تورکیا رایگەیاند، هەر گوتە و چالاکییەک سەبارەت بە ئۆتۆنۆمی و دەسەڵاتی خۆسەری لە سووریا رەتدەکەنەوە و دەشڵێت، هەماهەنگی سەبارەت بە پرسی بەنداوی تشرین لە ئاردایە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە وەڵامنامەی هەفتانەی خۆیدا سەبارەت بە “کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد” کە لە قامیشلۆ بەڕێوەچوو رایگەیاند، یەکێتیی سیاسیی و یەکپارچەیی خاکی سووریا پێشینەی بنەڕەتییە بۆ تورکیا، لەو چوارچێوەیەدا داواکارییەکان سەبارەت بە ئۆتۆنۆمی، خۆسەری و ئەو روونکردنەوانەی لەو بارەیەوە دەدرێن، زیان لە سەروەریی سووریا و سەقامگیریی ناوچەکە دەدەن”.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئاماژەی بەوەشکردووە، “لەژێر هەر ناو و ناونیشانێکدا بێت، قایل نابین بە دابەشکردنی خاکی سووریا و تێکدانی پێکهاتە یەکگرتووەکەی.”
وەزارەتەکە دەڵێت، “بەپێویستی دەزانین بە روونی جەخت لەوە بکەینەوە، هاوشێوەی حکومەتی سووریا، ئێمەش دژی ئەو قسە و چالاکییانەین، کە سەبارەت بە ئۆتۆنۆمی، خۆسەری و دەسەڵاتی نامەرکەزی هەن.”
وەزارەیی بەرگریی تورکیا سەبارەت بە دۆخی بەنداوی تشرینیش دەڵێت، “سەروەت و سامان و سەرچاوەکان هی سوورییەکانە. لە بابەتەکانی پەیوەست بە گواستنەوەی دەسەڵاتدارێتیی بەنداویی تشرین، هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی سووریا و لایەنە هەرێمییەکان لەئارادایە، دیدار و کۆبوونەوەی پێویست هەیە و لەو چوارچێوەیەدا لە نزیکەوە چاودێریی پرسەکە دەکرێت.”
رۆژی 26ـی نیسانی 2025، بە بەشداریی لایەنە سیاسییەکانی باکوور، رۆژئاوا و هەرێمی کوردستان، “کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد” لە قامیشلۆ بەڕێوەچوو.
رۆژی سێشەممەش دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە کۆنفرانسەکەی بە زیانگەیاندن لە یەکپارچەیی خاکی سووریا و ناوبرد.
لە وەڵامدا تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی پارتی دەم رایگەیاند، “ئەگەر تەماشای بڕیارەکانی کۆنفرانسەکەی قامیشلۆ بکەین کە لە چەند رۆژی رابردوو بەڕێوەچوو، دەبینین پشتیوانییە بۆ بانگەوازەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان، بۆیە بۆچوونم وایە کۆنفرانسەکە زیان لە پرۆسەکە نادات و کێشەی بۆ دروستناکات.”
قەندیل پرێس