هێزەکانی سوریای دیموکرات (ههسهده) پێشنیازێکی سەرۆکی ئیدارەی نوێی سوریا ڕەتدهكاتهوه کە ئامانج لێی یەکلاییکردنەوەو کۆتاییهێنانە بەکێشەکانی نێوانیانو چارەسەرکردنی پرسی کورد، ئەویش لەڕێگهی کۆکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەتو تێکەڵکردنی هێزەکانی کورد لەگەڵ سوپای نوێی سوریا، لەبەرامبەر پێدانی چەند مافێک بەکورد لەو وڵاتەدا.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی فەرەنسیی، ئەو ئۆفەرەی ئیدارەی نوێی سوریا پێشکەشیکردوە، بریتیبوە لەداننان بەمافە کولتوریەکانی کوردو دانپێدانانی بەشێوەیەکی فەرمیی لەدەستوری نوێی ئەو وڵاتە لەکاتی نوسینەوەیدا، بەمەرجێک هێزەکانی سوریای دیموکرات چەکەکانیان ڕادەستی دەسەڵاتە فەرمییەکان بکەن، ئەمە جگە لەتێکەڵکردنی چەکدارەکانیان لەسوپای سوریا بەشێوەیەکی یاساییو فەرمی.
ئەوەش هاتوە، “لەدەستپێشخەرییەکەدا باس لەوەکراوە ڕێگە بەکورد دەدرێت بۆ بەشداریکردن لەسوپاو دامەزراوە ئەمنییەکان، جگە لەبەهێزکردنی ڕۆڵیان لەبەڕێوەبردنی ئەنجومەنە خۆجێییەکان لەو ناوچانەی کە زۆرینەی کوردن، بەگرتنەبەری سیستمێکی ئیدارەی لامەرکەزی کە سەربەخۆیی ئیداریی فراوان بەکورد دەبەخشێت لەپارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتو باکور”.
بەگوێرەی ئاژانسە فەڕەنسییەکە کە پشتی بەلێدوانی سەرچاوە ئاگادارەکان بەستوە، هێزەکانی سوریای دیموکرات بەهۆی نیگەرانییە ئەمنییەکانی پەیوەست بەهەڕەشەکانی تورکیا، کە هەڕەشەی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوان دژ بەڕۆژئاوای کوردستان دەکات، ئەو دەستپێشخەرییەی ڕەتکردوهتەوە.
ئاشکراشیکردوە، هێزەکانی سوریای دیموکرات پەیوەستبونی خۆی بەمەرجەکانی بۆ گەیشتن بەلێکتێگەیشتن لەگەڵ ئیدارەی سوریا پشتڕاستکردەوە، کە بریتین لەپاراستنی بونی سەربازی سەربەخۆی خۆی لەچوارچێوەی هەیکەلی هێزە چەکدارەکانی داهاتوی سوریادا، هەروەک مانەوەیان لەو ناوچانەی ئێستای ڕۆژئاوای کوردستانو باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا کە تێیدا جێگیربون، بۆ بەرەنگاربونەوەی هەڕەشەکانی تورکیا.
قەندیل پرێس