قەندیل پرێس – هەولێر
محەمەد عەبدولڵا پارێزەری شێروان شێروانی بە قەندیل پرێسی راگەیاند؛ شێروان شێروانی بە تۆمەتی سیخوریکردن بۆ ئەمریکا، ئەڵمانیا و سوید سزادراوە و ئیستاش دەیانەوێت بە تۆمەتی دیکە دیسان سزای بدەن.
محەمەد عەبدولڵا راگەیاند؛ رۆژی سێ شەممە، 19 ئابی 2025 , دانیشتنی یەکەمی، دۆسیەی سێیەمی بریکاردارم رۆژنامەنووس شێروان شێروانی لە دادگای کەتنی بنەسڵاوە، کە دەکەوێتە ناحیەی کەسنەزان لە بینای ناحیەی، بەڕێوە دەچیت.
دەسەڵاتی سیاسی لە هەولێر، یەک بەدوای یەک گێچەڵی یاسایی بۆ رۆژنامەنووسی زیندانی کراو، شێروان شێروانی دروست دەکات بە ئامانجی رێگریکردن لە ئازادبوونی.
جارێک بە تومەتی سیخوری بۆ ئەمریکاو ئەڵمانیا و سوید، لەگەڵ هاوڕێکانیدا حوکمدرا، جارێکی تر بەناوی پەنجەمۆری ساختە لەناو زیندان، جارێک بەناوی ئیهانەی بەرپرسێک و هەڕەشەوە.
دادگاو دادوەرەکانی هەولێریش وەک ئامرازی ژێر دەسەڵاتی حزبی گوێڕایەڵانە، فەرمانەکانی ئەوان و دەزگا ئەمنیەکان جێبەجێ دەکەن و یاسا پشتگوێ دەخەن، سیاسیانە رەفتار دەکەن.
شێروانی کەوا خەریکە پێنج ساڵ لەزیندان تەواو دەکات، لەسەر دوو کەیس، دوو حوکمی جیاوازی خواردووە، کەچی ئێستا کەیسێکی تریشی بۆ لە دادگا ئامادەکراوە، بۆ ئەوەی حوکمی زیندانیکردنی زیاتری بدەن.
رۆژنامەنووس شێروان شێروانی کاندیدی خەڵاتی نۆبلی ئاشتییە بۆ ساڵی 2025 و رۆژنامەنووسێکی دیارە، لەسەر بیروڕاکانی مکوڕە و هەموو بەرتیل و ئۆفەرێکی دەسەڵاتی رەتکردۆتەوە، کە لەبەرامبەر سازش بۆی پێشنیارکراوە. کەدواجار مانگی 5|2025 دا بەڵێنی قەرەبووکردنەوەی (5) ساڵ زیندانیکردنەکەی بە ئیمتیاز پێدرابوو، لەلایەن لیژنەیەکی ئەمنی سەر بە پارتی کە لەزیندان سەردانیان کردبوو.
ئەمەش گەواهیدەری بێ تاوانی و بە سیاسیکردنی کەیسەکەیەتی.
سەرەڕای ئەمەش تاکو ئێستا لە زینداندا لە ژێر چاودێریەکی توند دایەو شەڕی دەروونی لەگەڵ دەکرێت.
شێروان ئێستا لە ژوورێکدایە کە ستاندارد بۆ 10 سزا دراو دروستکراوە، کەچی 23 و هەندێک جار زیاتریش سزادراو دە پەستێنە ژوورەکە، کە بەشێک لە سزادراوەکان نەخۆشی دەروونیان هەیە، بەشێکیشیان نەخۆش و پەککەوتەن.
بەردەوامیش کێشە بۆ پەیوەندی تەلەفۆنی و سەردانی کردنی دروست دەکەن، هەروەها رێگری لە کۆمەڵێک کتێب دەکەن، کە بەدەستی بگات. هاوکات بێ بەشکراوە لە لەبەشداری خولەکانی ناو زیندان و هەروەها درێژەدان بەخوێندن و قسەکردن بۆ میدیاکانیشی لێ قەدەغە کراوە، هەروەکو ناهێڵن بگوازرێتەوە بۆ زیندانی چاکسازی سلێمانی و رێگەش نادەن، ئازادبوونی بەمەرجی پێ بدرێت.
بەهۆی هەڵوێستی خۆراگرانەی شێروانەوە، خانەوادەکەشی تووشی سزاو پێشلێلکاری بوونەتەوە. ساڵی پار بەهۆی بڵاوکراوەیەک بۆ ڕای گشتی لەسەر کەیسەکەی، بارزان شێروانی برای لەلایەن گروپێکی دەمامکدار لەنێوان رێگای هەولێر بۆ دهۆک، دەرفێندرێت و ئەشکەنجە دەدرێت، کەسیش لەسەر ئەم پێشێلکاریە ناگیرێت. دەسەڵاتی سیاسی لە ناوچەکەدا کە پارتیە، هیچ هەڵوێستێکیان نابێت، لە کاتێکدا لەرێگای کەمێراکانەوە، تاوانبارەکان بدۆزنەوە.
شێروانی دەیان جار، لەرێگەی پارێزەرەکانی و نوێنەرو ئەندامانی کەمپینی ئازادی بۆ شێروان شێروانی، لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئاگادارکردۆتەوە، چ نووسینگەی وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی و چ بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاکسازیەکان و چ دەستەی مافی مرۆڤ، کەچی چارەسەر بۆ ئەم پێشێلکاریانە نەکراون.
دەداگاکانیش هەمیشە مراوەغەو دەستاو دەستیان بە پارێزەرو کەیسەکەیەوە دەکەن چ بە شاردنەوەی کەیسەکەو چ بە وەڵام نەدانەوەو دەیان رێگریتر.
شێروانی دەڵێ بۆمن سەلمێنرا کە سەرانی ئەم دەسەڵاتە کەیسەکانی بە سیاسی و شەخسی کردووە.((دەیانەوێت تۆڵەی ئەو راپۆرتانەم لێبکەنەوە کەلەسەر گەندەڵی و پێشێلکاریەکانی ئەوانم نووسیبوون و بڵاوم کردونەتەوە)).
قەندیل پرێس