وتووێژیی تایبەتی “قەندیل پرێس” لەگەڵ بەڕێز “د. شێرکۆ حەمەئەمین” سیاسەتمەدار و ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتی کۆنگرەی نیشتیمانی کوردستان (کەنەکە)، دەربارەی بەستنی 23ـیەمین کۆنگرەی کەنەکە لە هۆڵەندا و بڕیار و ڕاسپاردەکانی کۆنگرە، هەروەها دۆخی سیاسی کورد لە گۆڕانکاریەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا”.
د. شێرکۆ حەمەئەمین: لە کاتێکدا دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست لەبەردەم ئاڵنگاری و گۆڕانکاریدایە، بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لە 24 -25ـی ئایاری 2025 لە هۆڵەندا زۆر گرنگە، لە کۆنگرەدا جەخت لەوە کرا کە پێویستە یەک دەنگی و یەک رێزی هەبێت، چونکە ئەم سەد ساڵە ئایندەی کوردستان دیاری دەکرێت و پێویستمان بە یەکگرتن و یەکرێزی کورد هەیە.
هەروەها دەربارەی ڕەوەندی کوردی بەجدی کار لەسەر ئەوە کرا کە کورد لە دیاسپۆرا رێکخراو و یەکرێز بێت، کورد بتوانێت لە دەرەوە لۆبیەکی باش لەپێناو پرسی کوردا بکات.
پێویستە بڕیاری ژمارە 24ی پەرلەمانی کوردستان جێبەجێبکرێت کە تایبەت بە پەیوەندیەکی نیشتیمانی باشور و رۆژئاوای کوردستان و بە فەرمی ناساندنی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان، لەسەر ئەو بنیاتە دەبێت هەردوو لا هاوکاری یەکتر بن.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) هەر لە ساتی دروستبوونیەوە لە ساڵی 1999 بانگی هەموو لایەنە سیاسیەکان، دامەزراوە و سیاسەتمەدار و کەسایەتیەکی هەر چوار پارچەی کوردستان کردووە کە بەشداری کۆنگرەکە ببن، خوشبەختانە زۆربەی لایەنەکان بەشدارن بەڵام بەداخەوە هەندێک لایەن یان بەشدار نابن یا خۆد وەکو پێویست بەشداریان نییە.
دەربارەی لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەرگای کەنەکە بە ڕووی هەموویاندا کراوەیە، بەڵام کە دیمۆکرات و کۆمەڵە بەشداری ناکەن پەیوەندی بە ئەوان هەیە و پێم باشە ئەم پرسیارە ئاراستەی ئەوان بکرێت چونکە هەمیشە ئێمە بانگەوازیان بۆ دەنێرین کە بەشداری کۆنگرە بکەن، لە کاتێکدا مامۆستا ئیبراهیم عەلیزادە واتە کۆمەڵەی کۆمۆنیست بەشداریان کردبوو.
دەربارەی باشوری کوردستان کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، پێویستە حوکمێکی ڕەشید دابمەزرێت و ژیانی خەڵک باش بکرێت، کوتایی بەو ناکۆکی و ململانە سیاسیە بهێنرێت بە تایبەتی هەردوو پارتی دەستەڵاتدار، پێویستە حکومەتی کوردی لە خزمەتی خاک و خەڵکدا بێت و خزمەتگۆزاری شایستە پێشکەشی خەڵک بکەن، هەروەها زیندانییەکانی بادینان و سەرجەم زیندانییە سیاسییەکان ئازادبکرێن.
پرسی باکوری کوردستان و پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دوای بانگەوازەکەی بەرێز ئۆجەلان لە 27ـی شۆباتی ئەم ساڵ، وە بەدەمەوە هاتنی پارتی کرێکارانی کوردستان و بڕیاری خۆ هەڵوەشاندنەوە کە بە شێوەیەکی زۆر ئەرێنی وەڵامی بانگەوازەکەی بەرێز ئۆجەلان درایەوە بۆ ئاشتی، بۆیە پێویستە دەوڵەتی تورکیا زەمینەی یاسایی و سیاسی ساز بکات، و هەمواری دەستور بکرێت، بێگۆمان ئەگەر تورکیا هەنگاو نەنێت ئەوا کورد بەهێزتر دەبێت، چۆنکە خەباتی ئێمەی کورد بەردەوام دەبێت، بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی روونتر دەبێت ئەوە کوردە ئاشتی خواز و تورکیا شەڕ دەخوازێت.
دەربارەی رۆژئاوای کوردستان کە سەرباری هەموو دۆخێک سەرکەوتوو بوونە، ئەنجامدانی کۆنفرانسی لایەنەکان لە رۆژئاوا هەنگاوێکی زۆر باش بوو و بێ گومان مێژوو سەلماندویەتی یەکگرتووی لە قازانجی کورد دایە.
ئیستا کورد لە رۆژئاوای کوردستان خاوەن هێزێکی رێکخراو و بەهێزی وەک هەسەدەیە، ئیدارە و حکومەتێکی سیکۆلاری هەیە و هەموو پێکهاتەکان تێیدا پارێزراون و لە هەموو پێکهاتەکانی تری سوریا بەهێزترە. بۆیە پێویستە کورد لە رۆژئاوای نیشتیمان بە یەکگرتووی و یەک گۆتاری دانوستاندن لەگەڵ دیمەشقدا بکات بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی گەلەکەمان لە رۆژئاوای کوردستان و پرسی ماف و مانەوەی ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان و هەموو پرسەکانی دیکە لەگەڵ حکومەتی سوریا یەکلای بکەنەوە.
قەندیل پرێس