قهندیل پرێس:41 ساڵ بەسەر دەستپێکی خەباتی چەکداری پەکەکە لە دژی دەوڵەتی تورکیا تێپەڕ دەبێت، بۆ چی لەو کاتەدا پەکەکە خەباتی چەکداری هەڵبژارد و دوای 41 ساڵ بڕیاریی داوە خەباتی چەکداری ڕاگرێت؟
هیوا خۆشناو: ساڵانی نێوان ١٩٦٠-١٩٧٠ کان، مۆدێلی بزووتنەوەی ڕزگاری نەتەوەیی لە برەودان دابو. ئەو مۆدێلە لە لایەن یەکێتی سۆڤیەت زیاتر پەرەی پێ دەدراو، نمونەکانی لە شەڕی ڤێتنام، کوبا و جەزائیر بیندرابوون. ئەو مۆدێلە هاوکات لە پەراوێزی جەنگی ساردی نێوان دوو بلۆکی سۆسیالیستی و سەرمایەداریدا بەڕێوەدەچوون و لایەنەکان بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان یان لایەنگیرییان لە بزووتنەوەی ڕزگاری نەتەوەییدا دەکرد، یان دژ بە بزووتنەوەکە، لایەنگیریان لە دەوڵەتی نەتەوەیی مەرکەزیدا دەکرد.
پکک لە هەناوی چەپی تورکدا دا هاتبوە دەرەوە، تورکیاش وڵاتێکی ئەندامی ناتۆ بو. لە سیستێمی کەمالیستی تورکیادا، نە کورد و نە چەپ جێگای نەدەبوەوە. بۆیە نەوەک بەتەنیا پکک، بەڵکو بەر لە پکک زۆربەی زۆری بزووتنەوە چەپەکەن، غەیرەچەپە نەتەوەییەکانیش هەوڵیان داوە برەو بە خەباتی چەکداری بدەن. پارتی دیموکراتی کوردستانی تورکیا بە سەرکردایەتی د.شڤان و سەعید ئێلچی نمونەی ئەو یەکە بوون، کە لە کوردستانی عێراقدا پشتیان دابوە بزووتنەوەی بارزانی و ئامادەکارییان بۆ شەڕی چەکداری دەکرد.
دوای کۆدێتای ساڵی ١٩٨٠، تورکیا ڕاوی کوردە نەتەوەیی و چەپەکانی تورکیا و کوردی دەنا و دەرفەتی خەباتی شاراوەیی شاریش نەمابو. کادیرانی سەرکردایەتی پکک وەک کەمال پیر، محەمەد درموش و مەزڵوم دۆغان، کە دەستگیرکرابوون، لە زینداندا بەرگریەکی بێ وێنەیان دەکرد و بەهۆی مانگرتن تا مردن و خۆسوتاندن، کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر هەست و سۆزی شۆڕشگێرەکان دانابو.
پکک جگە لە پەنابردن بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی فەڵستینی بەسەرکردایەتی یاسر عەرەفات، دەرفەتێکی دیکەی لەبەردەستدا نەمابو. کوردستانی عێراق دوای لەنابردنی د.شڤان و هاوڕێکانی بەداخوازی تورکیا و بەدەستی بارزانی، ئەزمونێک نەبو کە شۆڕشگێرەکانی کوردی تورکیا بتوانن پەنای بۆ ببەن. جگە لەوە پکک نەیدەویست لە ساڵانی ١٩٨٠کاندا ببێتە بەشێک لە جەنگی نێوان عێراق و ئێراندا. بۆیە بزووتنەوەکە دەبێتە بزووتنەوەیەک کە کاریگەری بەرخۆدانی زیندانی لەسەرە، هاوکات کاریگەری بزووتنەوەی سیکۆلاری فەلستینی و پەیوەندیەکانی لەگەڵ ناسیۆنالیزمی عەرەبی سیکۆلار و دژ بە ئیمپریالیزم-زایۆنیزم دەیگەیەنێتە ئاستی هەڵگیرساندنی شەڕی پارتیزانی.
پکک وەک بزووتنەوەیەکی ڕزگاری نیشتیمانی کە دروشمی سەربەخۆیی کوردستان و لەناوبردنی داگیرکاری بەرزدەکردەوە، لە ساڵانی کۆتایی ١٩٨٠ و سەرەتاکانی ١٩٩٠ دا توشی پارادۆکس دەبێ. هۆکاری پارادۆکسەکە ئەوەبو کە شەڕی چەکداری زیاتر خەڵکی گوندی و {گوایە پرۆلێتاری} لەخۆی کۆدەکردەوە، چینی مامناوەندی نەیدەتوانی لەناو بزووتنەوەکەدا جێ بگرێ. بۆیە دەبینین لەو ساڵانەدا کەسانی وەک ئەحمەد ترک، مەهدی زانا، ئاپێ موسا و ….هتد لەناو پارتە تورکیەکاندا خۆیان وەک بەرئەندام نیشان دەدەن و دەنگی کوردە شاری و نیمچەشارییەکان بەدەست دێنن. وە ئەوانە سەرباری ئەوەی ئەندامی پارتە تورکیەکانن، بەڵام نکۆڵی لەناسنامەی کوردی خۆیان ناکەن. لەوکاتەدا پکک ناچاردەبێ ڕێگایەک هەڵبژێرێ: یان ئەوەتا ئەوانە وەک خائین و بەکرێگیراو لەقەڵەم دەدەیت و دژایەتیان دەکەیت، یان ئەوەتا قەبوڵیان دەکەیت. ئۆجالان کە دووربین بو لە سیاسەتکردندا ڕێگای دووەمی هەڵبژارد و داوای لە لایەنگرانی پکک کرد، کە پشتگیری لە سیاسیە سڤیلەکان بکەن و دەنگیان پێ بدەن.
ئەگەرچی ئەوە رێگایەکی عاقڵانەبو کە ئۆجالان و پکک هەڵیان بژارد، بەڵام ئەوە وایکرد تێڕوانینەکانی پکک بۆ داگیرکەر بکەونە ژێر پرسیار. تۆ ناتوانی لەلایەک قوتابخانە، مزگەوت، شارەوانی و سەرجەم دامودەزگاکانی دەوڵەت وەک داگیرکەر ببینیت و لەگەڵیان بجەنگی، بەڵام لەلایەکی دیکە پشتگیری لە سیاسیە سڤیلەکان بکەیت کە دەچنە پارلمانی {داگیرکەر} و موچە وەردەگرن، یان دەبنە سەرپەرشتیاری دائیرەکانی داگیرکەر.
لە سەرەتای ساڵانی ١٩٩٠ەوە پکک هەوڵی داوە ئەو ناکۆکیە چارەسەربکات، بەڵام سەرباری چەندین هەوڵ، هەڵومەرجی ناوخۆی پکک، دەوڵەتی تورکیا و هەرێمی ڕێگای نەدەدا.
ئێستا، سەرباری ئەوەی لە ڕووی سەربازییەوە پکک لە باکور پاشەکشەی پێ کراوە، بەڵام بزووتنەوەکە لە گۆڕەپانەکانی دیکەدا، وەک سوریا، ساحەی سیاسەتی لێگال {یاسایی} لەناو تورکیادا و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا کارتی گەورەی لەدەست دان و تورکیاش بەبێ ڕێککەوتن لەگەڵ کوردەکان ناتوانێ ببێتە هێزێکی هەرێمی و بۆشاییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و قەفقاسیا پڕبکاتەوە.
شکستی ئێران لە سیاسەتی پرۆکسی و ڕوخانی ڕژێمی سوریا و هەڵکشانی هەژمونگەرایی ئیسرائیل لەناوچەکە، دەرفەتێک بە هەردولا دەدا، بیر لە ڕێگایەکی دیکە بکەنەوە، بەڵام ئەو ڕێگایە تا ئێستا میوەی نەداوە.
قهندیل پرێس: بەشێک لە چاودێران پێیان وایە لە سەردەمی ئێستادا کە تکنۆلۆژی سەربازی و سیخۆڕی زۆر پێشکەوتوو بووە، خەباتی چەکداری ناتوانێت وەکوو ڕابردوو وەڵامدەر بێت، بەپێی ئەم بۆچوونە پەکەکە ڕێگەیەکیتری بێجگە لە ڕاگرتنی خەباتی چەکداری نییە، ڕای بەڕێزتان لەم بارەوە چییە؟
هیوا خۆشناو: ئەو بۆچوونەی سەرەوە ئەگەرچی هەندێک ڕاستی تێدایە، بەڵام بۆچوونێکی تێرکەر و فراوان نیە. خەباتی چەکداری یان توندوتیژی یان هەرناوێکی دیکەی لێ دەنێی، بۆ ئەوە نیە تۆ ئەنجام وەربگری، بەڵکو بۆ ئەوەیە بە لایەنی بەرانبەر و جیهان بڵێی {کێشەیەک هەیە، کە لایەنی بەرانبەر نایهەوێ وەک کێشە بیبینێ}. ئێستا ئەگەرچی دەوڵەت ناو لە پرۆسەی دیالۆگی ئیمراڵی نانێ و دەستەواژەی {تێرۆرسز تورکیا -واتە تورکیای بێ تێرۆر}ی لێ ناوە، بەڵام لە ژوورە داخراوەکاندا وانیە. هەموو لایەنەکان دان بەوەدا دەنێن کە دەبێ کێشەی کورد لەناو تورکیایەکی یەکگرتودا چارەسەر بکرێ. کەواتە لێرەدا شەڕی چەکداری چ بایەخێکی دەمێنێ؟ بەڕای من شەڕی چەکداری نەوەکو بایەخی نەماوە، بەڵکو ئاستەنگە لەبەرانبەر تێکۆشانی سڤیلی کورد و دیموکراسی لە تورکیادا. ئەگەر شەڕی چەکداری و چەک نەما، دەوڵەت بە چ بیانویەک دەتوانێ سەڵاحەدین دەمیرتاش دەستگیر بکات؟ تەنانەت یەکێک لەو بیانوانەی کە سەرۆکی گەورەشارەوانی تورکیا ئیکرەم ئیمامئۆغڵوی لەسەر دەستگیرکاوە پکک ەیە. لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ڕابوردودا، ئەردۆغان هەڵسا ڤیدیۆیەکی مۆنتاژکراوی سازدا کە گوایە کاندیدی جەهەپە [کەمال کلچدارئۆغڵو] لەگەڵ موراد قەرەیەڵاندا قسەی کردوە و شار بە شار دەگەڕاو سەرکەوتنی بەدەست هێنا.
ئۆجالان لە یەکێک لە دوا دیدارەکانیدا بە شاندی ئیمراڵی گوتوە {ئەگەر ئاشتی و دیموکراسی هەبێ، چەک دوژمنە}. ئەوە مانای ئەوەش دەگەیەنێ کە چەک، ئەگەرچی لە هەندێک قۆناغدا ئامرازێک بوە دژ بە ئینکار، بەڵام جەهالەت، نەژادپەرستی، دواکەوتویی، عەقڵیەتی حزبی داخراو کە سیاسەت لەسەر خوێن و ئەدەبیاتی شەهیدان دەکات، بەرهەم بێنێ. تەماشای ئاستی کادیرەکانی حزبە چەکدارەکان بکەیت، ئەوەت بۆ دەردەکەوێ.
من پێموایە پکک لەبەرانبەر تەکنۆلۆژی مۆدێرنی تورکیادا، هەر هیچ نەتوانێ، دەتوانێ چالاکی خۆکوژی لەناو تورکیا ئەنجام بدات، بەڵام ئەمە سودی نیە و لە ئەنجامی ئەوەدا نەژادپەرستی تورک و دکتاتۆریەت بەهێزتر دەبێ و سیاسەتی ڕۆژئاوای کوردستان و سیاسەتی یاسایی کوردەکانی تورکیا توشی کێشە دەبێ تا ئاستی لەیەکتر ترازان.
قهندیل پرێس: لە ڕێوڕەسمی پیرۆز کردنی 15ی تەباخ لە شاخ کە چەند ڕۆژ پێش ئێستا بەڕێوەچوو، گەریلاکان بە چەکەوە دەرکەوتن، پەیامی بڵاوکردنەوەی ئەم ڤیدیۆیە لەلایەن پەکەکەوە لەم کاتەدا چییە؟
هیوا خۆشناو: پرسیارێکی گرینگە و بەجێیە. لەو پرسیارەی ئێوە زیاتر زانیاری ئەوە هەیە کە گەریلاکان تا دێت تونێلەکانیان گەورەتر دەکەن و چەک و تەقەمەنی و پیشەسازی درۆن لەناو تونێلەکاندا بەجێ دەکەن. پکک ئەزموونی باش و خراپیشی لەو قۆناغانەی دیالۆگ و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردن بینیوە، ئێرە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. پکک زیاتر لە ٤٠ ساڵ جەماوەر و لایەنگرانی خۆی لەسەر بنەمای شەڕ پەروەردە کردوە. ئەو قۆناغە هەم لە لایەن پکک، وە هەم لەلایەن دەوڵەتەوە لەسەرەوە فەرزکراوە و جۆرێک ئۆتۆریتەی ئۆجالان لەلایەک و دەوڵەت باخچەلی لەلایەکی دیکەوە بەسەریەوە زاڵە. دەبینی لەلایەکەوە پکک پەیوەستبوونی خۆی بە دەستپێشخەری ئۆجالان نیشان دەدا، لە لایەکی دیکەوە لە تەلەفزیۆنەکانیاندا نیشانی دەدەن کە چۆن تونێلەکان گەورە دەکەن و لولەی تفەنگمان نیشان دەدەن. لە دەرەوەی کوردستانیشدا لە جیاتی ئەوەی باس لەسەر گرینگی پرۆسەکە بکەن، باس لە کۆبوونەوەی کوردە ناسیۆنالیستەکان و جولەکە زایۆنیەکان دەکەن، کە هەردووکیان دژ بە ئاشتی و چارەسەرین.
١٥ی ئاب ئەگەرچی ڕەهەندێکی مێژووییە و کوردەکان ئاساییە یادی بکەنەوە، لێرەدا هەڵەیەک یان کێشەیەک نیە، بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە تۆ هێشتا بتهەوێ نیشانی بدەی کە چارەسەری لە لولەی تفەنگ دایە. خەون بینین بە گەڕاندنەوەی مێژوو و ئەوەی لە مێژوودا لەدەسەتت داوە، ئەوڕۆ بیگەڕێنیەوە. ئەوە دەتباتەوە ناو فەلسەفەی سۆسیال داروینیزم، تۆڵەکردنەوە و جینۆساید.
بێگومان هەردولا بەپێی عەقڵیەتی خۆیان، ڕەنگبێ ئەو جۆرە نماییشانە وەک ترساندنی لایەنی بەرانبەریش نیشان بدەن. خۆی لەگەڵ دەستپێکردنی پرۆسەکانی ئاشتیدا لە جیهاندا، بەردەوام ترساندنی بەرانبەریش هەبوە، بەڵام وەکو لەسەرەوەدا باسمکرد، ئەمە زیان بە گەشەی فکری و زهنی دەدا.
قهندیل پرێس: ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەدوای 7ی ئۆکتوبر گۆڕانی زۆری بەسەر هاتووە، بەپێی ئەم گۆڕانکاریانە پەکەکەی دوای 7ی ئۆکتوبر چ گۆڕانێکی بەسەر هاتووە؟
هیوا خۆشناو: لە پەراوێزی پرسیارەکانی سەرەوەدا کەم کەم وەڵامی ئەوەمان دایەوە. ٧ی ئۆکتۆبەر بە کورتی گۆڕانکارییەکی لە کۆسێپتی ئاسایشی ئیسرائیل-خۆرئاوا هێنایە ئاراوە. واتە ئەوەی یان ئەوانەی تۆزێک بۆنی هەڕەشەیان لە ئیسرائیل لێ دێت، دەبێ پەلامار بدرێن، لاواز بکرێن و ناچاری ڕێککەوتن و ئەنتیگراسیۆنی نوێ بکرێن. بەڵام بەرەی خۆرئاوا هەموویان لەو بوارەیەوە وەک بیرناکەنەوە، هەروەک چۆن هەموویان دەربارەی ئێران یان جەنگی نێوان ئۆکراین و ڕوسیا بیرناکەنەوە. دەربارەی تورکیا، لە پەیوەندیەکانی لە نێوان ئیسرائیل و ناتۆدا، مەسەلەکە زۆر ئاڵۆزترە. ئیسرائیل نایهەوێ لە سوریای ئایندەدا، تورکیا پێگەیەکی سەربازی گەورەی هەبێ، بەتایبەتی لە ناوەڕاست و باشووری سوریادا. وە ئیسرائیل لە ڕژێمی ئێستای ئەردۆغان نیگەرانە لە پەیوەندیەکانیدا لەگەڵ ئێران و بزووتنەوەی حەماس دا {ئەگەرچی تورکیا جگە لە گوتار کردارێکی دژ بە ئیسرائیلی نیەو لە پشتەوە ووزەی ئازەربایجان بۆ ئیسرائیل دەگوازێتەوە}.
لە لایەکەی دیکە پێگەی تورکیا وەک بەهێزترین وڵاتی ناوچەکە و ئەندامی ناتۆ لە قەفقاسیا زۆر گرینگە و دەستلێبەرنەدراوە. تورکیا دەتوانێ ڕۆڵێکی زۆر گەورە ببینێ لە ئابڵۆقەدانی ئێران و ڕوسیا لە ناوچەکە کە ئامانجە کۆتاییەکەی ڕێگای ئاوریشمی چینیە. مەسەلەی ئاشتکردنەوەی ئازەربایجان و ئەرمێنیا و کردنەوەی کۆریدۆری زەنگەزوور، لەلایەک لاوازکردنی ئێران و ئابڵۆقەدانیەتی بەڕووی قافقاسیا، لەلایەکی دیکە، دوو وڵاتی سەربە یەکێتی سۆڤیەتی جاران و ژێر هەژموونی ڕوسیا، دەکەونە ناو ئامێزی ئەمریکا.
لێرەدا کارتە گەورەکەی تورکیامان بۆ دەردەکەوێ. گرینگی ئیدارەی ترامپ بۆ تورکیا هەر ئەوەیە. بۆیە قونسوڵی ئەمریکا لە تورکیا، هاوکات نوێنەری دۆناڵد ترامپە بۆ سوریا و لوبنان، کە دەیهەوێ پردێک لە نێوان ئیسرائیل و تورکیا بدۆزێتەوە کە لەسەر پشتی ئەحمەد الشەرع دا تێدەپەڕێ و دیوێکی پردەکەش هێزەکانی سوریای دیموکراتیک واتە پکک ەیە. خۆی لە خۆیدا هەوڵی ڕێککەوتنی کوردەکان لەگەڵ تورکیادا، کە حکومەتی کاتی سوریاشی لەناودایە بۆ ئەو کێشمەکێشە نوێیەیە، کە ئامانجە کورتخایەنەکەی ئابڵۆقەدانی ئێران و ڕوسیایە و ئامانجە دوور و سەرەکیەکەشی ئابڵۆقەدانی ڕێگای ئاوریشمی چینیە.
کوردەکان بە چاوێک سەیری ئەو هەڵمەتە نوێیەی ئەمریکا دەکەن و چاوەکەی دیکەیان لەوەیە کە ئایا چاینا، ڕوسیا و ئێران تواناو ئەگەری سازدانی هەڵمەتێکی پێچەوانەیان هەیە یان نا؟
قەندیل پرێس