قەندیل پرێس- دیمەشق
سەرچاوەیەک لە هەسەدە بۆ قەندیل پريس: مەزڵوم عەبدی سەرۆکایەتی شاندێکی سیاسی و سەربازیی ڕۆژئاڤا دەکات بۆ کۆبونەوە لەگەڵ نێردەی تایبەتی ئەمەریکا و فەرەنسا و نوێنەرانی دەوڵەتی سوریا لە دیمەشق.
سەرچاوەی هەسەدە وتیشی: مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیمۆکراتیک هەسەدە دوێنێ شەو بە فرۆکەیەکی ئەمریکی و بە پاسەوانی دوو فرۆکەی دیکەی ئەمریکی گەیشتە دیمەشق.
کۆبونەوەی نێوان عەبدی و تۆماس باراک نێردەی تایبەتی ئەمەریکا و جان باتێست فیفەر نوێنەری حکومەتی فەرەنسا و بەرپرسانی دیمەشق دەستیپێکردووە، ئامانج لێی جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی ئەحمەد شەرع و مەزڵوم عەبدیە، تایبەت بە چارەنوسی تێکەڵکردنی دامەزراوەکانی ئیدارەی خۆسەر و هەسەدە لەگەڵ حکومەتی دیمەشق.
ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشبینی دەکرا کۆبوونەوەی نێوان عەبدی و تۆماس باراک نێردەی تایبەتی ئەمەریکا لە هەولێر ئەنجامدرابا، بەڵام عەبدی بە چاودێری ئەمریکا و فەرەنسا لە فرۆکەخانەی سەربازی رمێلانەوە گەیشتە دیمەشق بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەکان.
قەندیل پرێس