قەندیل پرێس
ململانێی سیاسی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە قۆناغی ئێستادا لە سنووری کێبڕکێی ناوخۆیی و پۆستە کارگێڕییەکان دەرچووە و پێی ناوەتە قۆناغێکی مەترسیدارتر کە ئەویش بەکارهێنانی دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەت و مەلەفی هاوکارییە سەربازییە نێودەوڵەتییەکانە بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە حیزبییەکان.
تۆمەتبارکردنی دامەزراوەیەکی ئەمنیی وەک وەزارەتی ناوخۆ بە شاردنەوەی چەکی هاوپەیمانان، ئاماژەیە بۆ قوڵبوونەوەی درزەکان و گەیشتنی ململانێکان بە ئاستێک کە ڕەنگە کار بکاتە سەر ناوبانگی هەرێم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی. ئەم جەنگە میدیایی و یاساییە نوێیە نیشانەی ئەوەیە کە لێکتێگەیشتنە سیاسییەکان بەرەو بنبەست ڕۆیشتوون و ئێستا زمانە توندەکان و سکاڵا یاساییەکان جێگەی گفتوگۆ و نێوەندگیرییان گرتووەتەوە.
دەقی بەیاننامەکەی وەزارەتی ناوخۆ:
وەزارەتی ناوخۆ سکالا لەسەر کەنالەکەی بافڵ تالەبانی تۆمار دەکات.
ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە
لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵ 8، بێژەر و کادیرێکی حیزبی، گفتوگۆ لەبارەی چەکەکانی ئەمەریکا دەکەن و کادیرەکە باس لەوە دەکات گوایە ئەو چەکانە دراون بە وەزارەتی ناوخۆ و لە کۆگایەکی وەزارەت لە هەولێر دانراون.
ئەم قسانە سەرلەبەری هەڵبەستراو و چەواشەکاریین و هیچ بنەمایەکیان نییە و دوورە لە ڕاستی. دیارە ئەوانەی ئەو چەکانەیان بردووە، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ شاردنەوەی ڕاستی بابەتەکە و بە باسکردنی زیاتر و هەوڵدان بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی، چەواشەکاریی زیاتر بڵاو دەکەنەوە، بەڵام ڕۆژێک دێت لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت.
بۆیە وەزارەتی ناوخۆ، وەکوو مافی خۆی، سکاڵای یاسایی لە سەر کەناڵەکە و میوانەکەی تۆمار دەکات و پێویستە لەبەردەم دادگا، بەڵگە بۆ ئەو چەواشەکارییانە پێشکەش بکەن، ئەگینا دەبێت باجی بڵاوکردنەوەی تۆمەتی هەڵبەستراو بدەن.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆ
٢ی ئایاری ٢٠٢٦
قەندیل پرێس