شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە وەزارەتی بەرگری سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات یەکتریان تۆمەتبارکرد، لەبارەى گرژى و ئاڵۆزییەکان لە گوندەکانى نزیک شارى مەنبەج لە باکووری رۆژهەڵاتی پارێزگای حەلەب.
شەوى رابردوو، گرژى و ئاڵۆزى لەنێوان هێزەکانى سوریاى دیموکرات و سوپاى سوریا روویدا، ئەوەش لە نزیک شارى مەنبەج، کە بەهۆیەوە چەند کەسێک برینداربوون.
وەزارەتى بەرگرى سوریا دەڵێت، هێزى سوریاى دیموکرات دەستپێشخەربوون بۆ هێرشەکان و ئەوانیش رەتیدەکەنەوە و دەڵێن، هێزەکانیان وەڵامى ئەو هێرشانەیان داوەتەوە، کە کراوەتە سەریان.
وەزارەتی بەرگریی سوریا رایگەیاند، هێرشێک لەلایەن هێزەکانی سوریاى دیموکرات ئەنجامدراوە و بەهۆیەوە چوار کارمەندی سوپا و سێ هاووڵاتی مەدەنی برینداربوون.
وەزارەتى بەرگریی سوریا، هێرشەکەی بە “نابەرپرسیارانە” و هۆکارى نادیارە وەسف کردووە.
وەزارەتى بەرگریی سوریا راشیگەیاندووە، لە ئێستادا یەکەکانی سوپا هێرشى پێچەوانە ئەنجام دەدەن و سەرچاوەى هێرشەکان بە ئامانج دەگرن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، کەهێزەکانیان چەند مووشەکێکیان ئاراستەى ئەو ناوچانە کردووە، کە بۆردومانەکانى لێوە ئەنجامدراوە، بەتایبەتى لە لە دەوروبەری شاری مەسکەنە، کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی پارێزگای حەلەب.
هەروەها رایگەیاندووە، هێزەکان توانیان هەوڵێکی دزەکردنى هێزەکانى سوریا دیموکرات شکستپێبهێنن، لە نزیک گوندی ئەلکایاریە.
لە بەرامبەردا هێزەکانی سوریای دیموکرات لێدوانەکانی وەزارەتی بەرگریی سوریای رەتکردەوە و رایگەیاند، هێزەکانى سوریا و گرووپە چەکدارییەکان هێرشەکانیان ئەنجامداوە و ئەوانیش بە مافى خۆیان دەزانن بەرگرى لە هەر هێرشێک بکەن و رووبەڕووى ئەو هێزانە ببنەوە هێرش دەکەنە سەریان.
هێزەکانى سوریاى دیموکرات جەختی لەسەر پێویستی رێزگرتن لە ئارامی لە ناوچە کردووەتەوە و رایگەیاندووە، نابێت ئەو هێرشانەى ئەنجامدراوە دووبارە ببنەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، دیمەشق و قامیشلۆ بەردەوامن لە گفتوگۆ، بۆ ئەوەى بگەن بە رێککەوتنێک بۆ تێکەڵکردنى هێزەکانى سوریاى دیموکرات بە سوپاى سوریا، بەڵام گفتوگۆکان هێشتا نەگەیشتوون بە ئەنجامى کۆتایی.
قەندیل پرێس