قەندیل پرێس- سلێمانی
کوردەوان جەمال سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان بە قەندیل پرێسی راگەیاند؛” دەستگیرکردنی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ سیاسییە و حکومەتی ماوە بەسەرچووی هەرێمی کوردستان لە ترسی جوڵاندنی جاددە لە لایەن گەورەترین هێزی ئۆپۆزسیۆنەوە بە نایاسایی شاسوار عەبدولواحدی ڕفاندووە“.
هاوکات ئەمڕۆ یەکشەممە 17ـی ئابی 2025، فراکسیۆنەکانی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان و عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا وتیان، تا رۆژی شەممە چاوەڕوانی لایەنەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتین، بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانی سەرتاسەری دژی دواکەوتنی مووچە.
وتیشیان،” ئەگەر لایەنەکانی دەرەوەی ئەو دوو حزبە وەڵامیان نەدایەوە، ئێمە وەک نەوەی نوێ هەڵوێستی خۆمان رادەگەیەنین”.
ئاماژەیان بەوەشکرد، حکومەتی ماوەبەسەرچوو باکی نیە بە خراپی دۆخی خەڵک و مووچەخۆران، ئێمەش داوا لە لایەنەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی دەکەین پێکەوە پشتیوانی مووچەخۆران بین.
ئەمەش لەکاتێکدایە، لە درەنگانی شەوی سێشەممەی رابردوو هێزێکی یەکێتی بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی شاسوار عەبدولواحید و دەستگیریانکرد، ئەمەش کاردانەوەی ناوخۆیی و دەرەکی لێ کەوتەوە.
قەندیل پرێس