پەروین بوڵدان، ئه‌ندامی شاندی ئیمڕاڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایگه‌یاند، ئەم قۆناغەی توركیا پێویستی بە زەمینەی یاسایی هەیە، دەبێت یاسای ئاشتی هەبێت و “بە تایبەت جەخت لەمە دەکەینەوە، کار و ڕۆڵی پارتە سیاسییەکان و کۆمیسیۆن لێرە بەدواوە دەپەڕێتەوە بۆ قۆناغێکی گرنگ و کاریگەرتر”.
ئه‌و وتانه‌ی پەروین بوڵدان له‌دوای كۆبونه‌وه‌ی شاندی ئیمڕاڵی هات له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی، سەرۆکی گشتی مەهەپە، له‌باره‌ی ناوەڕۆکی کۆبونەوەکە بۆ میدیاکان قسەیان کرد.
پەروین بوڵدان وتی، “دەربارەی کۆبونەوه‌كه‌ی ئیمڕاڵی و پێشهاتەکانی دواتر زانیارمان لەگەڵ باخچەلیدا ئاڵوگۆڕ کرد، دەربارەی قۆناغی نوێی پرۆسەکە گفتوگۆمان کرد. کۆبونەوەکەی گرنگ ئەرێنی بو، پێمان وایە، دەبێت قۆناغی نوێی پرۆسەکە لەسەر زەمینەیەکی نوێ بەردەوامی پێبدرێت، دەتوانین بڵێین پرۆسەکە پێ ناوەتە قۆناغی دوەمی خۆیەوە”.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، “ئەم قۆناغە پێویستی بە زەمینەی یاسایی هەیە، هەڵبەتە دەبێت یاسای ئاشتی هەبێت و بە تایبەت جەخت لەمە دەکەینەوە، کار و ڕۆڵی پارتە سیاسییەکان و کۆمیسیۆن لێرە بەدواوە دەپەڕێتەوە بۆ قۆناغێکی گرنگ و کاریگەرتر، لەم ڕوەوە بۆچونی خۆمان بۆ بەڕێز ئۆجه‌لان دەربڕی، چاوەڕوانی خۆمان پەیوەست بە گۆڕانکاری یاسایی بە بەڕێزیان ڕاگەیاند”.
ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی، سەرۆکی گشتی مەهەپە له‌میانی وته‌یه‌كی كورتدا بۆ رۆژنامه‌نوسان، باسی له‌وه‌كرد، “پەروین خانم زۆر ڕاشکاوانە هەمو شتێکی باس کرد، هاوڕای هەمو قسەکانیم”.
24ی مانگی ڕابردو، کۆمسیۆنی دیموکراسی و خوشک_برایەتی و یەکگرتنی نەتەوەیی کە لە پەرلەمانی توركیا دامەزراوە، چوه ئیمڕاڵی بۆ ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان، رێبه‌ری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه)، ناوەڕۆکی دیدارەکە تا ماوەی 10 ساڵ بەنهێنی دەهێڵرێتەوە.
له 27ی شوباتی ئه‌مساڵه‌وه پڕۆسه‌ی ئاشتی و چاره‌سه‌ری له توركیا ده‌ستیپێكردوه، دوای ئه‌وه‌ی عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان په‌یامێكی بۆ ڕای گشتی بڵاوكرده‌وه و داوای خۆهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی له په‌كه‌كه كرد، له‌وه‌ڵامی ئه‌و داوه‌یه‌دا په‌كه‌كه خۆی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و دواتریش هێزه‌كانی له باكوری كوردستان كشانده‌وه.
قەندیل پرێس