سی پی تی ئاماری بۆردوومانەکانی تورکیای لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە

رێکخراوی سی پی تی ئەمریکی دەڵێت، لە مانگی ئایاردا سوپای تورکیا 510 بۆردوومان و تۆپبارانی لە هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە و هەپەگەش دەڵێت، لە ئەنجامی بۆردوومانەکانی تورکیادا دوو ئەندامیان کوژراون.

تیمی هەرێمی کوردستانی رێکخراوە ئەمریکییەکە، راپۆرتێکی لەبارەی بۆردوومان و ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای تورکیا لە مانگی ئایاری 2025ـدا بڵاوکردەوە و دەڵێت، لە پاش راگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، هێرشەکانی سوپای تورکیا زیادیانکردووە و لە مانگی ئایاردا، ژمارەی هێرشەکانی سوپای تورکیا، بەراورد بە مانگی نیسان، بەرێژەی )١٤٣٪( زیادیانکردووە و لەو کاتەش زیاترە کە ئاگربەست رانەگەیەندرابوو.

سی پی تی دەڵێت، تەواوی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر پارێزگای دهۆک چڕبوونەتەوە، بەجۆرێک لە مانگی ئایاردا 510 هێرشی ئەنجامداوە و ٩٨٪ـی هێرشەکان بۆ سنووری شارۆچکەی ئامێدی بوون و ٢٪ـی هێرشەکان بۆ سەر سنوری شارۆچکەی زاخۆ بوون، هیچ هێرش و بۆردوومانێک بۆ سەر سنووری پارێزگاکانی دیکەی وەکو (هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە و نەینەوا) رووینەداوە.

رێکخراوەکە لە راپۆرتەکەیدا روونیکردووەتەوە، هێرشەکانی تورکیا ٤٥٨ هێرشیان لەڕێگەی تۆپبارانەوە، ٣٦ هێرشیان لەڕێگەی فڕۆکەی جەنگی و ١٦ هێرشی تریان لە ڕێگەی هێلیکۆپتەرەوە بوون.

هاوکات هێزەکانی پاراستنی گەل “هەپەگە” لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە ئەنجامی هێرشەکانی تورکیا لە چەند رۆژی رابردوودا، دوو ئەندامیان لە ئەنجامی بۆردوومانەکانەوە کوژراون.

بەگوێرەی راپۆرتەکەی رێکخراوە ئەمریکییەکە، زۆرترین رێژەی بۆردوومانەکانی سوپای تورکیا لەم ساڵدا، لە رۆژی ١٢ـی ئایاردا بووە کاتێک پەکەکە رایگەیاندووە خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە، تورکیا 94 بۆردوومانی ئەنجامداوە.

ئەوەش هاتووە؛ لە 30 ـی ئایاردا سوپای تورکیا دەستیکردووە بە دروستکردنی بارەگایەکی سەربازی نوێ لە (گەلی باڵندا) لە شارۆچکەی ئامێدی.

سی پی تی دەڵێت، چالاکییە سەربازییەکانی ئێستای سوپای تورکیا جێبەجێکردنی خواستی دروستکردنی ناوچەیەکی ئەمنی و نەهێشتنی بوونی چەکداری پارتی کرێکارانی کوردستانە لە نزیک ئەو ناوچانەی کە سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستان کۆنتڕۆڵی کردوون.

لە درێژەی راپۆرتەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو، لەسەرەتای ئەمساڵەوە تورکیا هەزار و 14 هێرشی ئەنجامداوە و لە ئەنجامدا سێ هاوڵاتیی سڤیل کوژراون و شەش هاوڵاتیی سڤیل برینداربوون.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

سزای سێدارەی دوو بەندکراوی سیاسیی دیکە لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ، سزای سێدارەی دوو بەندکراوی سیاسی بە ناوەکانی ئەبولحەسەن مۆنتەزێر و وەحید بەنی‌عامەریان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *