راپۆرتی قەندیل پرێس
ئەمڕۆ کاتژمێر 12ـی نیوەرۆ 24ـی ئایاری 2025 لە هۆڵی ئاشتی شاری سلێمانی 3ـیەمین كۆنفڕانسی بزوتنەوەی گۆڕان دەستیپێكرد، بەڵام گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان هەردوو ئاڕاستەی حیزبەكە دروستبووە و بەهۆیەوە بە بڕیاری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كۆنفڕانسەكە بۆ کاتێکی نادیار راگیرا.
مێهڤان ئەحمەد ئەندامی کۆنفڕانسی بزوتنەوەی گۆڕان لە باڵی گردی زەرگەتە بە قەندیل پرێسی ڕاگەیاند؛ مەکۆی كوردسات خەڵكیان هێناوەتە نێو كۆنفرانس كە ئەندامی كۆنفڕانس نەبوون و هەندێكیشیان ئەندامی حیزبی دیكە بوون وەک یەکێتی و بەرەی گەل و بەدەستێوەردانی دەسەڵات ویستیان کۆنفڕانسەکە بەڕێوەببەن.
ئەو ئەندامی کۆنفڕانسە وتیشی؛ “گۆڕانی کوردسات تۆمەتبار دەکەن، بەوەی “نزیکەی 10 تا 15 کادیری یەکێتی”یان هێناوەتە نێو هۆڵی کۆنفرانس، و تا ئەو کادیرانەی یەکێتی نەکرێنە دەرەوە، رێگەنادەین کۆنفرانسەکە دەست پێبکەنەوە”.
سێیەمین کۆنفرانسی نیشتمانیى بزوتنەوەی گۆڕان بە ئامادەبوونی نوێنەری کۆمسیۆن و وەزارەتی ناوخۆ و دادگای تێهەڵچونەوە بەشدارییان تێدا کردو هەردوو باڵی بزووتنەوەکەش بڕیاربوو بەڕێوەبچێت، بەڵام لەپاش خوێندنەوەی ناوی ئامادەبووانى کۆنفرانس، کارەکانی کۆنفرانس راگیران، ئەوەش بەهۆى دروستبوونی گرژی لەنێوان ئاڕاستەکانى گۆڕانی زەرگەتە – گۆڕانی کوردسات، لەناو هۆڵى کۆنفرانس و دەرەوەى هۆڵەکە گرژى دروستبووە.
بەپێ زانیاریەکانی قەندیل پرێس باڵی کوردساتی بزوتنەوەکە دەستوری هەمیشەیی گۆڕان هەموارکردبوو و لایەنی بەرامبەر کە باڵی گردی زەرگەتەی بزوتنەوەی گۆڕانە کە کۆڕەکانی نەوشیروان مستەفا سەرپەرشتیان دەکەن ئەم دەستورە هەموارکراوەیان پێ قبوڵ نەبوو، هەروەها پێشتر دانا عەبدولکەریم یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی گۆڕانی گردەکە رایگەیاند، گۆڕانی کوردسات دەستووری بزووتنەوەکەی گۆڕیوە و ناوەرۆکی گۆڕانی کوردسات لەگەڵ ناوەڕۆکی بزووتنەوەکە یەکناگرێتەوە.
دابان سلێمان ئەندامی کۆنفڕانسی بزوتنەوەی گۆڕان لە باڵی کوردستان بە قەندیل پرێسی ڕاگەیاند؛ کۆمسیۆنى باڵای هەڵبژاردنەکانى عێراق داوای لە گۆڕان کردووە، کە گۆڕانکاری لە چەند مادەیەکی دەستوورەکەی بکات، بەڵام باڵی گردی زەرگەتە ڕەتیکردووەتەوە، کە هیچ گۆڕانکارییەک لەو دەستوورەدا بکات، باڵی کوردساتیش ئەو گۆڕانکارییەى کۆمسیۆن داوای کردووە لە دەستورەکەدا بكات، بۆیە باڵی گردی زەرگەتە ئەمڕۆ بەر لە چوونە ژوورەوە بۆ ناو هۆڵی کۆنفڕانسەکە ئەو دەستوورەى باڵی کوردساتى ڕەتکردەوە.
ئەو دوو دەستوورەى، کە ئەمڕۆ لە کۆنفراسنەکەی گۆڕاندا خرانە ڕوو بەپێی یاسای کۆمسیۆن دەبێت گونجاوبێت لەگەڵ یاسای فەرمانگەی پارتە سیاسییەکان لە کۆمسیۆن باڵای هەڵبژاردنەکان ئامادەکراوە، هەریەکێک لەو دوو دەستوورە ئەگەر دەنگی زۆرینەی ئەندامانی کۆنفڕانسەکە واتە 50+1 بەدەست بێنێت، ئەوە دەستوری ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان دەبێتە هی ئەو لایەنە.
بەپێ بەدواداچوونی قەندیل پرێس لەچەند ڕۆژی ڕابردوو دەستپێشخەری و هەوڵ هەبووە لەلایەن کوڕانی نەوشیروان مستەفا بۆ دانانی ڕێکخەرێک لە نێوان هەردوو باڵەکەی گۆڕان و پێشنیار کراوە شەماڵ عەبدولوەفا ببێتە ڕێکخەری قۆناغی ڕاگوزەر و یەکگرتنەوە.
چەند سەرکردەیەکی گۆڕان ڕۆژانی ڕابردوو لەگەڵ عومەری سەید عەلی و دانای ئەحمەد مەجید و چیای نەوشیروان مستەفا و دانا عەبدولکەریم دانیشتوون و تاڕادەیەک کۆدەنگی لەسەر دانانی شەماڵ عەبدولوەفا دروستبووە بەشێوەیەک یەکێک بێت لە 51 ئەندامە هەڵبژێردراوەکەی جڤات تا دواتر ببێتە ڕێکخەری گشتی. بەڵام لەدوا ساتدا باڵی کوردسات پلانەکە شکست پێ دەهێنن و لەسەر پێداگری دانای ئەحمەد مەجید و عومەری سەید عەلی بڕیار دەدرێت لە کۆنفرانس ڕاستەوخۆ ڕێکخەر هەڵببژێردرێت نەک لەناو جڤات و خانەی ڕاپەڕاندن.
قەندیل پرێس زانیویەتی بەدیاریکراوی 860 ئەندام لە کۆنفڕانسەکەدا بەشداربوون، کە 369 سەر بە باڵی گردی زەرگەتە و 860 سەر بە باڵی کوردساتی بزوتنەوەکە بوون.
لە کاتێکدا هەموو ئەوکەسانەی ناویان وەکو دەستەی دامەزرێنەری گۆڕان لە لیستەکەی کۆمسیۆندا هەیە ژمارهیان دوو ههزار و 130 كهسه و پێویستە ئهوان بەشداریی کۆنفرانسەکە بکەن، بەشێک لەو کەسانە ئێستا لەناو گۆڕاندا نەماون، هەندێکیان کۆچی دواییان کردووە و هەندێکی تریان چوونەتە ناو حزبەکانى دیکە، بەشێکی زۆریشیان لە ماڵەوە دانیشتوون و وازیان لە گۆڕان هێناوە.
لە کۆنفڕانسی ڕابردوودا، کە لە دوو کات و شوێنی جیاوازدا کرا ڕێژەی یاسایی ئەندامانى کۆنگرە تەواو نەبوو، بەڵام کۆنفرانسەكهى ئهمڕۆ پێویستى بە تەواوبوونی ڕێژەیی یاسایی نییە و کۆنفرانسەکە دوای دۆزینەوەى ناوی ئەندامان، کۆنفرانسەکە دەستیپێکرد.
یەکێک لە کێشەکانى نێوان ئەو دوو باڵەى بزووتنەوەى گۆڕان موڵک و ماڵی بزووتنەوەکەیە، ئەگەر ئەمڕۆ دەستووری هەر لایەکیان بە زۆرینەى دەنگ پەسەند کرا، ئەوا موڵک و ماڵی گۆڕان دەبێتە موڵکی ئەو باڵەى، کە دەستوورەکەى پەسەند کراوە.
باڵی گۆڕانی کوردسات دەڵێت: دەبێت ڕێکخەری گشتی لەناو کۆنفرانس و لەلایەن ئەندامانی کۆنفرانسەوە هەڵبژێردرێت، بەڵام گۆڕانی گردی زەرگەتە دەڵێن، دەبێت ڕێکخەری گشتیی به پێی ئەو دەستوورەی نەوشیروان مستەفا دایناوە لەناو جڤاتی نیشتیمانی هەڵبژێردرێت.
رۆژى 5ـی نیسانی ڕابردوو باڵی گردی زەرگەتە کۆنفڕانسی لە گردی زەرگەتە ئەنجامدا و 26ـی نیسانیش باڵی کوردسات کۆنفرانسی خۆیان کرد، بەڵام یەکێکیان بەهۆی تەواونەبونی ڕێژەی یاسایی ئامادەبوان نەتوانرا کۆنفرانسەکە هیچ ئەنجامێکی هەبێت، بۆیە جارێکی دیکە کۆمسیۆنى باڵای هەڵبژاردنەکانى عێراق دووبارە کاتێکی تری بۆ دیاریکردنەوە بۆ بەستنى کۆنفراسن کە ئەمرۆیە.
بزوتنەوەی گۆڕان یەکەمین هێزی ئۆپۆزسیۆنی باشوری کوردستان بوو لە ساڵی 2009 بە سەرۆکایەتی نەوشیروان موستەفا رێکخەری کۆچکردووی بزوتنەوەی گۆڕان دامەزرابوو و لە یەکەم هەڵبژاردندا 25 کۆرسی ۆەرلەمنای کوردستانیان بەدەستهێنا، لە کۆتا هەلبژاردنی خۆلی شەشەمی پەرلەمنای کوردستاندا لە ساڵی 2024 تەنیابیەک کۆرسی پەرلەمنایان بەدەستهێنا.
مێژو:
بزوتنەوەی گۆڕان، وەک قەوارەیەکی سیاسی و لیستێک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، مێژوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ مانگی چواری ساڵی 2009، بەدیاریکراوی رۆژی 11- 4 – 2009 کاتێ نەوشیروان مستەفا لە دیدارێکدا لەگەڵ رۆژنامەی “الشرق الاوسط”ی لەندەنی ژمارە 11092 ئاشکرای کرد کە رێبەرایەتی لیستێکی تایبەت دەکات، جیاواز لە لیستی حیزبەکانی تری کوردستان، بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان.
قەوارەی سیاسی:
رۆژی 28- 4- 2009 کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە نوسراوی ژمارە 159 لیستی گۆڕانی وەک قەوارەیەکی سیاسی فەرمی لە هەرێمی کوردستان ناساند. بۆ بەشداریکردنیش لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رۆژی 27- 8- 2009 بە نوسراوی ژمارە 32 لیستی گۆڕانی وەک قەوارەیەکی سیاسی فەرمی لە سەر ئاستی عێراق ناساند.
بزوتنەوەی سیاسی:
مێژوی راگەیاندنی بزوتنەوەی گۆڕان وەک رێکخراوێکی سیاسی دەگەڕێتەوە بۆ 31- 5- 2010 کاتێ لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نوسراوی ژمارە 13382 مۆڵەتی فەرمی وەرگرت.
سەنگ:
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان له 25- 7- 2009 لیستی گۆڕان 25 کورسی پەرلەمانی لە کۆی 111 کورسی بەدەستهێنا، وەک دووەم فراکسیۆنی پەرلەمان بووە گەورەترین هێزی ئۆپۆزیسیۆن لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان.
لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كه 7- 3- 2010 بهڕێوهچوو لیستی گۆڕان، لەسەر ئاستی عێراق 487,181 دەنگی بەدەستهێنا، لەو هەڵبژاردنەدا بوه خاوهنی هەشت کورسی و پێنجەم فراکسیۆنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان كه 21- 9- 2013 بهڕێوهچوو لیستی گۆڕان، 24 كورسی بهدهستهێنا.
قەندیل پرێس