قەندیل پرێس
ئەمرۆ سيشەممە 28ـی کانوونی دووەمی 2025 شاندێکی ئەنجومەنی سوریای دیموکراتیک (مەسەدە) بە سەرۆکایەتی لەیلا قارەمان هاوسەرۆکی ئەنجومەنەکە، سەردانی شێخ حیکمەت ئەلحیجری سەرۆکی مەزهەبی یەکگرتووی دروزیان لە میوانخانەکەی خۆی لە شارۆچکەی قەناوات لە پارێزگای سوەیدان کرد.
شاندەکە بریتی بوون لە عەلی ڕەحمون جێگری هاوسەرۆکایەتی، و جەندا ڕامۆ ئەندامی نووسینگەی ژنان، فەوزی شەنکالی سکرتێری گشتیی پارتی ڕێککەوتنی دیموکراتی کورد. هەروەها شاندێکی ئۆرگانی سیاسیی دێموکراتی نیشتمانی بەشداری کۆبوونەوەکەیان کرد.
دیدارەکە بەگوێرەی ئەوەی کە ماڵپەڕی فەرمیی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات بڵاویکردۆتەوە، تیشک خرایە سەر بارودۆخی ئێستای سوریا دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسی پێشوو، هاوکات ئامادەبووان باسیان لەو قۆناغە گرینگە کرد کە وڵاتەکە پێیدا تێدەپەڕێت و ئەو تەحەددایانەی ڕووبەڕووی گەلانی سوریای نوێ دەبنەوە.
ئامادەبووان جەختیان لەسەر پێویستی پاراستنی ئاشتی و مەدەنیەت کرد و ڕەتکردنەوەی شەڕ و گەڕانەوە بۆ سوریایەکی توندوتیژ، هاوکات جەختیان لە گرنگی پاراستنی مافی پێکهاتەکان و یەکگرتوویی خاکی سوریا کردەوە وەک ئەولەویەتێکی حەتمی.
قەندیل پرێس