داهاتووی ئێرانی دوای کۆماری ئیسلامی!

دەوڵەتسازی و نوێبوونەوە بە بەشداری هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات؟
یان سێناریۆی باڵکانیزەبوون و داڕمان و ڕەنج بە خەساری هێزە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان؟

✍ د. خالد خەیاتی

1. ئەو دۆخەی ئێستا و هەڵتەکان و گۆڕانکارییەکانی  پەیوەندیدار بە دۆخی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست  پڕۆسەیەکی بێگەڕانەوەیە.

2. بەرەی موقاومەت کە لە ئێران، حیزبوڵڵای لوبنان، حووسییەکانی یەمەن. حەشدییەکانی عێڕاق، حەماسی فەلەستین، و ئیخوانییەکانی ناوچە  پێکدێت، ڕۆژبەڕۆژ مەیدانی هەڵسووڕان و مانۆڕیان تەسکتر دەبێتەوە و لە کۆتاییدا بەرەبەرە، بەرەو دۆڕان و هەڵوەشان دەچێت.

لە نێوخۆی ئێران!
3. سەختییەکانی بژێوی ژیان و گرانی، هەڵاوەسانی چەند ژمارەیی، بێکاری و بێدەرەتانی، نەبوونی خزمەتگوزاری و ئاو و کارەبا، نەبوونی مووچە و لاوازی بوودجە، … بە هیچ شتێک چارەسەر نابێت و لە داهاتوویەکی نیزیکدا ئابووری ئێران بە تەواوی فەلەج دەکات.

4.  میلیتاریزەکردن و بەرتەسکبوونەوەی مەیدانی بڕیاردان و ناکۆکییە نێوخۆییەکانی حکوومەتی بۆتە هۆکاری بێکاریگەری و بێدەستەڵاتی دەوڵەت کە  بە واتەیەکی جیاوازتر فاشلبوونی دەوڵەتی (failed state) لێکەوتۆتەوە.

5. ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە هەموو ڕەنگ و فۆرمەکانی خۆیدا (یەک لەوانە کونگرەی ئازادیی ئێران) لە ڕووی مێژوویی و گوتارییەوە تەنیا درێژکراوەی قەیرانەکانی دەوڵەت-نەتەوەی ئێرانین و هیچی دیکە. ئەوانە نە دەتوانن لە پڕۆسەی ڕووخاندا ڕۆڵ بگێڕن و نە خاوەن ئەو پێگە و هێزە مادی و مەعنەوییەن کە بتوانن لە پرۆسەی دەوڵەتسازی دوای ڕووخان مەیدانداری بکەن.

و بەڵام هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چی؟
6. ئیمزا، سوێند و وەفای هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەرامبەر ئوپۆزیسیۆنی ئێرانی لە پێناو “سەرلەنوێ بونیاتنانەوە و دیموکڕاتیزەکردنی ئێرانی دوای کوماری ئیسلامی” تەنیا کات بەفیڕۆدان و خۆفریودانە و هیچی لێ شین نابێتەوە.

7. بۆ هێزە کوردییەکان باشتر وایە کە (لانی کەم لەو  قۆناغەدا) ڕوو لە میللەتەکەی خۆیان بکەنەوە و بە ڕێگای پەیوەندییەکی سیستەماتیکی ڕۆژانە (نەک ڕاگەیاندنی تێکڕاڕی و فۆڕمالیتە) بپرسن و بزانن دەرد و مەرگیان چییە.

8.  با هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە میللەتی خۆیان بپرسن کە لەو ڕۆژە سەختانەی کە پێیدا تێدەپەڕن چۆناوچۆن دەژین، گەلۆ دەرمانیان وەگیر دەکەوێ بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانیان، کار و کاسپییان هەیە، نان بە چەندە، بارودۆخی منداڵەکانیان چۆنە. هەروەها لێیان بپرسن کە حیزبەکان و کوردەکانی دیاسپۆڕا چۆناوچۆن دەتوانن لەم دۆخە سەخت و تاقەتپرۆکێنەدا یارمەتی هاونیشتمانیانی خۆیان بدەن.

9. با هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پێناو بەڕۆژکردنەوە و گەیاندنی زانیاری و پێرسپێکتیفی وشیارانە بە میللەتەکەی خۆیان، بە یارمەتی کوردانی دیاسپۆڕا بیر لە دامەزراندنی میدیایەکی نیشتمانی بکەنەوە.

10. با هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خوێندەوەی شارەزایانە و ورد بۆ دۆخی ژیئۆپۆلتیکی ناوچەکە بکەن هەتا بتوانن لە پێناو کەمکردنەوەی ئازاری میللەتەکەی خۆیان لە گەڵ وڵاتانی بەهێز پەیوەندی دروست کەن و ببنە خاوەن دیپڵۆماسی و لۆبی کاریگەر.

11. هەر ئێستا کوردی ڕۆژهەڵات لە شێوازێک بێ هیوایی و نەبوونی ئاسۆی ڕووندا دەژیت. ئێوە بەو هەنگاوانەتان دەتوانن سەرلەنوێ هیوا بگەڕێننەوە بۆ نەتەوەکەی خۆتان و بۆ جارێکی دیکە خۆشەویستی و متمانەی هاونیشتمانانی کوردستان بەدەست بهێننەوە.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

سیاسەتی خۆتەعریبکردن لە باشووری کوردستان / بەشی سێهەم

✍ د. کەمال سولەیمانی بەشی سێهەم ئەو پەرەسەندنە دامەزراوەیی و ناوچەییانەی لە بەشەکانی پێشوودا تاوتوێ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *