به‌په‌له

قائانی داوای دەرکردنی هێزە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە عێراق و ڕادەستکردنەوەی ڕێبەرانیان دەکات

کۆماری ئیسلامی ئێران، فشارەکانی بۆ سەر دەسەڵاتدارانی عێراق سەبارەت بە هێزە کوردییەکانی نەیاری تاران کە بنکە و بارەگاکانیان لە هەرێمی کوردستانی عێراقە، چڕتر کردووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی “العربي الجديد”، تاران بە فەرمی داوای لە حکومەتی بەغداد کردووە کە ئەو گرووپە کوردییانە بە یەکجاری و بە تەواوی لە خاکی عێراق دەربکات. لەم چوارچێوەیەدا، ئێران ڕێککەوتنە ئەمنییەکەی ساڵی ٢٠٢٣ـی نێوان هەردوو وڵاتی بە هەڵوەشاوە داناوە و هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە ئەگەر داواکارییەکانی جێبەجێ نەکرێن، ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی کەمپ و پێگەکانی ئەو هێزانە ئەنجام دەدات.

​لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی عێراقی لە بەغداد و سیاسەتمەدارێکی دیاری کورد لە هەولێر ئاشکرایان کردووە کە چەندین بەرپرسی باڵای ئێرانی پەیامیان ئاراستەی عێراق کردووە. لە پەیامەکاندا جەخت لەوە کراوەتەوە کە پێویستە پێداچوونەوە بە ڕێککەوتنە ئەمنییەکاندا بکرێت، چونکە بە بڕوای تاران، ئەو ڕێککەوتنانە هیچ سوودێکی ئەمنییان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران نەبووە.

هاوکات، بەرپرسێک لە ڕاوێژکاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق پشتڕاستی کردووەتەوە کە ئێرانییەکان ڕێککەوتنەکەی پێشوو بە “نەگونجاو” دەزانن و لە ژێر ڕۆشنایی پێشهاتەکانی ئەم دواییەدا، داوای واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی نوێ دەکەن.

​ئەو بەرپرسە عێراقییە ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە ئێرانییەکان داوای چۆڵکردنی تەواوەتیی خاکی عێراق لەو گرووپە ئۆپۆزسیۆنانە دەکەن. تاران دەیەوێت هەمان ئەو هەنگاوە دووبارە بکرێتەوە کە لە ساڵی ٢٠١٢ لە سەردەمی حکومەتی نووری مالیکی بەرامبەر بە ڕێکخراوی “موجاهیدینی خەلق” گیرایەبەر، کە تێیدا هەزاران ئەندامی ئەو ڕێکخراوە لە عێراق دەرکران.

​لە هەمان کاتدا، سیاسەتمەدارێکی کورد و ئەندامێکی دیاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەی زیاتری داوە و ڕایگەیاندووە کە لە دوایین سەردانی جەنەڕاڵ ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی سوپای قودس بۆ بەغداد، بە ڕاستەوخۆیی داوای دەرکردنی هێزە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لە سەرانسەری عێراق کردووە. تاران بە ڕوونی ئاماژەی بەوە کردووە کە تەنها بە دوورخستنەوەیان لە ناوچە سنوورییەکان ڕازی نابێت.

​لە درێژەی فشارەکاندا، قائانی لیستێکی پێشکەش کردووە و داوای ڕادەستکردنەوەی ژمارەیەک ناوی دیاریکراوی کردووە کە لە ڕیزی یەکەمی سەرکردایەتیی ئەو هێزە کوردییانەدان. تاران ئەو سەرکردانە تۆمەتبار دەکات بەوەی لە کاتی شەڕەکاندا لایەنگرییان بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەبووە.

​سەبارەت بەم خواستەی ئێران، ئەو سیاسەتمەدارە کوردە ئەگەری ڕادەستکردنەوەی هەر کەسایەتییەکی ئەو هێزانەی بە کۆماری ئیسلامی ئێران بە توندی ڕەتکردەوە. هۆکاری ئەم ڕەتکردنەوەیەشی گەڕاندەوە بۆ ڕەچاوکردنی پرسی نەتەوەیی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان و هەروەها هەستیاریی مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەتی ئەمریکا. لە کۆتاییدا، ئەو سیاسەتمەدارە پێی وایە ئەم کۆمەڵە داواکارییەی ئێران بە واتای کۆتایهێنان دێت بەو ڕێککەوتننامەیەی کە لە مانگی ئابی ٢٠٢٣ لە نێوان هەردوو وڵاتدا واژۆ کرابوو.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

لەسێدارەدانی بەندکراوێکی سیاسی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە

دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئێران، حوکمی لەسێدارەدان و دەستبەسەرداگرتنی گشت موڵک و داراییەکانی بەندکراوێکی سیاسی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *