قەندیل پرێس
ئەنجومەنی سەربازی هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسودو ئەشرەفییەی شاری حەلەب لەگەڵ حکومەتی نوێی سوریا ڕێککەوتن لەسەر بەڕێوەبردنی ئەو دوو گەڕەکە کوردییە، بە پێی ڕێککەوتنەکەش وەزارەتی ناوخۆی سوریا لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەرپرسارێتی پاراستنی ناوچەکە لەئەستۆ دەگرن.
بە پێی دەقی رێککەوتنەکە کە وەزارەتی ناوخۆی سوریا و هاوسەرۆکایەتی ئەنجومەنی شارەکە ئیمزایان کردووە، هێزە کوردییەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لەگەڵ حکومەتی سوریا لەسەر ئەم خاڵانە ڕێککەوتن:
– هەردوو گەڕەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود کە زۆرینە دانیشتووانیان کوردن، لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە شاری حەلەب دەبن، بەڵام پێویستە تایبەتمەندی کۆمەڵایەتی و کولتووریان بپارێزرێت و رێزی لێ بگیرێت.
– وەزارەتی ناوخۆی سووریا لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆ، بەرپرسیارێتیی ئاسایشی دانیشتووانی هەردوو گەڕەکەکە لەئەستۆ دەگرن و رێگە نادەن هیچ دەستدرێژییەکیان بکرێتە سەر و مافیان پێشێل بکرێت.
– بە مەبەستی پاراستنی ئاشتیی هاووڵاتییان، رێگە بە هیچ دیاردەیەکی چەکداری لە دوو گەڕەکەکە نادرێت. دەبێت چەک لە دەستی هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆدا بێت کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆن.
– هێزە چەکدارەکان بە چەکەکانییانەوە دەچنە رۆژهەڵاتی فورات (ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە).
– دوو ناوەندی ئاسایشی ناوخۆ لە هەردوو گەڕەکەکە دروست دەکرێن.
– ئازادی هاتووچۆ بۆ دانیشتوانی هەردوو گەڕەکەکە گەرەنتی دەکرێت.
– لیژنەیەکی هاوئاهەنگی بۆ ئاسانکردنی هاتووچۆ لەنێوان شاری حەلەب و ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا پێکدەهێندرێت.
– زیندانەکانی هەردوولا لە گیراوەکانی هەردوولا چۆڵ دەکرێن و ئاڵوگۆڕی دیلەکانیش لە نێوانیاندا دەکرێت.
– دامەزراوە و دەزگاکانی بواری خزمەتگوزاری، بەڕێوەبردن، خوێندن، شارەوانی و ئەنجوومەنە خۆجێییەکان لە هەردوو گەڕەکەکە دەمێننەوە تاوەکو رێککەوتنێکی هەمیشەیی دەکرێ.
🔹 ئەم رێککەوتنە لە 1/4/2025 واژۆ کرا و بڵاوکرایەوە.
🔹 تێبینی: وێنەکە تایبەت بە قەندیلپرێس لە کاتی ئیمزاکردنی ريککەوتنەکە لە لایەن هیفین سلیمان هاوسەرۆکی ئەنجومەنی کورد لە حەلەب.

قەندیل پرێس