قەندیل پرێس، ئەمریکا
دیداری تایبەتی قەندیل پرێس لەگەڵ بەرێز خاتوو سینەم محەمەد نوێنەری مەجلسی سوریای دیمۆکراتیک (مەسەدە) لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا – واشنتن، دەربارەی پەیوەندیەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ ئەمریکا و چارەنوسی سوریا و رۆژئاوای کوردستان.
قەندیل پرێس: دوای ڕووخانی حکوومەتی بەشار ئەسەد، بەشێک لە چاودێران پێیان وایە کە خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا گرنگی جارانی بۆ دەوڵەتی ئەمریکا نامێنێ و هەر لایەنێک لە دیمەشق حکوومەتی بەدەستەوە بێت بە جۆرێک دەبێتە هاوپەیمانی ئەمریکا یان لانیکەم نابێتە مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتە، ڕای بەڕێزتان لەم بارەوە چییە؟
سینەم محەمەد: کەوتنی رژێمی ئەسەد هەرگیز بە مانای ئەوە نایەت قەیرانی سووریا كۆتایی پێهاتووە، بە پێچەوانەوە ئێمە لە ئێستادا لەبەردەم قۆناغێكداین پێویستی بە هەوڵ و كاركردنی زیاتر هەیە. بوونی ئیدارەیەكی نوێ لە دیمەشق و پێكهێنانی حكومەتی كاتی، بوونی ئیدارەی خۆسەری هەڵناوەشێنێتەوە كە ساڵانێكە لە باكوور و رۆژهەڵاتی سووریا بونیادنراوە. چەندین دۆسیە هەیە كە ئیدارەی خۆسەری لە باكوور و رۆژهەڵاتی سووریا بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەبەستێتەوە، دۆسیەی بەرەنگاوبوونەوەی تیرۆر و دژایەتیكردنی داعش، بە تایبەت دوای هاتنی چەندین راپۆرت لەبارەی هاتنەوەی داعش و خۆ رێكخستنەوە و خۆ كۆكۆكردنەوەیان، سەرەڕای ئەوەی لە پشتەوەی دیوارەكانی زیندان هەزاران ئەندامی داعش هەن، كەمپی هۆل-یش كە دەیان هەزار لە خێزانی داعشەكانی تێدایە لە دۆسیە ئەمنییەكانن.
ئێمە بە هاوبەشییەكی تەواو كاردەكەین لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پێشەنگایەتی دەكات، بە سەرجەم ئەم دۆسیانەوە، ئەو هاوبەشیكردنە بەردەوام دەبێت هەتاوەكو چارەسەرێكی سیاسی بۆ سووریا دەدۆزرێتەوە.
تەنیا کەوتنی ئەسەد و بوونی ئیدارەیەكی نوێ لە دیمەشق واتای چارەسەری سیاسی نییە، چارەسەری سیاسی خۆی دەبینێتەوە لە بەشداری گەلانی سووریا بە هەموو پێکهاتەكانییەوە لە كۆنگرەیەكی گفتوگۆی نیشتیمانی كە دەستووری نوێی لێ بەرهەم بێت بۆ وڵات و تیایدا مافی تەواوی گەل لەو رێگایەوە زامن بكرێت و، لە میانیدا بنەمای دادپەروەری و یەكسانی بۆ سەرجەم تاكەكان و كۆمەڵگاكان و پێكهاتەكان لە نێویاندا گەلی كورد بەدیبهێندرێت.
قەندیل پرێس: ئایا بانگهێشتکردنی بەرێزتان وەکو نەێنەری مەسەدە ئاماژەی ئەوەیە کە ئیدارەی نوێی دۆناڵد ترامپ بە گرنگییەوە لە رۆژئاوای کوردستان و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دەڕوانێت و بوونی ئەمریکا لە رۆژئاوا بەردەوام دەبێت؟
سینەم محەمەد: سەبارەت بە ئاهەنگی سوێندخواردنی ترامپ، بەڵێ داوەتی فەرمیمان بەدەست گەیشت تا لە ئاهەنگەدا ئامادەبین، ئەم داوەتەش جێبەجێ كرا. دەمەوێ بڵێم پەیوەندییەكان بەردەوامە بە بوونی داوەت یان بەبێ هەبوونی، ئەم بابەتە بەشێوەیەكی گشتی بەند نییە بە سیاسەتی ئەمریكییەوە بەڵام ئاماژەیەك بوو بۆ بایەخی ئیدارەی ئەمریكی بە سووریا.
قەندیل پرێس: یەکێک لەو پرسیارە گرنگانەی کە ئێستا بوونی هەیە ئەوەیە کە ئایا دەوڵەتی ئەمریکا، خۆبەڕێوەبەرایەتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دەپارێزێت یان نا؟
سینەم محەمەد: هیچ كەسێك ناتوانێت ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا فەرامۆش بكات و نەگەڕێت بەدوای بەدیهێنانی بەرژەوەندییە سیاسییەكانی لە رێگای هاوپەیمانێتی لەگەڵ واشنتۆن.
ئێمە بە ئومێدی باشەین لە ئیدارەی نوێی ئەمریكا، پێموایە سەرۆك ترامپ هەوڵی بەدیهێنانی سەقامگیری دەدات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەك ئەوەی پێشتریش ئیدارەی ئەمریكا هەوڵی داوە بۆ بەدیهێنانی تێگەیشتنی سیاسی لە نێوان ئیدارەی خۆسەری لە باكوور و رۆژهەڵاتی سووریا لەگەڵ توركیا لە پێناو دۆزینەوەی زەمینەی چارەسەر تا لایەنەكان رازی بكات لە رێگایەوە ئاشتی بەدیبێت.
كورد هێشتا هاوپەیمانی سەرەكین بۆ واشنتۆن لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، وە لەماوەی رابردوودا پابەندێتی گەورەیان پیشانداوە، بە ئومێدین واشنتۆن كاربكات لە پێناو وەستاندنی هێرشەكانی توركیا لە رێگای چارەسەری دیبلۆماسی لەگەڵ ئەنقەرە.
قەندیل پرێس: یەکێک لەو باسانەی کە هەیە ئەوەیە ئەمریکاو فەرانسە گۆشاریان هێناوەتە سەر خۆبەڕێوەبەریی و ئەنەکەسە کە گفتۆگۆکانی کوردی – کوردی لە ڕۆژئاوا دەست پێبکات و پێکەوە ڕێککەوتن بکەن، داواکاریی ئەمریکا لەم بارەوە چییە؟
سینەم محەمەد: ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و فەرەنسا كاریانكردووە بۆ یەكڕیزی كورد، ئەم نێوەندگیرییەش گرنگ بووە لەوپێناوەدا، ئەمەش خزمەت بە سەقامگیری سووریا دەكات.
یەكڕیزی كورد گرنگە لە پێناو قورسایی كورد لە چوارچێوەی كۆنگرەی گفتوگۆی نیشتیمانی و زامنكردنی مافە تەواوەكانی گەلی كورد بەشێوەیەكی دەستووری و بەدیهێنانی سەقامگیری لە سووریا.
قەندیل پرێس: بەپێی ئەو زانیاریانەی کە بەڕێزتان هەتانە، هەڵوێستی دەوڵەتی ئەمریکا لەبەرامبەر ئەحمەد شەرع و دەستەی تەحریرشام چییە؟
سینەم محەمەد: هێشتا زووە هەڵوێستی واشنتۆن لە ئیدارە نوێیەكەی ترامپ سەبارەت بە سووریا بە گشتی دەستنیشان بكەین، بەڵام دەتوانین بڵێین سەرۆك ترامپ كاردەكات لەسەر بنەماكانی چەسپاندنی سەقامگیری لە سووریا، ئەوانەی لە چوارچێوەی ئیدارەی نوێی سەرۆك ترامپ كاردەكەن پەیوەندی باش بەیەكەوە دەمانبەستێتەوە، ئەوان لە باشترین پشتیوانانی دۆزی كوردبوونە لە سووریا.
سەقامگیری لە سووریا گرنگە بۆ بەرژەوەندییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكان هەروەكو ئەوەی گرنگە بۆ گەلی سووریا.
تێكدانی سەقامگیری سووریا رەنگدانەوەی خراپی دەبێت لەسەر تەواوی ناوچەكە و ئەوەش زیان بە بەرژەوەندییەكانی واشنتۆن و هاوپەیمانەكانی دەگەیەنێت لە ناوچەكە.
قەندیل پرێس: بەپێی ئەو زانیارییانەو تێگەییشتنەی کە بەڕێزتان هەتانە، دەوڵەتی ئەمریکا ئەو هاوپەیمانییەی لەگەڵ هەسەدە و مەسەدە هەیەتی وەکوو هاوپەیمانیەکی تاکتیکی یان ئیستراتیژیک دەروانێت پێی؟
سینەم محەمەد: ئەم پەیوەندییە لە سەرەتای شەڕی دژ بە داعش دا شێوازێكی تەكتیكی لەخۆگرتبوو، بەڵام پەرەیسەند تائەوەی بوو بە پەیوەندییەكی ستراتیژی و ئەمنی پێویست. سەرۆك ترامپ زۆر باش درك بە گرنگی بابەتە ئەمنییەكان دەكات لە ناوچەكە، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی بە دۆسیەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر هەیە بە گشتی.
لە كۆتاییدا، ئومێدی سەركەوتن بۆ سەرۆك ترامپ و تیمە ئیدارییەكەی دەخوازم لە ئەركەكانیان، بەهیواین سیاسەتی ئیدارەی نوێ لە كۆشكی سپی فاكتەری سەقامگیری سووریا بێت تا بگەین بە سووریایەكی فرەیی نا مەركەزی بۆ هەموو گەلانی سووریا و پێكهاتەكانی.
قەندیل پرێس