گۆڤاری “فۆرین ئەفەیرز”ی ئەمریکی لەڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، سەرکردایەتیی نوێ لەسوریا ڕوبەڕوی ئاستەنگی قورسو ئاڵۆز دەبێتەوە بۆ بەدەستهێنانی دانپێدانانی نێودەوڵەتیی، بەتایبەتیی لەبەر ڕۆشنایی نەبونی مۆدێل یان ڕێنمایی ڕون بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ حکومەتێک کە لەلایەن گروپێکەوە بەڕێوەدەبرێت کە بە”تیرۆریست” پۆلێنکراون.
گۆڤارەکە ئاماژەی بەوەکردوە، گەشبینییەکی بەئاگایانەی وڵاتە ڕۆژئاواییەکان هەیە بەرامبەر بەداهاتوی سوریا، بەڵام گەورەترین ئاستەنگ لەپاڵپشتیکردنی ئاوەدانکردنەوەی ئابوریدایە دوای چەندین ساڵ لەشەڕ.
ئاماژەی بەوەشکردوە، هەر دواکەوتنێک لەم هەوڵانەدا دەتوانێت ببێتە هۆی دروستبونی ئاژاوەو ناسەقامگیریی زیاتر لەوڵاتدا.
گۆڤارەکە هەروەک پێداچونەوەی بەئەزمونی ئەفغانستان کردوە لەدوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات لەساڵی 2021داو ئاماژەی بەوەکردوە، ئەم ئەزمونە وانەی گرنگ بۆ بەڕێوەبردنی گواستنەوە سیاسییەکان دەڕەخسێنێت، لەهەموی گرنگتر ئەوەیە کە هەنگاوە نێودەوڵەتییە خاوەکان قەیرانە مرۆییەکان گەورەتر دەکات.
گۆڤارەکە ڕونیشیکردوەتەوە، ستراتیژیی “چاوەڕوانییو سەیرکردن” دەتوانێت گۆشەگیرییو ئازارەکانی گەلی سوریا زیاتر بکات.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەپێویستی بەهەنگاوی یەکلاکەرەوەو خێرای نێودەوڵەتیی کردوە بۆ پاڵپشتیکردنی سوریا لەسەر ڕێگهی ئاوەدانکردنەوە، کە ڕەنگە مەترسییەکانی دوبارەبونەوەی سیناریۆی ئەفغانستان کەمبکاتەوەو وڵاتەکە بخاتەسەر ڕێگهیەکی سەقامگیرتر.
قەندیل پرێس