قه‌ندیل بۆ ئەنقەرە: دەبێت ئۆجەلان سەرپەرشتیی پرۆسەی ئاشتی بکات / په‌كه‌كه‌ بۆ توركیا: ده‌سته‌واژه‌ی تیرۆر ڕاگرن

قه‌ندیل پرێس- تایبه‌ت

سەرکردایەتیی بزووتنەوەی ئازادی لە بەیاننامەیەکدا هۆشداری دەداتە لایەنی بەرانبەر و ڕایگەیاندووە، تاوەکو عەبدوڵا ئۆ,جەلان ڕاستەوخۆ بەشداری لە پرۆسەی ئاشتیدا نەکات و خۆی سەرپەرشتیی نەكات، جێبەجێکردنی بڕيارەکان و پێداویستییەکانی “یاسای بنەڕەتی” کارێکی مەحاڵ دەبێت؛ هەر بۆیە جەخت لەوە کراوەتەوە کە ڕوونکردنەوەی پێگە و ئازادکردنی ئۆ,جەلان مەرجی سەرەکییە بۆ سەرکەوتنی هەنگاوەکان و خۆپاراستن لە ئاستەنگەکان.

لە بەشێکی‌تری ڕاگەیەندراوەکەی بزووتنەوەکەدا، نیگەرانی دەربڕدراوە بەرانبەر بەو گفتوگۆیانەی لەبارەی “یاسای چوارچێوە” یان یاسای بنەڕەتی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و داهاتووی تورکیا دەکرێن، بە مەرجێک ئەگەر بە جدی مامەڵەیان لەگەڵ نەکرێت. لەم چوارچێوەیەدا، ئاماژە بەوە دراوە کە ئۆ,جەلان لە دیداری 20ی تەممووزدا جەخت لەوە کردبووەوە کە نابێت یاساکە بەرتەسک و کرچوکاڵ بێت، بەڵکو دەبێت بە لەبەرچاوگرتنی هەستیاریی هەردوو لا ئامادە بکرێت تاوەکو کۆتایی بە دابڕانی سەد ساڵەی نێوان کورد و دەوڵەتی تورکیا بهێنرێت.

لەم چوارچێوەیەدا، بەرپرسێکی پێشووی پە,کەکە لە لێدوانێکدا بۆ “قەندیل پرێس” جەختی کردەوە کە ئەم هۆشدارییەی بزووتنەوەی ئازادی نامەیەکی روون و ئاشکرایە و پێویستە هەموو لایەک و بەتایبەت تورکیا تێبگات کە هەر هەنگاوێک بەبێ ڕاوێژ و بەشداریی ڕاستەوخۆی ڕێبەر ئۆ,جەلان، وەک مەرجی بنەڕەتیی هەر چارەسەرییەکی ئاشتییانە، هیچ ئەنجامێکی لێ ناکەوێتەوە و دوچاری شكست دەبێت.

هەروەها، بزووتنەوەی ئازادی ڕەخنەی توندی لە بەردەوامبوونی بەکارهێنانی دەستەواژەی “تیرۆر” گرتووە و دەڵێت: “ئاشتی لە زمانەوە دەست پێدەکات و بەکارهێنانی ئەم دەستەواژانە بەرانبەر ڕێکخراوێک کە کۆتایی بە خەباتی چەکداری هێناوە، لە سەرەتاوە پرۆسەکە تووشی کێشە دەکات.”

لای خۆیەوە، بزووتنەوەکە ئاماژەی بە لێدوانەکانی دەوڵەت باخچەلی کردووە کە تێیدا باسی لەوە کردبوو دەبێت ئۆ,جەلان ببێتە هەماهەنگیکاری ئاشتی و کاری سیاسی، بۆیە داوا دەکات پێگەی ناوبراو وەک دانوستانکاری سەرەکی بەڕوونی لە یاساکەدا جێگیر بکرێت.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە کە کورتکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی تەنها لە بابەتی “چەکدانان”دا لەگەڵ گیانی پرۆسەکەدا ناگونجێت، بەڵکو پێویستە یاسای بنەڕەتی دەروازەیەک بێت بۆ دەرکردنی یاساکانی تری بەدیموکراتیکردن. لە کۆتاییشدا، بزووتنەوەکە دووپاتی کردووەتەوە کە هەڵوێستی کۆتایی خۆیان دوای بینینی ناوەڕۆکی یاساکە ڕادەگەیەنن و ئەگەر ئەرێنی بێت، ئەوا ئەوانیش بەرپرسیارێتیی خۆیان جێبەجێ دەکەن.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

ڕێگریی هێزەکانی تورکیا لە بەردەم بارهەڵگرێکی شیلادزێ دەبێتە هۆی ڕووداوێکی هاتوچۆ

قەندیل پرێس- هەواڵی تایبەت لە دەڤەری شیلادزێی سەر بە پارێزگای دهۆک لە باشووری کوردستان،له سەر …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *