ناوەندی دیالۆگ بۆ هاوکاری: کۆماری ئیسلامی جینایەتی دژی مرۆڤایەتیی دەکات

(نامەی سەرئاوەڵای حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوو بە وڵاتان، دامەزراوە نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ سەبارەت بە کوشتاری خەڵکی ئێران)

بەڕێز شوڕای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان!
وڵاتان و دامەزراوە پێشکەوتووخوازەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی!
ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ!

کۆماری ئیسلامیی ئێران زیاتر لە سێ حەوتوویە بێ‌بەزییانە بەربووەتە گیانی خەڵکی ڕاپەڕیو و مافخوازی وەزاڵەهاتوو لە دەست نەبوونی ئازادیی سیاسی، هەژاری، برسێتی و گەندەڵیی حکوومەتی. ئەم ڕێژیمە دیکتاتۆرە بۆ شاردنەوەی جینایەت و کۆمەڵکوژییەکانی و سڕینەوەی بەڵگە و ئاسەواری تاوانەکانی هێلەکانی ئینتێرنێتی پچڕاندووە و هەموو دەرگاکانی پێوەندی ڕوو بە دەرەوەی لە خەڵکی وڵات داخستووە. دەزگای سەرکوتی ڕێژیم لەو ناڕەزایەتییانەدا جینایەت دژی مرۆڤایەتیی کردووە، بە هەزاران کەسی کوشتوون کە دەیان کەس لەوان ژن و کەسانی خوار ١٨ ساڵن، چاوی هەزاران کەسی کوێر کردوون، بە دەیان هەزار کەسی گرتوون و هەزاران برینداریش لە ترسی دەسبەسەرکران ناوێرن بۆ چارەسەریی برینەکانیان ڕوو لە نەخۆشخانەکان بکەن.

ڕێژیمی ئێران بە زاڵکردنی کەشی میلیتاری بەسەر وڵاتدا هەناسەی لە خەڵکی بڕیوە، پێشی دەرکەوتنی ڕاستییەکانی گرتووە و تەنانەت لە کوردستان لە ترسی پەرەسەندنی خۆپێشاندانەکان نەک هەر ڕێگە نادا بنەماڵەی کوژراوەکان ئازیزە لەدەستچووەکانیان لە زێدی خۆشیاندا بەخاک بسپێرن؛ بەڵکوو بۆ پێدانەوەی تەرمی ڕۆڵەکانیان هەتا ١ میلیارد تمەنیش پارەی لێ سەندوون.

ئەم ڕێژیمە دیکتاتۆرە کە لە ماوەی پێنج دەیەی ڕابردوودا هەموو کاتێک بە ڕوانگەی ئەمنیەتی و میلیتارییەوە کوردستانی ئیدارە کردوە و پێشتریش لە سەرەتای سەرهەڵدانی بزووتنەوەی “ژینا- ژن، ژیان، ئازادی”دا تاوانی گەورەی دژی مرۆڤایەتیی خوڵقاندبوو، و بە چەکی نیوەقورس و لەنێو شارەکاندا گیانی لە سەدان خۆپێشاندەر ئەستاندبوو؛ ئەمجارەش دەستی لە تاوان نەپاراست. خۆپێشاندانەکان لە ناوچەکانی ئیلام، کرماشان و لوڕستانی لە خوێن وەردا و دەیان کەسی کوشت. بەڵام کوشتن و گرتن و زاڵکردنی کەشی سەرکوت پاشەکەشەی بە خەبات و خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان نەکردووە. هەر حەوتووی ڕابردوو هەموو کوردستانی ئێران لە وەڵامی بانگەوازی ٧ی حیزبی سیاسیی خۆیدا بە مانگرتنێکی گشتیی سەراسەری جارێکی دیکەش دەنگی کۆڵنەدان و مافخوازیی خۆی بەرز کردەوە.

ئێستاش بە سەرنجدان بە دۆخی نێوخۆیی ئێران و کوردستان وەک مەترسیی کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی ناڕازی، پێمل‌نەبوونی ئێران بە هیچ یاسا و پرەنسیپێکی جیهانی، کاریگەرنەبوونی هەتا ئێستای هەوڵە دیپلۆماتیکەکانی وڵاتان لەو ماوەیە بەرپرسایەتیی کاردانەوە و وەدەنگ‌هاتن و فریاکەوتنی خەڵکی ئێران پتر لە هەموو کاتێک لەسەر شانتان قورسایی دەکات. ئاشکرایە کە کۆماری ئیسلامی وەک  حکوومەتێکی نابەرپرسیار قۆڵی لە جینایەت و کوشتاری خەڵکی شۆڕشگێڕ و ئازادیخواز هەڵکردووە، لەم ڕووەوە کۆمەڵگەی جیهانی بۆی هەیە یەکگرتوو وەدەنگ بێ و بە وەستاندنی ئەم ڕێژیمە ڕێز لە ئیرادەی خەڵکی ئێران و نەتەوەکانی ئەم وڵاتە بۆ گۆڕینی ڕێژیم بگرێ و یارمەتیدەریشیان بێت.

ئێمە حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران داوا دەکەین جیهان دەنگی خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران ببیستێ، وڵاتان و کۆمەڵگەی جیهانی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ شان وەبەر بەرپرسایەتییان بدەن و بە هەموو توانایان و بە هەر جۆرێک کە پێیان دەکرێ ئەم ڕێژیمە مرۆڤکوژە بوەستێنن. مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەکانی ئێران لە دەست خۆیاندایە و کۆمەڵانی خەڵک بە تێکڕا و نەتەوە بندەستەکان بە خەباتی چەند دەیەی ڕابردوویان دژی دەسەڵاتی ئێران نیشانیان داوە شیاوی ئازادی و ژیانێکی مرۆیین و بۆ ئەوەش بەردەوام قوربانی دەدەن. ئێوە بە یارمەتیدانی خەڵکی ئێران و پشتگرتنیان لەو خەباتەدا بەشێک لە بەرپرسایەتیی مێژوویی خۆتان بەجێ دێنن.

– پارتی ئازادیی کوردستان
– پارتی ژیانی ئازادی کوردستان
– سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
– کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
– کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
– کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
– حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دووبارە هەوڵبدەرەوە

Featured Video Play Icon

هێرشی دڕۆنیی نوێی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات لە کۆیە

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە ١٥ی خاکەلێوە، کاتژمێر ٧، کەمپە مەدەنییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نزیک …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *