رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، بە هەوڵ و کۆششی پسپۆڕ و زانایانی ناوخۆیی، توانیویانە بگەنە قۆناخی خاوەندارێتیی سووتەمەنیی ئەتۆمی و ئێستا توانای بەرهەمهێنانی تەواوەتیی ئەو سووتەمەنییەیان هەیە، کە تەنیا ژمارەیەکی کەم لە وڵاتانی جیهان ئەو توانایەیان هەیە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 4ی حوزەیرانی 2025 عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە گوتارێکیدا رایگەیاند، “لەمەودوا بەردەوام دەبین لە پتەوکردنی تواناکانی گشتگیریی نیشتمانیمان، بەرگریکردن واتە رووبەڕووبوونەوەی هێزە گەورەکان و ملکەچ نەبوون بۆیان.”
رێبەری باڵای ئێران دەڵێت، “زیاتر لە 1000 پیلانمان لە دژی وڵاتەکەمان پووچەڵ کردووەتەوە و وەڵامی هەندێکیان دراوەتەوە. پیلانەکان وڵاتەکەمانیان کردبووە ئامانج بۆ لاوازکردنی، بەڵام ئێمە لاواز نەبووین، بەڵکو تواناکانمان لە ناوخۆ و دەرەوەدا زیادیکرد.”
خامنەیی پەنجەی تۆمەتی بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل راکێشا و گوتی، “پیلانەکانی دژ بە وڵاتەکەمان لەلایەن وڵاتانی خۆبەزلزان، لەپێش هەموویانەوە ئەمریکا و رژێمی زایۆنی، سەرکردایەتی دەکران.”
“چاوەڕوانی گڵۆپی سەوزی ئەمریکا ناکەین”
لەبارەی سەربەخۆیی نیشتمانییەوە رێبەری باڵای ئێران گوتی، “سەربەخۆیی نیشتمانیمان بە مانای پچڕاندنی پەیوەندییەکان نییە لەگەڵ جیهان و وڵاتانی دراوسێ، بەڵکو پشتبەستنە بە خۆمان. سەربەخۆیی واتە چاوەڕوانی گڵۆپی سەوزی ئەمریکا ناکەین و گەلەکەمان خۆی بڕیار دەدات.”
“دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم نابین”
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، “ئەو پێشنیازەی ئەمریکییەکان پێشکێشیان کردووە، بە تەواوی پێچەوانە و دژی گوتەی (ئێمە بەتواناین)ـە.”
لە درێژەی لێدوانەکاندا هاتووە، “تەکنەلۆژیای ئەتۆمی بەبێ پرۆسەی پیتاندن نابێت. ئەمریکا نایەوێت ئێمە خاوەنی بەرنامەی ئەتۆمی بین، بۆئەوەی پێویستمان پێیان بێت لە چەندین بواردا. تاران دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم نابێت، ئەمریکا دەیەوێت بەرنامە ئەتۆمییەکەمان هەڵبوەشێنێتەوە.”
خامنەیی جەختی لە پێشەنگیی وڵاتەکەی لە ناوچەکە کردەوە و گوتی، “پێشکەوتنی زانستی، تەکنیکی و تواناکانی بەرگری کە بەدەستمان هێناون، تواناکانی ئێمەیان سەلماندووە. بەرزکردنەوەی ئاستی تواناکانی بەرگریمان، ئێرانی خستووەتە پلەی یەکەم لە ناوچەکەدا.”
قەندیل پرێس