به‌په‌له

ڕاپۆرتی پانێلی سێهەمی کۆنفڕانس بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە وڵاتی هۆلەندا (بەشی یەکەم)

قه‌ندیل پرێس – هۆڵه‌ند

پانێلی سێهەمی کۆنفڕانس بۆ ڕۆژهەڵاتی  کوردستان لە وڵاتی هۆڵەند کە بە بەشداری کەسایەتی چالاک، ئاکادمیی، سیاسی و ڕۆشنبیرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، کەنەکە بەڕێوە چوو، لە ڕۆژی یەکشەممە 28ی ئەیپڕیڵ ئەنجام درا.

لە پانێلی سێهەم دیمەن سۆهرابی، عەباس وەلی، هاوژین بەقالی، ڕۆژین مۆکریان، عەزیز ماملێ و کامران مەتین  لێکدانەوە و ڕاوبۆچوونی خۆیان پێشکەش کرد.

عەزیز ماملێ پسپۆڕى یاسا نێودەوڵەتییەکان، لەم پانێلە باسی یاسا نێودەوڵەتییەکان و پێویستییەکانی دەورانی گوزەری پاش ڕووخانی ڕژێمی پەت و سێدارەی کرد و وتی دەبێ بزانین دوای ڕووخانی ڕژێم تووشی چ قۆناغێک دەبین و گرینگترین و هەستیارترین دۆخ و قۆناغی بزووتنەوە و خەباتی ڕزگاری خوازی کورد و گەلانی ئێران بەستراوەتەوە بە قۆناغی ڕاگوزەری و چۆنایەتی هەڵسوکەوتمان دەتوانێ بمانگەینێتە ئامانج و یان هەموو ئاکام و دەستکەوتەکانی بە فیڕۆ بچێت. دەبێ بزانین لە پاش ڕووخانی ڕژێم چی دەقەومێت و چ دەسەڵاتێک جێگای دەگرێتەوە و ڕەوتی حوکمڕانی چۆن و بە چی و لە لایەن کێ  بەڕێوە دەچێت و دۆخی کورد لە چە ئاستێکدا بە ڕێوە دەچیت و ئایا داخوازی و ئیرادەی کورد لە ناو دەستووری داهاتوودا جێگەی دەبێتەوە و جێگیر دەبێت؟

بێگومان کورد و هەموو گەلانی ئێران دەبێ بگەنە ئاستی کارگێڕی و بۆیە دەبێ هەر لە ئێستاوە بیر لەو قۆناغە بکرێتەوە، لە لایەکی ترەوە بە سەرنج دانی لێکدانەوەکانی کاک موعتەسەمی تاتایی لە سەر دۆخی ئێران، گرینگی ئەم قۆناغە زیاتر دەردەکەوێت چونکە هەر بە پێی ئامار و داتاکان کۆماری ئیسلامی کۆتایی پێ هاتووە، بە ئاوڕدانەوەی ئەوەی لە ڕۆژاوای کوردستان لە ئارادایە و ئەوەی لە دوای شۆڕشی 57 لە ئێڕان ڕووی دا گرینگی قۆناغێ ڕاگوزەر زیاتر دەردەکەوێت. لە دوای 57 دیتمان تەواوی بزووتنەوە و خەڵک پەراوێزخرا و هەموو دەستەکەوتەکان و خەباتی نەتەوەی کورد هەر لە کۆماری کوردستان تا 57 لە بیرکرا و لە پەراوێزخرا. هەروەک ئەوەی لە سووریاش دەستەی تەحریرشام، خەریکە مافی کورد و دیکەی پێکهاتەکان پێشێل بکات. بۆیە دەبێ بۆ ئەو قۆناغە ئامادەکاری بکەین.

یەکەم هەنگاو ئەوەیە کە دەبێ شۆرای ڕاگوزەری دیموکراتیک دابمەرزێت بۆ دانانی حکومەتی کاتی و دانانی پۆستە باڵاکان و کورد دەبێ ئامادە بێت بۆ بەشداری کردن لەو شۆرایە و ڕێگە نەدات لەو شۆرا و لە دانانی یاسای بنەڕەتی داهاتووی ئێران پەراوێز بخرێت. ئەو هەڵبژاردنەش لە داهاتوودا و دوای ئەم ڕژێمە دەکرێت گرینگە و کورد دەبێ بە شێوەی یەکگرتوو و هاوئاهەنگ لە مەجلیس موئەسیسانی داهاتوو بەشدار بێ و لەنەتەوکانی تر هاوپەیمان بۆ خۆی دروست بکات و ئەمەش دەکەوێتە سەر بەرپرسانی حزبەکان.

ئاماژەی بەوش دا کە لە ساڵی 1358ی هەتاوی دوکتور قاسملۆ توانی لە هەڵبژاردنی مەجلیسی خوبره‌گان لە ئازەربایجانی ڕۆژاوا سەرکەوێت و ڕایگەیاند دەبێ ئێمە پرۆسەیەک دابمەرزێنن و دەنگی خۆمان و خواستی خۆمان وەکوو خۆدموختاری لە مەجلیسی خوبره‌گان ڕابگەیێنین و بیچەسپێنین. بەڵام دواترهەوڵەکانی ڕژێم بە ئاڕاستەیەک چوو کە ڕێگری لە بەشداری کورد کرد و تەنانەت خۆمەینی ڕاستەوخۆ وتی دەبێ شێخ عیزەددین و دوکتور قاسملۆ ئیعدام بکرێن و بۆیە ئەمەش دەتوانێ لە داهاتووی دوای ڕووخانی ڕژێمیش دووپات ببێتەوە و لە لایەکی ترەوە ناکۆکی ناوخۆیی نێوان حزبەکان  مەترسیەکی تر دەبێت.

لە کۆتاییدا هۆشداری دا کە دەبێ کورد بەوەی باری گرانی بزووتنەوەی لە سەر شان بووە، خۆی بۆ قۆناغی ڕاگوزەر ئامادە بکات، چونکە کورد لە ئێران کەمینەیە و لایەنی شۆڤینیستی ئێرانی دەتوانێ خواستەکانی خۆی بە سەرماندا داسەپێنێت و دەبێ مافەکانی ئێمە گەرەنتی بکرێت، بەڵام ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی هێندە هەڵوەشارە و ڕووخاوە شپرزەیە کە هۆمیدێک نییە لەو ناسیۆنالیسمە و شۆڤینیسمی ئێرانی و ئەو فاشیزمەی بە سەر بەشێکی ئۆپۆزیسیۆن زاڵە، کورد بتوانێت دەنگی خۆی بەرز بکاتەوە.

هاوژین بەقاڵی توێژەری سەربەخۆ لە بواری ئایین و سیاسەت  و مامۆستای زانکۆ لە فەڕانسە دووهەم پانێلیست بوو کە لە سەر باسی ئایین لە کۆمەڵگای کوردستان  و ئەوەی کە بۆچی ئیسلامی سیاسی سەرەڕای گرتنە دەستی دەسەڵات لە چەندین وڵات نەیتوانیوە پێوەندی ئۆرگانیک لە نێوان دین و سیاسەت دروست بکات و دینی تەسلیمی سیاسەت کردووە و ئەوەشی باس کرد کە لە ئەگەری گۆڕانکاری لە ئێراندا هێزە ئیسلامییەکان چە دەورێک دەگێڕن؟

ناوبراو سەرەتا باسی هێزە ئیسلامییەکانی لە باشووری کوردستان کرد و وتی کە ئەو هێزە ئیسلامییانە لە سەر ئەو باوەڕە بوون کە دەبێ دین لە سیاسەت جودا بێت، و چاوەڕوانی زۆر کەممان لە دین هەبێت و دین دەبێ لە شوێنی خۆی بمێنێت.

ئاماژەشی دایە دەوری دەوڵەتی عوسمانی و هەروەها ڕووخانی ئەو دەوڵەتە لە سەر گۆڕانکارییە ئایینییەکانی ناوچەکە و وتی لە ئێستا هێزە ئیسلامییەکان بە دوو هۆکار ئەیانهەوێ بێنە ناو دەسەڵات و دەوڵەت، یەکەم ئەوەی کە دەترسن تووشی چارەنووسی کەنیسەی کاتۆلیک لە ئەورووپا ببن و دووهەمیش دەیانهەوێ دەوڵەت بکەن بە دین و توانیان بڕێ لە چەمکەکانیان بە پێی دەوڵەت پێناسە بکەن و خۆدی دین و لە سەرەوەی ئەوە خودا وەک دەوڵەت بناسێنن و ئەمەش دەوڵەتی دیکتاتۆری ناوەندخوازی لێ دروست بوو، بەڵام ئەمەش شکستێکی بە دواوە بوو چونکە نەیانتوانی دامەزراوە تایبەتییەکانی خۆیان دروست بکەن.

هۆشداریشی دا کە سەلەفییەکانی ڕۆژهەڵات هەرچەندە سازماندهی خۆیان لە دەست داوە و ڕەنگە بڵێین ئەگەری کەمە کە هێزی وەک داعش لە ڕۆژهەڵات دەسەڵات بگرێتە دەست، بەڵام ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین دایین و دەبێ هەموو ئەگەرەکان لە بەرچاو بگرین و دروستە کە ئەزموونی ڕۆژاوا و باشوورمان هەیە، بۆ دواڕۆژ دەبێ بزانین کە سەلەفییەکانیش ئەزموونیان هەیە هەم لە ئەفغانستان و ئەو کاتەی سووریا و شوێنی تر و خاکیشیان بە دەستەوە بوو و ڕۆژهەڵاتیش بە نسبت دیکەی ناوچەکانی سونی لە ئێران زیاتر لە بەر دەستە بۆ هێزە ئیسلامییەکان و ئەو هێزانەش لە بۆشایی قودەرت و هێز ئەتوانن دەسەڵات بگرنە دەست و ئەو بۆشاییەش کاتێک دروست ئەبێت کە پارتە سیاسییەکانی کورد نەتوانن پێکەوە یەکگرتوو هاوئاهەنگ بن بۆ بەڕێوە بردنی ناوچە و شارەکان و گەرچی ڕۆژهەڵات خەڵکێکی سکۆلاری هەیە بەڵام هەر وەک ئەوە لە ڕەقا ڕوویدا و داعش لە بۆشایی حزبی سیاسی کورد دەسەڵاتی گرتە دەست، هەمان شت بە دڵنیاییەوە دەتوانێت بۆ ڕۆژهەڵاتیش ڕوو بدات.

سێهەم پانێلیست لەم بەشە دوکتۆر ڕۆژین موکریان بوو و لە ڕێگای ڤیدیۆ کۆنفڕانسەوە بەشدار بوو و لە بارەی پێویستی یەکێتی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کورستان قسەی کرد  و وتی کە پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە یەکێتی لە سەر چی و لە نێوان کێ و بۆچی دەبێ بکرێت و لەم ڕێگایەوە دەمانهەوێ ئیرادەی پێوست بۆ دروستکردنی ئەم یەکگرتووییە دروست بکەین.

جەختیشی کرد کە کێشەی کورد لە ئێران تەنیا بە ڕووخانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی کۆتایی پێ ناییت و شۆڕشی ژن ژیان ئازادی ئاستی هاودەنگی لەگەڵ خواستەکانی کورد دەرخست و پیشانی دا کە کۆمەڵگای ئێرانی لە ڕوانگەی سەرەوە بۆ خوار سەیری کورد دەکات و هەم چەپ و هەم ڕاست ڕێککەوتنێکیان لە سەرچۆنییەتی پێناسە کردنی ئێران و ناسیۆناڵیسمی فارس هەیە کە تێدا ئێرانی وەکوو شۆناسی تاکڕەوی فارس پێناسە دەکات.

وتیشی ئەوەی کە لایەنی ئێرانی پێداگری لە سەر ئەوە دەکات کە کورد وەکوو قەوم پێناسە بکات و تەنانەت دیاردەی کۆڵبەری بە ئەنجامی کێشەی ئابووری و نەک نەتەوایەتی و سیاسی لە قەڵەم ئەدات و بوونی سیاسی کورد قەبووڵ ناکات هەر وەک دوای نەورۆزی ئەمساڵ 800 کەس بەناو هونەرمەندی  ئێرانی بەیاننامەیەکیان واژۆ کرد و ڕژێمی ئێرانیش پاڵپشتی لێ کرد و بەرەی چەپ و ڕاستی ئۆپۆزسیۆنیش بێدەنگیان لێ کرد، ئەوەش دیسان هەمان هەڵوێستمان بۆ دووپات دەکات و لە لایەکی تریشەوە دوای نەورۆزی ورمێ ئەو هەڵوێستەمان بینی کە بە دار و حەیدەر وتنەوە هاتنە سەر شەقام و ئەمانە ئاماژەن بۆ ئەگەرەکانی داهاتوو.

هەروەها وتی لە ئێستادا ڕژێم لەو پەڕی لاوازیدایە و هەم ئەگەڕی ڕووخان و هەم ئەگەری مانەوەی هەیە و لە هەردوو حاڵەتدا یەکگرتن و هاوهەڵوێستی حزبە کوردییەکان پێش مەرجە بۆ ئێمە بە تایبەت کە حزبەکان بۆ ئەگەڕێ ڕووخانی ڕژێم ئامادە نین و بە بێ یەکڕێزی ئازادی سیاسی و نەتەوایەتی کورد بە دی ناییت.

جەختیشی کرد کە کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان فرەچەشنییە و لەیەکگرتوویەکەدا پێویستە هەموو ڕەنگ و بوون و شوناس و خواستەکان قبووڵ بکڕێن و لە ئێستادا دەیبینین کە کۆمەڵگای مەدەنی توانیویەتی سنوورەکانی سیاسەتی دەسەڵات ناوەند تێپەڕێنی ولە ڕیگای بە دیهێنانی دەرفەت و ئیمکان لە بوارە جیاجیاکان فەزای گشتی ئادۆنیستی بۆ بوونی سیاسی خۆی پێک بێنیت و ئەمەش هەمان ئەرکە کە حزبە سیاسیەکان لە بەدیهێنانی شکەستیان هێناوە و بێ گومان ناشتوانن هیچیەکیان بە تەنیا گڕێیەکانی ئێستا بکەنەوە و ڕۆشنبیرانیش لە پێش حزبەکان بۆ پراکتیزە کردنی یەکگرتوویی کار بکەن و ئەگەر کۆمەڵگا و ڕۆشنبیران هەنگاو هەڵبگرن ئەو کاتە کۆمەڵگاش کە خەریکی قوربانی دانە، دەزانێت کامە حزبە بەربەست لە دروست بوونی یەکگرتوویی دروست بکات. مادەم ئەگەر هەوڵەکانمان لە پێناو بوونی کورد و دەستەبەرکردنی ئازادی نەتەوایەتی بۆ داهاتووی ڕۆژهەڵاتە، دەبێ هەوڵ بدەین و هەنگاوی کردەییمان هەبێ.

لە کۆتاییشدا دیسان وتی کە یەکگرتوویی پێوستی ئەم کاتەی کوردە و بۆ دروست بوونی ئەو یەکڕێزییە پێویستمان بە فەزایەکی وایە کە هەموو کەس و لایەنەکان بتوانن دەنگی خۆیان و داخوازی خۆیان بگەیێنن و لە کۆتاییدا دەتوانین کۆمەڵگا هوشیار ڕابگرین کە هۆکار و خاڵەکانی ڕێککەوتن و یان ڕێنەکەوتنی حزبەکان چین.

 

دووبارە هەوڵبدەرەوە

بۆردوومانی باکووری شێخ مەقسوود کرا و دوو کەس برینداربوون

گرووپە چەکدارەکانی سەربە حکومەتی کاتی سووریا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردوومانی ناوچەی شەقیق لە باکووری شێخ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *