وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، لە هیچ ئاستێکدا رێگە بە ئێران نادەین بوژانەوەى ئابووریى و دارایى بەخۆیەوە ببینێت.
گوتەبێژێک بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، هەڵمەتی ترەمپ لە دژى ئێران ئامانجەکەى کۆتاییهێنانە بە هەڕەشە ئەتۆمییەکەی و کەمکردنەوەی بەرنامە موشەکییەکەى.
ئیدارەی ترەمپ ئاماژەی بە نیازی خۆی کردبوو کە لێخۆشبوونەکە نوێنەکاتەوە، وەک لە یاداشتنامەی سەرۆکایەتیی ئاسایشی نیشتمانی لە 4ـی شوباتی 2025دا هاتووە کە ئامانجی دووبارە سەپاندنی زۆرترین فشارە بەسەر ئێراندا.
هەرچەندە عێراق وڵاتێکى دەوڵەمەندى وزەیە، بەڵام لە گاز و کارەبادا نەگەیشتووەتە خۆبژێوی و بۆ پڕکردنەوەى پێداویستییەکانى پشت بە ئێران دەبەستێت، بەگوێرەى مۆڵەتەکەى ئەمریکا، عێراق ساڵانە بە بەهاى چوار تاوەکو شەش ملیار دۆلار گازی لە ئێران دەکڕى.
بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە بۆ سەر ئێران، بەغداد نەیدەتوانی پارەی کاش بە تاران بدات، بەڵکو بە رەزامەندیی واشنتن، دەیخستە هەژمارێکی بانکی عێراقەوە و تەنیا بۆ مەبەستی مرۆیی، رێگە بە ئێران دەدرا بەکاریبهێنێت، لەوانەش بۆ کڕینی پێداویستییە پزیشکییەکان.
قەندیل پرێس