به‌په‌له

گوڵستان کلچ: پێویستە پەروەردە بە زمانی دایک و دادوەریی سەربەخۆ دابین بکرێن

گوڵستان کلچ کۆچیگیت، سەرۆکی گرووپی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا، ڕەخنەی توندی لە بودجەی ۲۰۲٦ گرت و ڕایگەیاند کە پارەی گەل لە جیاتی چارەسەرکردنی کێشەی ژنان و جوتیاران، بۆ چەک و شەڕ خەرج دەکرێت.

ئەمڕۆ لە پەرلەمانی تورکیا، لە کاتی هەڵسەنگاندن بۆ ڕەشنووسی یاسای بودجەی دەسەڵاتی ناوەندی، گوڵستان کلچ کۆچیگیت سەرۆکی گرووپی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا قسەی کرد و وتی: لە کەمترین مووچەوە تا دەگاتە خانەنشینان و ژنان، کێشەکانیان بەو بودجەیە چارەسەر ناکرێت کە ٢٤ ساڵە ئاکەپە دەیسەپێنێت.

ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە هاووڵاتییان لە هەر چرکەیەکدا بڕێکی زۆر باج دەدەن، بەڵام هەڵاوسانی ڕاستەقینە لە بازاڕ و چێشتخانەکاندایە و ژیانی خەڵکی تەنگاو کردووە.

کۆچیگیت تیشکی خستە سەر ئەوەی کە بودجەی وەزارەتی بیمەی کۆمەڵایەتی و کار بە شێوەی نادادپەروەرانە داڕێژراوە، چونکە ئەو پارەیەی بۆ پاراستنی ژنان تەرخان کراوە زۆر کەمە، ئەمەش وایکردووە کوشتنی ژنان لە زیادبووندا بێت.

سەرۆکی گرووپی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا وتیشی: کورد و عەلەوی ساڵانێکی زۆرە بوونەتە قوربانیی سیستەمی پاوانخوازی، بۆیە دەبێت بودجە لەسەر بنەمای یەکسانی دابەش بکرێت نەک بۆ بەهێزکردنی لایەنی سەربازی.

سەبارەت بە چارەسەریی پرسی کورد، کۆچیگیت باسی لەوە کرد کە دامەزراندنی کۆمیسیۆنی دیموکراسی و خوشک و برایەتی و یەکگرتنی نەتەوەیی هەنگاوێکی گرنگە.

هەروەها کۆبوونەوەی ئەو شاندەی لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ بە مێژوویی ناوبرد، و جەختی کردەوە کە پەرلەمان شوێنی سەرەکیی چارەسەرییە، دەبێت لە ڕێگەی دیموکراسی و ئازادییەوە کۆتایی بە ڕژێمی قەیوم بهێنرێت و پەروەردە بە زمانی دایک و دادوەریی سەربەخۆ دابین بکرێت.

لە کۆتایی قسەکانیدا، سەرۆکی گرووپی دەم پارتی ڕایگەیاند کە پڕۆسەی ئاشتی بە بانگەوازی بەڕێز ئۆجالان دەستی پێکردووە، ئێستا ئەرکی دەوڵەت و دەسەڵاتە کە ڕێکارە یاساییەکان بۆ سەرکەوتنی ئەم هەنگاوە دابین بکەن، بۆ ئەوەی ئاشتییەکی هەمیشەیی بە گەرەنتی یاسایی درووست بکرێت و هەموو پێکهاتەکان پێکەوە بژین.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

دەم پارتی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران شەرمەزار کرد

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە بەیاننامەیەکدا، سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی لە ئێران و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *