێراق کەسایەتی سیاسی و سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ یە، لەھەمانکاتدا دامەزرێنەر و خاوەنی کۆمپانیای نالیا و تەلەڤیزیۆن و ڕادیۆی نالیایە، دەرچووی کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆی سلێمانی.

لە سەرەتای بڕیاری کردنی ڕیفراندۆمەوە دژایەتی خۆی بۆ ئەو بڕیارە دەرکرد و لەگەڵ نزیک بوونەوەی کاتی ڕیفراندۆم بەرەی «نەخێر لە ئیستادا» ڕاگەیاند و داوای کرد دەنگ بدەن بە نەخێر لە ڕیفراندۆمدا. دواتر لە ساڵی 2017 دا جوڵانەوەی نەوەی نوێی دامەزراند و ئیستا گەورەترین هێزی ئۆپۆزسیۆنی هەرێمی کوردستانە.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

Featured Video Play Icon

هێرشی دڕۆنیی نوێی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات لە کۆیە

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە ١٥ی خاکەلێوە، کاتژمێر ٧، کەمپە مەدەنییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نزیک …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *