بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ (١٧ی ئاپریلی ٢٠٢٥)، بنەماڵە و خزمەکانی حەمید حسەیننژاد لە بەردەم زیندانی ناوەندیی ورمێ کۆبوونەتەوە و داوای ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە سیاسییەیان کردووە. لە دوایین دیداردا، حەمید حسەیننژاد جارێکی دیکە تۆمەتەکانی ڕەتکردووەتەوە و وتوویەتی کە دۆسیەکەی درۆ و هەڵبەستراوە و هێزە ئەمنییەکان سیناریۆسازییان بۆ کردووە.
عوسمان موزەییەن، پارێزەری ئەم زیندانییە، ڕایگەیاندووە کە سزای لەسێدارەدانی حەمید بۆ ڕۆژی ٢٩ی خاکەلێوە دیاری کراوە، لە کاتێکدا کە پرۆسەی یاسایی هێشتا کۆتایی نەهاتووە و ئەو خەریکە داوای سەرلەنوێ دادگاییکردنەوە بکات. موزەییەن جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەپێی بەڵگەکان، حەمید لە کاتی تێکهەڵچوونێکی چەکداری کە بووەتە هۆی کوژرانی چەند “سەربازی سنوورپارێز”، لە تورکیا بووە.
لە بەرگرینامەیەکدا کە حەمید بۆ دیوانی باڵای ئێران ناردووە، ئاماژەی بە ئەشکەنجە، بێبەشکردن لە پارێزەر و دیداری بنەماڵە کردووە و وتوویەتی کە تۆمەتەکان هەڵبەستراو و بەشێک لە سیناریۆیەکی ئەمنیین بۆ شاردنەوەی نەتوانینی دۆزینەوەی بکەرانی ڕاستەقینەی ڕووداوەکە. ئەو داوای پیاچوونەوەی گرتەکانی کامێراکانی سنووری ئێران و تورکیای کردووە کە چوونەدەرەوەکەی تۆمار کردووە، بەڵام لێپرسەوەکان ئاوڕیان لێ نەداوەتەوە.
حەمید حسەیننژاد حەیدەرانلوو، لەدایکبووی ١٣٦٤ (١٩٨٥)، باوکی سێ منداڵ و خەڵکی گوندی سگریک لە چاڵدێرانە.
بەپێی زانیارییەکان، حەمید بۆ ماوەی ١١ مانگ و ١٠ ڕۆژ لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتدا مایەوە و بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ، ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیی قورسی بەسەردا سەپێنراوە. لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا، تەنها دوو جار مۆڵەتی پێوەندیی تەلەفۆنی کورتەی پێ دراوە و لە مافی پارێزەر و دیداری بنەماڵە بێبەش کراوە. بە وتەی بنەماڵەکەی، لەژێر ئەشکەنجەدا ناچار کراوە کاغەزە هەڵبەستراوەکان واژۆ بکات، لە کاتێکدا بە هۆی نەبوونی خوێنەوارییەوە نەیتوانیوە ناوەرۆکیان بخوێنێتەوە.
لە دادگادا، حەمید سەرجەم تۆمەتەکانی ڕەتکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە دانپیانانەکانی لەژێر ئەشکەنجەدا بووە. بەڵام لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر نەجەفزادە، بە تۆمەتی «بەغی» و ئەندامبوون لە پارتی کرێکارانی کوردستان، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاندووە.
قەندیل پرێس