سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەیان کرد و بەگوێرەی راگەیەندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی هەناردەکردنەوەی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، مارکۆ روبیۆ سوپاس و پێزانینی بۆ هەرێمی کوردستان هەبووە کە بووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان و هەروەها ئاماژەی بە رۆڵی گرنگیشی لە پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکەدا کردووە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە، مارکۆ روبیۆ و مەسرور بارزانی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا هاوڕابوون لەسەر بەهێزکردنی دۆستایەتی و هاوپەیمانێتیی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کورستان و هەروەها بەردەوامبوونی پەیوەندی و هەماهەنگی نێوانیان لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندیی هاوبەش.
قەندیل پرێس