لە وڵاتی دانیمارک، کچە وەرزشوانێکی کورد بەناوی “ڤالێنتینا ماهر جەمیل”، بەهۆی لێهاتوویی بێوێنەی لە بواری وەرزشی ژمناستیک و پابەندبوونی بە خوێندنەوە، چیرۆکەکەی دەچێتە نێو کتێبێکی پرۆگرامی خوێندنەوە، لەسەر داوای تایبەتیی خۆیشی، ئاڵای کوردستان لە تەنیشت دەقەکەدا چاپ دەکرێت.
ڤالێنتینا تەمەنی ١٤ ساڵە و لە بنەڕەتدا خەڵکی گوندی “قوجەمان”ی سەر بە عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستانە، هەرچەندە لە تەمەنی دوو مانگییەوە لەگەڵ خێزانەکەی گەیشتووەتە دانیمارک، بەڵام توانیویەتی پارێزگاری لە ناسنامەی نەتەوەیی خۆی بکات. ئەو لە تەمەنی چوار ساڵییەوە دەستی بە ژمناستیک کردووە و تا ئێستا لە کۆی ٩ پاڵەوانێتی، ٧ میدالیای زێڕ و ٢ میدالیای زیوی بەدەستهێناوە.
بەهۆی ئەوەی ڤالێنتینا نموونەی قوتابییەکی سەرکەوتوو بووە، خوێندنگەکەی بڕیاریاندا چیرۆکەکەی لە کتێبێکی وانەوتنەوەدا بڵاوبکەنەوە و کاتێک مامۆستاکەی لەبارەی ئاڵای کوردستان پرسیاری لێکردووە، ئەو داوای کردووە لەپاڵ چیڕۆکەکەی ئاڵای کوردستان دابندرێت.
قەندیل پرێس

