قەندیل پرێس – حەسەکە
دیمەنی سیاسی و ئەمنی لە سووریا بەرەو قۆناغێکی هەستیار هەنگاو دەنێت کە تێیدا ململانێ لەسەر سیمبۆلە نەتەوەییەکان بووەتە سەردێڕی ڕووداوەکان. ئەم گرژییە ڕەگ و ڕیشەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی سەرەتای قەیرانی سووریا، کاتێک پرسی ئاڵا و ناسنامە بووە هۆی دابەشبوونی توندی پێکهاتەکان. لە نوێترین پەرەسەندندا، پەیامێکی ڤیدیۆیی توند لەلایەن ئەنجومەنی سەرکردایەتی هۆزی “ئەلجبور” و هێزەکانی عەشایەری عەرەبی بڵاوکرایەوە، کە تێیدا بە توندی سەرکۆنەی بێڕێزیکردن بە ئاڵای کۆماری عەرەبی سوریایان کرد لەلایەن تاقمەکانی “قەسەدە”. هۆزە عەرەبییەکان جەختیان کردەوە کە لە ئامادەباشی تەواودان و هۆشدارییان دا ئەگەر ئاسایشی ڕۆڵەکانیان لە حەسەکە دابین نەکرێت، ئەوا بانگەوازی گشتی “النفیر العام” ڕادەگەیەنن.
لە بەرامبەر ئەم هەڕەشە توندانەدا، ئەنجومەنی سووریا دیموکرات (مەسەدە) لە هەوڵێکی دیپلۆماسیدا ئاڵای دەوڵەتی سوریای وەک سیمبۆلێکی نیشتمانی کۆکەرەوە ناساند، هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد کە سیمبۆلە کوردییەکانیش بەشێکی ڕەسەنن لە ناسنامەی نیشتمانی و هەر دەستدرێژییەک بۆ سەریان خزمەت بە ئەجێندای دەرەکی دەکات.
وەک دەنگێکی تەواوکاری بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، ئەنجومەنی ئاوارەکانی عەفرین و شەهبا بەیاننامەیەکی بەپەلەی دەرکرد و تێیدا هۆشداری توندی دا لە مەترسییەکانی دروستبوونی فیتنە لە ناوچەکەدا. ئەنجومەنەکە ڕایگەیاند کە هەر کار و ڕەفتارێکی تاکەکەسی لە دەرەوەی چوارچێوە فەرمییەکان ئەنجام بدرێت، گوزارشت لە ئیرادەی گەل ناکات و تەنها زیان بە سەقامگیری دەگەیەنێت. ئەنجومەنی ئاوارەکان داوای لە هەموو لایەک کرد پابەندی ئاشتی کۆمەڵایەتی بن و ڕێگری بکەن لە هەر هەوڵێک کە دەبێتە هۆی لێکترازانی پێکهاتەکان، جەختیشیان کردەوە کە چارەسەری ڕاستەقینە تەنها لە ڕێگەی گفتوگۆ و پابەندبوون بە ڕێککەوتنی ٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ـەوە دەبێت بۆ گەرەنتی کردنی گەڕانەوەیەکی ئارام و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا.
لەسەر ئاستی شەقامیش، هاوڵاتیان لە لێدوانەکانیاندا بۆ ئاژانسی قەندیل پرێس نیگەرانی قووڵی خۆیان دەربڕی و ئاماژەیان بەوە کرد کە ململانێ لەسەر سیمبۆلەکان نابێت ببێتە هۆی تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی، چونکە ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو سەلماندوویەتی کە تەنیا خەڵکی سڤیل باجی ئەم جۆرە ئاڵۆزییانە دەدەن. ئەم پەرەسەندنانە نیشان دەدەن کە سووریا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی نوێی پێکەوەژیاندایە و هەر جۆرە پێکدادانێکی مەیدانی، دەرگای نوێ بۆ دەستێوەردانی دەرەکی دەکاتەوە.
قەندیل پرێس